بەرزو پیرۆز بێت یادی مامۆستا و پێشەواو سەرۆك..

 

تۆمامۆستاوپێشەواو سەرۆکی...

تا ئەمڕۆ کەس نەیتوانیوە وەک تۆ وانەی گیان بەختکردن بڵێتەوەئەی مامۆستا،

تائەمڕۆ کەم پێشەوامان دی مەرگی بخاتە پێش مەرگی میللەت ئەی پێشەوا،

ئێوەسەرۆکی ئازاوبێ ڕکابەری کوردن..

نەک ئەوانەی ناوی سەرۆکیان لەخۆ ناوەولەبەرزاییەکان تەنها وتەنها بۆکورسی ئەجەنگن..

ئەی سەرۆک ..

پێشەوایەک بۆ هەمیشەلەبەرزیدا دەمێنێ..

قازی محەمەد کوڕی قازی عەلی، کوڕی میرزا قاسم قازییه، لە ساڵی 1900دا لەدایکبووە.
هەر لەسەرەتای لاوییەوە هەستی نیشتمانپەروەریی تێدا بەهێز بووە و گرنگییەکی زۆری بەخوێندنی زانستی کۆن و تازە داوە، و زۆر زوو لەم بارەیەوە پێگەیشتووە و زۆری هەوڵیداوە زمانی بێگانانیش فێربێت، جگە لە عەرەبی و فارسی لەگەڵ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی، تا ڕادەیەکیش ئاشنایەتی لە زمانی ڕووسیدا هەبووە.
بنەماڵەی سابڵاغ نەک بەتەنیا لەلای خەڵک، بەڵکوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی میریش، جێگەی ڕێز بوون. هەر بەبنەماڵە ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون.
لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا پیاوی وەک میرزا فەتتاحی قازییان لە بەرەنگاریی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسان لێ شەهید بوو، کوڕەلاوەکانیشی سالار و محەمەد بەدیل گیران و بۆ شوێنە دوورەکانی ڕووسیای ئەو کات، ڕەوانەکران و تا شۆڕشی ئۆکتۆبر هەر لەدیلیدا دابوون.https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/234/0004.JPG
قازی عەلی باوکی قازی محەمەد، لە 1930دا لە مەهاباد ڕێکخراوێکی کوردیی بەناوی بزووتنەوەی محەمەد پێکهێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پێوەندییان هەبوو، تا ساڵی 1934یش لەسەر ئەو کارەبەردەوام بووە.
قازی محەمەد زۆری حەز بەتێکەڵاوی لەگەڵ خەڵکی ناسراو و زانایانی زەمان و پیاو چاکان و کوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆک خێڵەکان هەبووە.
بەدوای فەوتی باوکیدا بووە بە قازیی شار. لەبەر ژیری زۆری بەکاری فەرهەنگی و بەرەو ژوور بردنی زانیاریی خەڵک، لەساڵەکانی بەر لە1941و دواتریش بۆ یەک دوو ساڵ بەرپرسایەتیی بەڕیوبەرایەتی فەرهەنگ و ئەوقافی شاری مەهابادی بەئەستۆوەگرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرهەنگی کردووەو لەکاتی بەرپرسایەتی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لەمەهاباد کراوەتەوە. هەر لەو پێوەندییەشدا لەگەڵ زۆربەی خوێندکاران، ڕۆشنبیران و مامۆستاکان زۆر نزیک بووە.
قازی محەمەد ڕێزی تایبەتیی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ ک هەبووە. لە چەند ساڵ دەورەی بێ میریشدا، واتا لە ساڵی 1941 وەتا 1945دا، ئەو ساتەی کۆماری کوردستان پێکهاتووە، بەڕێوبەرایەتی ئەو لەبەڕێوەچوونی کاروبارەکان داوه، بەتایبەتی لەچارەسەرکردنی کێشەکانی خێڵی نەقشی. زۆر لەدامەزرێنەرانی ژ ک گفتوگۆ و ڕاپرسیان لەگەڵ کردووە و زۆریان خۆشویستوەو گەلێکیان هەوڵ لەگەڵ داوه، تا ببێتەئەندامی ژ ک. زۆر لەگرێوگۆڵی کاری ڕۆژانەی خەڵک لەدیوانی ئەودا، ئەوەی مەحکەمەیان ناوبردووە، کراونەوە.
قازی لەڕوانگەی نوێنەرانی بێگانەشەوە، ئەوانەی ئەو کات ئێرانیان لەنێو خۆیاندا دابەشکرد بوو، ڕێزی تایبەتیی هەبووە. هەر کەس چۆتە مەهاباد تێکۆشاوەبەر لە هەموو کەس چاوی بەناوبراو بکەوێت. بانگکرانی بۆ سۆڤیەت هەر لەم پێوەندییەدا بووە، کەلەگەڵ دەستەیەکی گەورەچۆتەباکۆ.
قازی محەمەد کەبوو بەئەندامی کۆمەڵەی ژ ک و ناوی نهێنیی بینایی بۆ دانرا، ئومێدێکی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵک داهێنانی کرد. لەئاکامی دەرکی بەکاتی و لێهاتووی ڕامیاری ئەو و بەڕەزامەندی گەیشتنی بەرپرسانی کۆمەڵەدا بوو، کەژ ک بوو بە حزبی دێموکراتی کوردستان و وەک پارتێکی دیموکرات و پێشکەوتوو دەستی بەتێکۆشان کرد.
قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی، ئەوەی بۆ ژ کی هەبوو، بناغەی دامەزرانی پارتی دیموکراتیشی هەر بە 25ی گەلاوێژ بنچینەی دامەزرانی ژ ک دانا.
پارت زۆر بەتوندی پەلوپۆی هاویشت و تێکۆشانی لە هەموو ناوچەی ئازادی کوردستاندا پەرەی سەند. قەیرانی بەزۆر لکاندنی کوردستانی بەئازەربایجانەوەچارەسەر کرد و ناچاری کردن لێکدانەوەی جیاواز بۆ کوردستان بکەن. بەدوای بەستنی یەکەم کۆنگرەدا، 1946-03-30دا بەبەشداریی نوێنەری پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفای بارزانی و سەرۆک خێڵەکان و نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان پێکهاتنی یەکەم کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند.
ئەگەر تا ئەودەم جارجار لەرۆژنامەی کوردستاندا بەناوی پێشەوا باسی لێدەکرا، لەدوای دامەزرانی کۆمارەوە بەشێوەی ئاشکرا نازناوی پێشەوایی پێبەخشراو ئەو ناوەتا ئێستاش لەنێو کۆڕوکۆمەڵی خەڵکدا هەر باوە.
کاتێک پێشەوا لەلایەن قوام السلطنەبۆ تاران بانگهێشت دەکرێ و لە ڕێکەوتی 28ی کانوونی یەکەمی 1946دا دەچێتەتاران، لەلایەن ژمارەیەک لەشالیاران، نوێنەرانی پارلمان و نوێنەری کوردەکانی تاران و نوێنەری پارتەکان و یەکێتی کرێکاران لەفڕۆکەخانەپێشوازیی لێدەکرێت.
ڕۆژنامەی ایران ما هەر ئەوکات دەنووسێت: ئێستا قازی محەمەد لەتارانە و ئازادیخوازان چاویان پێکەوتووە. دەردەکەوێت، کەبیروڕای ئەو فەرمانڕەوایانی ئازادی و دیموکراسیەت لەتەواوی ئێران دایە و مافی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و مرۆڤایەتی بۆ نەتەوەی کوردیش لەگۆڕێدایە. هەر کارێکی بەسوودی دیموکراسیەت بێلایەن پێشەوای کوردستانەوە بەدڵەوە پێشوازی لێدەکرێت. هیوادارین بەڕێزی قەوام لەو گەشتە مێژووییە کەڵک وەرگرێت.
ئەو لەکاتی ماڵاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا دەڵێ: من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و هیچ کات وەک پێشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم، تا وڵاتەکەم لەخوێندا شەڵاڵ بێت و هەزاران کەس بەکوشت بچن.
پێشەواو هاوڕێیانی ئەوەندەی لە ماوەی یازدەمانگی کۆماردا هەوڵیاندا، هەر ئەوەندەش لەو دادگا فەرمایشییانەی بۆ موحاکەمەکردنیان داندرا بوو، لەخۆبردوویی و ئازایەتییان لەخۆیان نیشان داوە.
لەبەرەبەیانی 1947.03.30دا پێشەوا قازی، حەمەحسێن خان سەیفی قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدری قازی (برای پێشەوا) بەدوای فەرماندران لەدوو دادگای نایاساییە و فەرمایشیدا بەدەستی چەپەڵی دوژمنانی گەلی کورد لە چوارچرای شاری مەهاباد، واتا هەر لەو شوێنەی 1946-01-22دا کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیەنرابوو، لەسێدارەدران و شەهیدکران و هەر ئەو ڕۆژەلەسەر شان و پیلی خەڵکی مەهاباد لەگۆرستانی مەلا جامی بەخاک سپێردران.
قازی محەمەد لەپای سێدارەدانی ڕێگای نەدا چاوی ببەستن و پەیڤی: حەز دەکەم لەدواهەمین چرکەی ژیانیشمدا بەسەربەرزی و چاوی کراوە وە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم

 

سەرچاوە: کوردیپێدیا