كەركوك ناو
بەدواداچونێكی ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، دەبێتە براوەی خەڵاتی سێیەم لەنێو چەندین بابەتی دیكەی رۆژنامەوانیدا، ئەوەش لە پێشبڕكێی ساڵانەی رادیۆی دەنگ بۆ باشترین راپۆرتی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ.
هەشتەمین وەرزی پێشبڕكێی تایبەت بە باشترین راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2023ـدا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 15ـی كانونی یهكهم لە مەراسیمێكدا لە قەزای كەلار ئەنجامەكەی ئاشكراكرا و هەریەك لە براوەكانی یەكەم، دووەم و سێیەم خەڵاتكران.
عەمار عەزیز، پەیامنێری (كەركوك ناو)، بوو بە براوەی سێیەمی ئەو پێشبڕكێیە لەڕێی بەدواداچونێكەوە بەناونیشانی (دەخیل گەیشتەوە بە مەعشوقەكەی؛ چیرۆكی ئەو خۆشەویستییەی بەرگەی داعش و نۆ ساڵ دابڕانی گرت)، كە حوزەیرانی ئەمساڵ بڵاوكراوەتەوە.
بەدواداچونەكە دەربارەی رزگاركردن و گەڕانەوەی ژنە رفێنراوێكی ئێزیدییە بۆ كەمپەكانی ئاوارەیی لە هەرێمی كوردستان، كە چیرۆكەكە بەگێڕانەوەی چەندین ساڵ لە ژیانی دیلیەتی و ئازارەكانی ژێر دەستی داعش دەستپێدەكات، تا لە كۆتاییدا دەگاتەوە بە هاوسەرەكەیی و كۆتایی بە نۆ ساڵ لە چاوەڕوانی دێت، جارێكیتر پێكەوە ئاهەنگی هاوسەرگیریی دەكەن.
خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێیەكە بەخشرا بە دیار جەمال، بە راپۆرتێكی ڤیدیۆیی لە كەناڵی كوردستان24 و خەڵاتی دووەم بۆ ئالان نەجمەدین بوو، بە راپۆرتێك لە ماڵپەڕی درەو میدیا.
ئازاد عوسمان، بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ كە سەرپەرشتی پێشبڕكێیەكە دەكەن، بە (كەركوك ناو)ـی وت "جیاوازی پێشبڕكێیەكەی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی رابردودا ئەوەبوو، ژمارەی راپۆرتە پێشكەشكراوەكان، بە راپۆرتی نوسین و ڤیدیۆییشەوە زیاتر بوون".
پێشبڕكێی رۆژنامەوانی مافەكانی مرۆڤ هەشت ساڵە بەردەوامە و لهمساڵدا 37 رۆژنامەنوس چونەتە پێشبڕكێیەكەوە، لە نێویاندا 10 خانمە رۆژنامەنوس هەبون و لە كۆی راپۆرتەكانیشدا 22 راپۆرتی نوسین و 15 راپۆرتی ڤیدیۆیی تێدابوو، كە لیژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕی رۆژنامەوانی هەڵسەنگاندنیان بۆ راپۆرتەكان كردووە و سێ براوەیان هەڵبژاردووە.
ئازاد عوسمان دەڵێت ئەمساڵ پێش پێشبڕكێیەكە راپرسییان ئەنجامداوە، تا راو بۆچونی رۆژنامەنوسان وەربگرن و بڕیاربدەن پێشبڕكێیەكە بەردەوامبێت یان نا، بەڵام هەموان داوای بەردەوامییان كردووە.
پیشبڕكێیەكە لەلایەن رادیۆی دەنگ -رادیۆیەكی سەربەخۆیە لە شاری كەلار- بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسیی NED رێكخرابوو -كە دامەزراوەیەكی قازانج نەویستە و ساڵی 1983 دامەزراوە، ئامانجی سەرەكی گەشەپێدانی دیموكراسییە لە سەرتاسەری جیهاند-.
پێشتریش راپۆرت و بەدواداچونەكانی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) بۆ ساڵانی 2017، 2019 و 2020 و 2021 و 2022 توانیویانە ببنە براوەی خەڵاتەكانی یەكەم تا سێیەم، له ههمان پێشبڕكێی باشترین راپۆرتەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ.
ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، لە ساڵی 2020ـیشدا توانی خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەکردوو بەدەستبهێنێت، لە پێشبڕكێیەكی رێكخراوی ئینتەرنیوز-ـی نێودەوڵەتی بۆ ئەو دەزگا راگەیاندنانەی عیراق، كە بایەخیان بە روماڵی پرسەکانی ژن و پرسە جێندەرییەکانی کۆمەڵگە داوە.
(كەركوك ناو) ماڵپەڕێكی ئەلكترۆنیی هەواڵییە، بایەخ بە بڵاوكردنەوەی ئەو رووداو و بابەتانە دەدات كە لە سنووری جوگرافیی "ناوچەی جێناكۆك"ـدا ڕوودەدەن، یان پەیوەندییان بەو سنورە جوگرافییەوە هەیە، ئەمەش بە ئاڕاستەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەم سنورەدا و ئاسانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی.
لە ساڵی 2011ـدا ماڵپەڕی (كەركوك ناو) دامەزراوە و بابەتەكانی بە چوار زمانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و ئینگلیزی بڵاودەكاتەوە.
سەرچاوە : کەرکوک ناو