بۆچی هاوڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵات نەماوە؟

 

به‌ناز حمه‌ ڕشید

کاتێک باس لە هاووڵاتیبون دەکرێت، هەموو پێناسەکانی هاووڵاتیبون جەخت دەکەنەوە لەوەی کە هاووڵاتیبون، ماف و ئەرکە بۆهاووڵاتی بەرامبەر بە نیشتمانەکەی، واتا دابینکردنی مافەکانی، وەک، بەشداریکردنی هاووڵاتی لەحکومڕانیدا، و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی، هەروەها فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و بونی دادپەروەری وخۆشگوزەرانی بۆ تاکەکان بێ جیاوازی، بەرامبەر بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە نیشتمانەکەی، وەکپابەندبون بەیاسا و بەرگریکردن لێی،، هەر وەک لەپێناسەکەیدا هاتووە: "هەستکردنە بە ئینتماو خۆشویستن و پەیوەستبون بە وڵات و نیشتمان و دەسەڵاتی سیاسی کە سەرچاوەن بۆ تێرکردنی پێداویستییەکانی تاک وپاراستنیان لەهەر هەڕەشەومەترسییەک بۆسەری"، یاخود، "چێژبینینی تاکە بەمافەکانی و پابەندبونە بەو ئەرکانەی لەسەرێتی بەرامبەر بە نیشیمانەکەی"..

کەواتە تێرکردنی پێداویستییەکانی تاک لەڕووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری پایەیەکی سەرەکی هاووڵاتیبونە، ئەگەر دەوڵەت لەو ئیلتزاماتەی لەسەرێتی لەبەدیهێنانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری شکست بێنێت ئەو کات هاووڵاتیبونیش شکست دەهێنێت، لەم کاتەشدا نەبونی سروشتییە ببێتەهۆی نەمانی هەستکردن بە هاووڵاتیبون و دواجاریش تاک هەڵناسێت بەو ئەرکانەی لەسەرێتی..

بۆیە کاتێک دەرچویەکی زانکۆ دەبینێت بەمەحسوبیەت و مەنسوبیەت دەرچویەکیتر بەبەرچاویەوە دادەمەزرێت و ئەویش دانامەزرێت، یاخود دەبینێت چەندین ساڵ خوێندویەتی و دواتر بێکارە و هەلی کاری دەستناکەوێت، و هەموو خەون و خەیاڵی بەفیڕۆ دەڕوات، ئیتر چۆن هاووڵاتیبون تیایدا بوونی دەبێت، یاخود، کاتێک کاسبکارێک دەبینێت هەموو ئەو هەوڵەی دەیدات بە باج و خەراج لێی دەسەندرێت ئیتر چۆن هاووڵاتیبون تیایدا بوونی دەبێت، بۆیە ئەویش ئەو هەقی باج وخەراجە دەخاتەوە سەر نرخی شتوومەکەکان و باری قوورس دەچێتەوە سەر شانی هاووڵاتی، یاخود، کاتێک مووچەخۆر دەبینێت بەبیانوی جۆراوجۆر چەندین مووچەی فەوتاوەو پێی نەدراوە و یاری بەقوتی خۆی و مناڵی دەکرێت و ژیانێکی شایستەی بۆفەراهەمنەکراوە ئیتر چۆن هاووڵاتیبون تیایدا بوونی دەبێت، کاتێک هاووڵاتی لەم هەرێمەدا غەدرو ناهەقییەکی زۆر دەبینێت و بەهۆی نەداری و هەژاری و نەتوانینی تێرکردنی پێداویستییەکانی ژیانی، چەندین کێشەی لەژیانیدا بۆ دروست دەبێت، ئەم کێشانە دەبنە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و دروستبوونی شەڕوئاژاوەی خێزانی تاڕادەی هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی خێزانی، ئیتر چۆن هاووڵاتیبوون تیایدا بوونی دەبێت..

هەربۆیە هاووڵاتی لەبەرامبەر ئەرکەکانیشدا تاکێکی ناچالاک دەردەچێت و ئەوەی دەسەڵات پێی دەڵێت جێبەجێیی ناکات، بۆ نموونە کاتێک حکومەت بە نانەواوسەمونخانەکانی ڕاگەیاند نرخ دابەزێنن، بەڵام ئەوان ئەسڵەن گاڵتەیان لێدەهات و کاریان پێنەکرد، هەروەها وەک چۆن کاتێک لەپڕ بەهای دراوی دۆلار بەرز دەبێتەوە فرۆشیارەکان دەیقۆزنەوە کاڵای کۆن بەنرخی بەرزی دۆلار دەفرۆشن، و شاردنەوەی شتومەک و پێداویستی لە هاووڵاتیان لەکاتی تەنگانەدا، یاخود نەدانی پارەی خزمەتگوزاری ئاوو کارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە بەرامبەر نەدانی ئەوموچەیەی کە موچەخۆر چەندین مانگ پێی نەدراوە، یاخود بەهۆی نەدانی موچەوە لەم بارودۆخە ناهەموارەی خەڵکی تیایدایە، کەچی نرخی کاڵا ڕۆژبەڕۆژ بەرزدەبێتەوە و هیچ هاوکارییەک نە لەلایەن حکومەتەوە نەلەلایەن هاووڵاتیان خۆیانەوە نابینرێت، هەموو ئەمانە دەرئەنبامی نەبونی خۆشەویستی و ئینتمایە لەنێوان حکومەت و هاووڵاتی لەلایەک، لەنێوان هاووڵاتیان خۆشیان لەلایەکیترەوە، بۆیە ئەوەی کەئێستا دەبینرێت سەیرنییە، تەنانەت یەکگرتووی لەنێوان چین وتوێژەکانیشدا بۆ داواکردنی مافەکان نییە، ئەوەندە خۆپەرستی و لەیەک دابڕان دروستبووە هەر چین و توێژێک هەوڵ بۆخۆی دەدات، بۆیە ئەم نموونانە بەڵگەن بۆ ئەوەی کە هاووڵاتی لەدۆڵێک بێت و حکومەت و دەسەڵاتدارانیش لەدۆڵێک بن، کاتێک هاووڵاتی هیچ خۆشەویستییەک لە حکومەتەوە نابینێت ئامادەنییە هیچ خۆشەویستی بدات.

سەرچاوە : میترۆ