رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەمە فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان)ـە و بە کۆنسێرتێکی عەلیرەزا قوربانی، هونەرمەندی ئێرانیی کۆتایی بە چالاکییەکانی دێت.
کاژێر 7ـی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 11ـی ئەیلوولی 2023 کۆنسێرتی گرووپی میرازی باکووری کوردستان لە شانۆی رۆمانی بەڕێوەدەچێت و چەند بەرهەمێک بە زمانی کوردی و تورکی پێشکێش دەکەن، کاژێر 8ـی ئێوارە، خەڵات بەسەر ژمارەیەک هونەرمەند دابەش دەکرێت.
گۆران عەلی کەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فێستیڤاڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خەڵاتەکە پێشبڕکێی فێستیڤاڵ نییە، بەڵکو ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و هونەرمەندی عەرەبی عێراق خەڵات دەکرێن و رێزیان لێدەنرێت.
لە دوای خەڵاتکردنەکە، عەلیرەز قوربانی، کۆنسێرتێکی سونەتی ئێرانی پێشکێش دەکات و فێستیڤاڵەکە کۆتایی دێت.عەلیرەزا قوربانی، بەهۆی دەنگخۆشییەکەیەوە سەرەتا قوڕئانخوێن بووە، دواتر رووی لە هونەری گۆرانیگوتن کردووە، لە چەندین فێستیڤاڵی گرنگی میوزیکدا لە سەرتاسەری جیهاندا بەشداربووە، لە 1999ـەوە گۆرانیبێژی سەرەکیی ئۆرکێسترای نەتەوەیی ئێرانە و خاەنی چەندین ئەلبوومە.
شەوی ، 10ـی ئەیلوولی 2023، گرووپی مۆسیقای سلێمانی، هونەرمەند هەژار زەهاوی و گرووپەکەی و تیپی میوزیکی تەکاتی سووریا کۆنسێرتیان لە شانۆی رۆمانی سازکرد و بە هەزاران خەڵک ئامادەبوون.
لە 9ـی ئەیلوولی 2023، جگە لە کۆنسێرتی گرووپی میوزیکی رەستاک بەڕێوەچوو، گرووپی میوزیکی خانمانی هارای و عەلیم قاسیمۆڤ و فەرغانە قاسیمۆڤا، هەردوو هونەرمەندی ئازەربێجانی کۆنسێرتیان پێشکێشکرد.
ئێوارەی رۆژی شەممە کە دووەم رۆژی یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) بوو، تێیدا گرووپی رەستاک کۆنسێرتێکی پێشکێشکرد.
ئەو گرووپە میوزیکییە کە زیاتر لە 25 ساڵە چالاکی هەیە، یەکەمجار نییە کۆنسێرت لە کوردستان سازدەکات، پێشتریش کۆنسێرتی دیکەی لە هەولێر هەبووە.
ئەندامانی ئەو گرووپیە میوزیکییە لە نەتەوە جیا جیاکانن و بەرهەم بە زمانی کوردی، فارسی و زمانی دیکە پێشکێش دەکەن.
رۆژی هەینی 8ـی ئەیلوولی 2023 بە کۆنسێرتێکی گرووپی کیژانی سلێمانی، چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) دەستیپێکرد و یەکەم بەرهەم کە پێشکێشیان کرد، گۆرانیی 'خوایە وەتەن ئاواکەی' بوو و بە هەزاران کەس لە شانۆی رۆمانی ئامادەبوون.
دواتر پەروین چەکار، ئۆپێرابێژی کورد چەند بەرهەمێکی ئۆپێرایی بە زمانی کوردی و ئیتاڵی بە ژەنینی هەردوو ئامێری پیانۆ و دودوک پێشکێش کرد.
چاکار لە کۆنسێرتەکەدا بەرهەمێکی لەبارەی قوربانیانی هەڵەبجە پێشکێش کرد، هەروها شیعری هەردوو شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو پێشکێش کران.
تیپی نیشتمانی بۆ میوزیکی کولتووری عێراقی بە رابەرایەتیی عەلا مەجید، میوزسیانی عێراقی و بە میوانداریی هونەرمەند سەعدوون جابر و بەشداری ژمارەیەک گۆرانیبێژی دیکەی عێراقی، چەند بەرهەمێکیان پێشکێشکرد.
یەکێک لە بەرهەمەکانی پێشکێشکرا، پارجە میوزیکێکی میوزسیان نەسیر شەممە بوو کە خۆیشی لە نێو ئامادەبووانی فێستیڤاڵ بوو.
دوێنێ شەممە 10ـی ئەیلولی 2023 چەند پانێڵێکی هونەری بەڕێوەچوون و سەرەتا گوتەی پێشەکی و بەخێرهاتن لەلایەن د. بروس فێرگسن، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی پێشکێشکرا و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دیدارەکە بوو.
دیدارەکە رۆژی یەکشەممە 10ـی ئەیلولی 2023 بە ناونیشانی "ئاوازی رۆژهەڵات: ریشەی هاوبەش و هەمەڕەنگیی میوزیکی بیانی" لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
یەکەم پانێلی دیدارەکە کە عەلیم قاسمۆڤ تێیدا بەشداربوو و لەلایەن هونەرمەند هەژار زەهاوی بەڕێوەبردرا، گفتوگۆ لەبارەی ئەوەوە کرا کە چۆن میوزیک دەتوانێت بگاتە گوێگرانی نێودەوڵەتی؟ هاوکات چۆن کولتوورە جیاوازەکان لە رێگەی میوزیکەوە پێکەوە ببەسترێنەوە.
هەژار زەهاوی لە پانێڵەکەدا گوتی، ئێوە وەک بولبوولی رۆژهەڵات ناسراون، عەلیم قاسمۆڤ لە وەڵامدا گوتی، لەو بەرپرسیاریەتییە ماندوو بووە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کاتی خۆی گوێی لە زۆر بەرهەم گرتووە لە رێگەی قەوان و کاسێتەوە، "ئەوکات بەرهەمەکان لە یەک دەچوون، ئەوەی لای من گرنگ بوو لە رۆحەوە دەچڕدران."
لەبارەی میوزیکی کوردییەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، میوزیکی کوردی و ئازەربایجان لە یەک ناوچەن و بێگومان کاریگەرییان بەسەر یەکەوە دەبێت. "ئێوارە لەنێو ئۆتۆمبێل بووم لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح گوێم لە گۆرانییەکی کوردی بوو و زۆر کاریگەری لەسەرم هەبووە و میوزیکەکەی زۆر جوان بوو."
لە دیداری سلێمانی بۆ کولتوور و هونەر، عەلیم قاسیمۆڤ، هونەرمەندی ناسراوی ئازەربایجان گۆرانی پێشکێشکرد و گوتی، لە بەرپرسیاریەتی ئەوەی کە وەک بولبوولی رۆژهەڵات ناسراوە، ماندوو بووە.
لەبارەی کاریگەری میوزیکی رووسی لەسەر میوزیکی ئازەربایجان، روونیکردەوە، ئەو پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام میوزیکی رووسی کاریگەری لەسەر میوزیکی وڵاتەکەی هەبووە.
هەر لە دیدارەکەدا پانێڵی هونەرمەند نەسیر شەممە، هونەرمەند عەلا مەجید، هونەرمەند گۆران کامیل، هونەرمەند پەرڤین چاکار و هونەرمەند نەجات ئەمین لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی هونەر دەکەن کە لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە عێراق ناوەندی کەشکۆڵ بۆ هونەر و کولتوور سازکراوە.
فێستیڤاڵەکە لە 8 ئەیلوولی 2023 لە سلێمانی دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی ئەیلوولیکۆتایی دێت و چەندین کۆنسێرت و پانێڵی تایبەت بە هونەر لەخۆدەگرێت و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی فراوانی بۆ دەکات..
سەرچاوە : ڕوداو