شانیا محەمەد
بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسیدا، بە مانا فراوانەکەی تەنها خۆ پاڵاوتن و دەنگدان ناگرێتەوە بەڵکو بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە لە دامودەزگا فەرمییەکانی هەر دەوڵەت و هەرێمیکدا، ئەوانیش دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەبەجێ کردن، دادوەری دەگرێتەوە.
سیاسەتکردن تەنها پەیوەست نیە بە ڕەگەزی پیاو، بەڵکو دیموکراسیەت وەک بەشێک لە سیاسەتدا لێردەا دەبنە گرێدراوی یەکتردا، بەشداریکردن لە کایەی سیاسیدا پێوستی بە هەردوو ڕەگەزی (مێ و نێر) هەیە، هەردوو لا بە یەکسانی دەتوانن لە هەر بەشێکی دەوڵەتد و سیاسەتکردندا داهێنان بکەن و وە توانای بەڕێوەبردنی ئەرکەکەیان هەبێت بێ جیاوازی، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە ژنان لە هەموو ئاستەکانی بڕیاردان لە سەرانسەری جیهاندا نوێنەرایەتییەکی کەمیان هەیە و گەیشتن بە یەکسانی جێندەری لە ژیانی سیاسیدا زۆر دوورە, ڕێژەی تێکڕای ژنانی جیهان لە نوێنەرایەتی ١٦.٨%یە، گەلانی باکوور ئەو کۆمەڵە وڵاتانەن کە تاڕادەیەک پشکی زیاتریان لە نوێنەرایەتی ژنان لە دەسەڵاتی یاسادانان هەیە.وە هەروەها لە وەڵاتانی باکوور ژنانی پەرلەمانتار بە تێکڕا 41.5%ی دەسەڵاتی یاسادانان لە پێکدەهێنن،
بەڵام ژنان لە سەرانسەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA) تاڕادەیەک تازەهاتوونەتە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا، سەرەڕای ئەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە لە زۆربەی وڵاتانی مێنا مافی دەنگدان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە ژنان دەدرا، بەڵام ناوچەکە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بوو لە هەبوونی یەکێک لە کەمترین ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە دەسەڵاتە یاسادانانی نیشتمانی لە سەرانسەری جیهاندا، دوای ڕاپەڕینەکانی عەرەب، لە دەیەی ڕابردوودا شایەتی زیادبوونی گرنگیدانی زانستی بە داینامیکی نوێنەرایەتی سیاسی ژنان بووە. شایانی باسە کە تا سەرەتای ڕاپەڕینەکان بوو کە بەشداری سیاسی ژنان لە دەسەڵاتە یاسادانانی نیشتمانیدا ڕێژەی لەسەدا ١٠ی تێپەڕاند.
لە ئێستادا ژنان بە تێکڕا لەسەدا ١٧ی ئەندامێتی پەرلەمانەکانی ناوچەکە پێکدەهێنن. نوێنەرایەتی ژنان لە عیراقدا بە پێی دەستووری عێراق، کەمترین نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەران دیاری کراوە کە لە ٢٥% کەمتر نەبێت، بەڵام سیستەمی پشکەکان و ئەو ڕێژەیەی کە دەستوور پێشنیاری کردووە ڕێوشوێنی بەس نین بۆ دروستکردنی نوێنەرایەتییەکی ماناداری ژنان، بەو پێیەی کە بە کردەوە مەحاڵە هیچ ژنێک لە دەرەوەی پشکەکان کورسی پیاوێک بەدەستبهێنێت.
چونکە زۆربەی ناوچەکانی هەڵبژاردن کارەکتەری خێڵ یان حزبییان هەیە، دەنگدەران پێیان باشە پشتگیری پیاوانی خێڵەکەیان بکەن، پرۆسەی کۆکردنەوەی پشتیوانی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا- جا لە پارێزگا گەورە و جۆراوجۆرەکان بێت یان ناوچە بچووکە ناوخۆییەکان- زۆر قورسە بۆ ژنان سەرەڕای سیستەمی پشکی جێندەری وڵات , سروشتی کۆمەڵگەی پیاوئاڕاستەکراو لە عێراقدا، بەشداریکردنی گشتی ژنانی لە سنوورێکی تەسکدا پێناسە کردووە و چوارچێوەی بۆ داناوە.
ژنان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددایانەی کە ڕێگری لە بەشداری سیاسییان دەکەن بە گشتی، و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن و ژیانی پەرلەمانیدا بەتایبەتی. لە ئێستادا تەنانەت ئەگەر پشکی جێندەریش هەبێت، نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەماندا لەگەڵ ڕێژەی ژنان لە دانیشتوانی عێراقدا ناگونجێت کە نزیکەی 50%یە. بە پێی ڕاپۆرتێکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) بڵاوکردەوەتەوە کە تێیدا عێراق پلەی حەفتاهەمی جیهانی بەدەستهێنا لە ڕووی نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە پەرلەمان.
جگە لەوەش، لە کاتێکدا ژنان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەندێک پۆستی بڕیاردانیان لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە، بەڵام هێشتا ژنان هیچ پۆستێکی گرنگی ڕاستەقینەی سەرۆکایەتی یان جێبەجێکردنیان لەوێ نەبووە. نوێنەرایەتی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا دوای ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ١٩٩١، سەرکردە سیاسییەکان بیرۆکەکانیان سەبارەت بە دیموکراسی و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک بەکارهێنا بۆ چەسپاندنی شەرعیەت بۆ حوکمڕانی خۆیان، هەندێکیان بەڕاستی باوەڕیان بە هێز و وزەی ژنان هەبوو، ئەوان دۆزی ژنانیان وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی دەبینی نەک وەک پرسێکی سیاسی، و تێگەیشتن کە گەیشتن بە یەکسانی جێندەری کات دەوێت.
ئەوان ئامادە بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەقڵیەتەی کە وەک هاووڵاتی پلە دوو و ژێردەستەی پیاوان مامەڵەی لەگەڵ ژنان دەکرد. ئەوان تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون- بەڵام بەداخەوە، ئەمە تا ڕادەی خوازراو بەدوادا نەهات و لە کۆتاییدا لایەنە سیاسییەکان مافەکانی ژنانیان خستە پشت پرسەکانی دیکەوە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005، سیستمی كۆتای ژنان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراودا ئاماژە بە دیاریكردنی رێژەیەك بۆ ژنان دەكات كە لە سەدا 30ی كەمتر نەبێت. وە بەشداری ژنان بە درێژایی پێنج خولی پەرلەماندا بریتین لە:
-لە خولی یەكەمی پەرلەماندا شەش ژنو 99 پیاو پەرلەمانتار بوون, خولی دووەم 27 ژن و 84 پیاو پەرلەمانتار بوون، خولی سێیەم 39 ژن و 72 پیاو پەرلەمانتار بوون، خولی چوارەم 34 ژن و 77 پیاو پەرلەمانتار بوون، خولی پێنجەم 34 ژن و 77 پیاو پەرلەمانتاربوون. نزیکترین داتا لێمانەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆی گشتی دەنگی شەش قەوارەی سەرەكی، "پارتی، یەكێتی، گۆڕان، بەرەو ئیسڵاح، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، یەك ملیۆنو 508هەزارو 928 دەنگ بووە، لەو رێژەیەش 272 هەزارو 892 دەنگ بەر ژنان كەوتووە، كە رێژەی لە15% كۆی دەنگەكان دەكات.
بە گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ژنان کەمترین دەنگ بەدەست دەهێن وە کەمترین نوێنەرایەتیان هەیە، هەموو داتاکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ڕێژەی دەنگی ژنان بە پێ خولی پەرلەمان تا دێت کەمتر دەبێتەوە ئەوەی بۆ چەندین هۆکاری ناوخۆیی دەگەڕێتەوە، هۆکارەکانی کەمترین ڕێژەی دەنگی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە:
- ١- کۆمەڵگای پیاو سالاری، چەندین سەدەیە لە کۆمەڵگای عێراق و کوردیدا پیاو باڵا دەستی پێدراوە لە گشت ئەرک و مافەکاندا، پیاو کراوە بە متمانە پێدەر لە لایەن واقع کۆمەڵگای دێرزەمانەوە، هەر ئەوە هۆکارەش وای کردووە پیاوان بە سیاسەت بکرێن و پۆستە باڵاکان وەک سەرۆکی دەوڵەت و هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان و دادگاکانی پێبدرێت. ئەوەش وادەکات ژنان ڕێژەی دەنگ کەمتر لە پیاوان بەدەست بهێنن.
٢- کەلتوور و دابونەریت، بەهۆی بوونی سیستەمی پیاوسالاری گۆڕانکاری بەسەر کۆی پرۆسەکە دێت قۆناخ بە قۆناخ دەکرێت بە کەلتوور و دابوونەریت کە تەنها پیاو ئەو مافەی هەیە دەنگی زیاتر بەدەست بهینیت و پۆستی زیاتر بگرێتە دەست، چەندین ساڵە کە کەلتوور وایە پیاو ببیت بە بەشێک لە سیاسەتی دەڵەت بۆیە هاوڵاتی بە گشتی نایانەوێت واز لەو کەلتوورە بهێنن و ئەوەش وادەکات ژن دەنگ کەمتر بهێنێت.
٣- نەبوونی متمانە بە توانای ژن، لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی عێراق هەرێم هاوڵاتی بە هەردوو ڕەگەزەوە نەگەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە متمانە بە کاندیدە ژنەکان بکەن بۆ ئەوی ببنە ئەندام پەرلەمان یان ئەندام پارێزگا، بەگشتی بێ متمانەیی لە داهێنان و تواناکانی ژن وای کردووە دەنگی کەم بهێنێت.
٤- نەبوونی پشتگیری لەلایەن پارتەکانەوە بۆیان، پارتە سیاسیەکان کاتێک کاندیدەکان دێنە ناو پارتەکەیان ئەوا پارتەکان پشتگیری تەواوی کاندیدە ژنەکان ناکەن و بەلکو زیاتر بایەخ بە تواناکانی پیاوان دەدەن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
٥- نەبوونی یاسایەک یەکسان بێت لە نێوان ژن و پیاو بۆ کایەیی سیاسی، یاسای تایبەت بە هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان کەمترین ڕێژەی داناوە بۆ ژنان خۆی هەر لە یاساکەدا نا یەکسانی هەیە و هیچ باڵانس جێندەر نیە، ئەوەش وای کردووە کە ژنان کەمتر خۆیان بپاڵێون و کەمتریش بناسرێن.
٦- هۆشیاری دەنگدەر، یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکان نەبوونی هۆشیاری دەنگدەرە، سەبارەت بە کاندیدە ژنەکان و نەبوونی هۆشیاری ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەکان کار و چالاکیەکانی ژنان نابینن.
٧- بوونی عەشیرەتگەرایی، بێگوومان ڕاستیەک هەیە لە هەردوو کۆمەڵگا ئەویش عەشیرەتگەراییە وای کردووە گشتیان یەکێک لە پیاوانی خۆیان هەڵبژێرن و دەنگیان پێبدەن و ژنەکان ڕەفز بکەنەوە بەهۆی کاندیدی عەشیرەتەکەیانەوە.
٨- ڕاگەیاندنەکان و کەمتەرخەمیان بۆ ژنان، خاڵێکیتر کاتێک کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات کەناڵەکان و ڕاگەیەندکارەکان کەمتر بایەخ بە کاندیدە ژنەکان دەدەن ئەوەش وایکردووە کەمتر بناسرێن، لە ئەنجامدا دەنگی کەم دەهێنن.
٩- ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان، ئەم ناکۆکیانە هەر لە سەرەتای حکومرانی دوای ٢٠٠٣ و پێش ئەوکاتیش وایان کردووە، لە کاتی هەڵبژاردنەکان زۆر تەرکیز نەخرێتە سەر کاندیدە ژنەکان بەڵکو ئەوەندی بابەتی ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان بوونی دەبێت ، ئەوەندە ژنان دەرناکەون.
١٠ نەبوونی سەرکردەی ژن، هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە لە وەلاتی ئیمە ئەزموونی سەرکردایەتی ژنمان نیە هەر ئەوەش وایکردووە کە بەشداری ژن نەبێت بەکەلتوور و ژن متمانەی زۆر بە خۆی نەبێت یاخود کەمتر دەنگ بەدەست بهێنێت.
سەرچاوە سەنتەری میترۆ