بیرهێنانەوەی پێشبینینەکانی ساڵح موسلیم :کاتێ له‌ رێگه‌ی خه‌ندانه‌وه‌ په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی پارتی، یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی هه‌رێم کرد!

ساڵح موسلیم

ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) رایگه‌یاند، لە رۆژئاڤای کوردستان شەڕە، شەڕێکی بەردەوامە و لە ڕێگەی درۆن و تۆپبارانەوە هه‌موان ده‌كرێنه‌ ئامانج، تورکیا نایەوێت هێرشی زەمینی ئەنجامبدات، چونکە دەزانێت زیانێکی گەورە ده‌كات، نەتەوە یەکگرتوەکانیش ئاگاداری دۆخەکەیه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستی نیه‌، ده‌شڵێت، "له‌ رێگه‌ی ئێوه‌وه‌ بانگەوازێكی بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی ئاڕاسته‌ی گه‌لی باشور و یه‌كێتی و پارتی و هه‌مو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ین، پێویستە بزانرێت ئەو دوژمنەی ئەمڕۆ هێرش دەکاتە سەرمان دوژمنی ئێمەیە، باشور و رۆژئاڤا ئامانجی ئەوانه‌".

ساڵح موسلیم له‌میانی گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان له‌باره‌ی دۆخی رۆژئاڤای كوردستان، رایگه‌یاند، "ئێستا دەتوانین بڵێین لە رۆژئاڤای کوردستان شەڕە، شەڕێکی بەردەوامە و لە ڕێگەی درۆن و تۆپبارانەوە گەلی سڤیل، شەڕڤان و سوپا دەکرێنە ئامانج، لە دوایین هێرشدا چوار کەس شەهیدبون، کە منداڵیان تیادایە و 11 کەسی دیکەش برینداربون، هێرشەکانی تورکیا بەردەوامە و کۆتاییان نەهاتوە، تورکیا لە هێڵی شەهبا و تەلڕەفعەت و گوندی مەنبجەوە بەردەوام توپباران دەکات، تەنها ئەوەیە لەشکری خۆی نەهێناوەتە ئەو ناوچانە وەکو تر لەڕێگەی درۆنەوە بەردەوام چاودێری دەکات و هێرش دەکات، ئێمەش هەندێجار بەرپەرچی هێرشەکان دەدەینەوە، وەکو دەزانن لە وەڵامی ئێمەدا ژمارەیەک لە لەشکری ئەوان کوژران، واتا رۆژانە شەڕ هەیە لەنێوانمان و هەتا ئێستاش ئێمەش شەهید و بریندارمان هەیە".

تورکیا ناخوازێت کورد و هیچ پڕۆژەیەکی کوردی هەبێت بۆیە پیلانی بەرفراوانی هەیە و لە مێژە کاری لەسەر دەکات

ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا پیلانی خۆی هەیە کە هێرشدەکاتە سەر رۆژئاڤا، پیلانی ئەوەیە کە کوردستان لەناوببات، نەک تەنها لە رۆژئاڤا بەڵکو لە باشورو هەر شوێنێک کە کوردی لێبێت دەیەوێت کورد لەناوببات و کۆچبەر ببن و لە شوێنەکانی خۆیان نەمێنن و گوند و شارەکانی خۆیان بەجێبێڵن یاخود بمرن یان تەسلیمببن، بە کوردی حەز بە کورد ناکات بۆیە ئەوکارەی لە رۆژئاڤا دەیکات لەو چوارچێوەیەدایە چونکە کورد دەستی بە خۆڕێکخستن کردوەو کیانێکی دروستکردوە و سیستەمێکی بۆ بەڕێوەبردنی خۆی داناوە و لە چوارچێوەیەدا عەرەب و سریانی پێکەوە دەژین و دەرفەتی ژیانی بۆ هەموان رەخساندوە و سیستەمێکی دیموکراتی داناوە، بۆیە تورکیا ناخوازێت کورد و هیچ پڕۆژەیەکی کوردی هەبێت بۆیە پیلانی بەرفراوانی هەیە و لە مێژە کاری لەسەر دەکات و ماوەی حەوت ساڵە دژی رۆژئاڤا ئەنجامیدەدات.

تورکیا بۆی گرنگ نییە کێ دەکوژرێت و هیچ رەحمێک ناکات

ساڵح موسلیم باسی له‌وه‌شكرد، "بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی سڤیل شەهیدبون و برینداربون، تائێستا زیاتر لە 20 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەوە شەهیدبون دەیان کەسیش برینداربون، هێزی پاراستنیش شەهید و برینداریان هەیە کە پێکهاتون لە هێزەکانی هەسەدەوە یەپەژە، تەنانەت سوپای سوریاش لە هێرشەکەی سێ رۆژ لەمەوبەردا 16 سەربازیان شەهیدبون، تورکیا بۆی گرنگ نییە کێ دەکوژرێت و هیچ رەحمێک ناکات".

 نەتەوە یەکگرتوەکان ته‌نها داواكاری ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرێت تاوه‌كو هه‌ڵوێستی فه‌رمیی رابگەیەنن، داواکاری ئیدارەی خۆسەر وەرناگرێت

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەوان ناڕەزایەتیان نەگەیاندوە بە نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش تاوەکو فشار بکەن بۆ ئەوەی تورکیا هێرشەکانی رابگرێت، ساڵح موسلیم وتی، "له‌ نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش پێویسته‌ دەوڵەت سكاڵا تۆماربكات، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ ڕێگه‌ی به‌یاننامه‌ و راپۆرته‌وه‌ داواکاری و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانمان به‌وان بگه‌یه‌نین، هەروەها نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە قامیشلۆ هەیە، نزیكەی 10 رۆژە كۆمەڵێك دایكی ئاشتی و دایكی شەهیدان خێمەی (نیگەرانی)یان لە بەردەمیان داناوە، داواکاری ئەو دایکانە بۆ گەیاندنی پەیامی وەڵامدانەوەیه‌ په‌یوه‌ست بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، نەتەوە یەکگرتوەکان ئاگاداری دۆخەکە و ئەو ڕوداوانەیە کە ڕۆژانە ڕودەدەن، بەڵام ته‌نها داواكاری ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرێت تاوه‌كو هه‌ڵوێستی فه‌رمیی رابگەیەنن، داواکاری ئیدارەی خۆسەر وەرناگرێت، دەڵێن دەبێت دەوڵەت داواکاری پێشکەش بکات".

ئەو هێرشەی توركیا كردیه‌ سه‌ر زاخۆ، هەرێم نەیتوانی بچێتە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە و سكاڵا تۆمار بكات، عێراق سكاڵای تۆماركرد

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "هیچ دەوڵەتێک نییە کە پشتیوانی لە کورد بکات لە دژی دەوڵەتی تورکیا، بۆ نمونە ئەو هێرشەی توركیا كردیه‌ سه‌ر زاخۆ، هەرێمی كوردستان نەیتوانی بچێتە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە و سكاڵا تۆمار بكات، عێراق سكاڵای تۆماركرد، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق نه‌بوایە ئه‌م ڕوداوه‌ وه‌ک زۆرێک له‌ کۆمەڵکوژییه‌کانی دیکه‌ی باشور له‌ کارنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کاندا نه‌ده‌بو، بەڵام ئەمجارەیان وەزارەتی دەرەوەی عێراق خستیە بەرنامەی کاریه‌وه‌ و گفتوگۆی لەسەرکرا، بێگومان ئەم دۆخە لە بەرژەوەندی تورکیایە، خەڵک دەکوژن، داگیركاری دەکەن و زۆر کار دەکەن، کەس نییە بتوانێت تەرازوەکە به‌لای كورددا بشكێنێته‌وه‌".

هەمیشە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و روسیامان لە هێرشەکانی سەر ئێمە و سەربازانی سوریا ئاگادارکردوەتەوە

په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵوێست و رۆڵی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش، ساڵح موسلیم وتی، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خۆی لێرەیە و لە دۆخەکە ئاگادار کراوەته‌وه‌، دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بە بەیاننامەیەک ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد كه‌ كرایه‌ سه‌ر حه‌سه‌كه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س شه‌هیدبون، ڕۆژانە ئەو زانیاریانەیان پێده‌گات، بەڵام وەک وتم کەس لە دژی تورکیا دەنگی بەرزناکاتەوە، تاوه‌كو پێیان بڵێت بوەستن، ئێمە هەمیشە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و روسیامان لە هێرشەکانی سەر ئێمە و سەربازانی سوریا ئاگادارکردوەتەوە، هەمو شتێک دەزانن و لەبەر چاویان ڕودەدات".

تورکیا نایەوێت هێرشی زەمینی ئەنجامبدات، چونکە دەزانێت زیانێکی گەورە ده‌كات

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا چاوه‌ڕوانكراوه‌، توركیا ئێستا هێرش بكاته‌ سه‌ر رۆژئاڤای كوردستان، هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ وتی، "پێموایە تورکیا نایەوێت هێرشی زەمینی ئەنجامبدات، چونکە دەزانێت زیانێکی گەورە ده‌كات، بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی زه‌مینی، هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌بێت ئاسمان بۆ فڕۆكه‌ی جه‌نگی توركیا بكه‌نه‌وه‌، ئەم هێزە نێودەوڵەتیانە تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان نەداوە، ئەگەر تورکیا تەنها له‌سه‌ر زه‌وی هێرشبكات به‌بێ پاڵپشتی ئاسمانی، ئێمە دەتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین و زیانێکی زۆری پێبگەیەنین، بەڵام وادیارە تا ئێستا نەتوانراوە هێرشی زەمینی ئەنجام بدرێت".

په‌یوه‌ست به‌ رێككه‌وتنی گفتوگۆكانی نێوانی ئیداره‌ی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا و حكومه‌تی دیمه‌شق، ساڵح موسلیم ده‌ڵێت، "تا ئێستا هیچ شتێک لە نێوان ئێمە و ئەوان لە ڕوی سیاسییەوە ڕوینەداوە، بەڵام لەڕوی ئەمنییەوە، لەچوارچێوەی رێككەوتنی ساڵی 2019 كە ئاگربەستمان واژۆ كردبو، بەشێك لە هێزەكانی سوریا لە ناوچەكە بۆ پاراستنی سنور زیادكراوە، بەڵام تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی سیاسی نەكراوە".

دیمەشق ئێمه‌ قبوڵ ناکات، پێمان دەڵێن تەسلیم بن، ئێمەش قبوڵی ناکەین

وتیشی، "دیمەشق ئێمه‌ قبوڵ ناکات، هێشتا له‌سه‌ر عەقڵی کۆنی خۆیەتی، پێمان دەڵێن تەسلیم بن، چۆن هەندێك شوێنی تر تەسلیم بون، ئەوان دەیانەوێت ئێمەش هەمان شت بکەین، بەڵام ئێمە قبوڵی ناکەین، ئێمە خەباتمان هەیە بۆ دیموکراسی و ماف و ئازادیەکان، حكومه‌تی دیمەشق ته‌نها ده‌ڵێت ته‌سلیم ببن ناڵێت با ڕازی بین، بەپێی تێگەیشتنی ئەوان چارەسەرەکان تەسلیم بونه‌، بەڵام ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، دیمەشق تەنیا نییە، به‌ڵكو گوێ لە ئێران و مۆسکۆ دەگرێت، ئەگەر تاران و مۆسکۆش قبوڵی نەکەن، ئەوانیش قبوڵی ناکەن، دیمەشق خۆی لاوازە".

بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا سەرەتا دەبێت زەمینەیەک بۆ کۆبونەوە و دیالۆگ دروست بکرێت

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا هیچ نێوه‌ندگیریه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا گفتوگۆ بكه‌ن و كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟، ساڵح موسلیم وتی، "نەخێر تا ئێستا هیچ شتێکی لەوجۆرە ڕوینەداوە، سەخته‌، بەهۆی عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانیی كه‌ داگیرکراوە، سەرەتا دەبێت زەمینەیەک بۆ کۆبونەوە و دیالۆگ دروست بکرێت، بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات، دەبێت هێزەکانی تورکیا لە سوریا و ناوچەکەمان بکشێنەوە، ئەگەر هێزەکانیان بکشێنەوە و نزیکه‌ 300 هەزار کەس لە ئاوارەکانمان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوا دەتوانین بڵێین کۆبونەوەیەک ئەگەری هەیە، دیالۆگ لەم دۆخەی ئێستادا مەحاڵە".

تورکیا لە باشور چەندین بنکەی هەیه‌ و لە رۆژئاڤا کە هێرش دەکەنە سەرمان، پێویسته‌ خه‌ڵك ناڕەزایی دەرببڕن

ساڵح موسلیم ده‌ڵێت، "ئێمه‌ چاوەڕێی ئەوە بوین گەلی ئێمە له‌ باشور دەنگیان بەرزبکەنەوە دژی ئەم دۆخەی ڕۆژئاڤا، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌كانیان تا ئێستا لاوازە، هیوادارین پێكه‌وه‌ دەنگمان بەرز بکەینەوە، داوای لە دەسەڵاتدارانمان بکەین دژی داگیركاری بوه‌ستنه‌وه‌، داوا دەکەین لە هەر شوێنێک کە بتوانن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و شوێنەکانی دیکە هەوڵی پێویست بۆ ڕۆژاڤا بدەن، ئێمه‌ به‌ هه‌نگاوی له‌وجۆره‌ دڵخۆش دەبین، ئێمە لە تەنیشت خەڵکی باشور وەستاوین، دەمانەوێت خەڵکی باشور لەگەڵمان بوەستن، تورکیا لە باشور چەندین بنکەی هەیه‌ و لە رۆژئاڤا کە هێرش دەکەنە سەرمان، پێویسته‌ خه‌ڵك ناڕەزایی دەرببڕن، پێویستە دەنگیان لە دژی هێزه‌كانی توركیا بەرز بکەنەوە و بڵێن ئێوە لە سوریا شەڕ دەکەن، ده‌تانه‌وێت چیمان لەگەڵ بکەن؟ پێویستە گەلی باشورمان لەدژی ئەم کارانەی تورکیا چالاک بێت".

له‌ رێگه‌ی ئێوه‌وه‌ بانگەوازێكی بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی ئاڕاسته‌ی گه‌لی باشور و یه‌كێتی و پارتی و هه‌مو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ین

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ رونیكرده‌وه‌، "له‌ رێگه‌ی ئێوه‌وه‌ بانگەوازێكی بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی ئاڕاسته‌ی گه‌لی باشور و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌مو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ین، پێویستە بزانرێت ئەو دوژمنەی ئەمڕۆ هێرش دەکاتە سەرمان دوژمنی ئێمەیە، باشور و ڕۆژئاڤاش ئامانجی ئەوانن، ئامانجیان لەناوبردنی گەلی کوردە، پێویستە یەکڕیزی خۆمان پێکبهێنین و پشتیوانی یەکتر بکەین".

 

ئامادەکردنی :هەڤاڵ محەمەد

سەرچاوە : خەندان