بۆچی نابێت کوردو ئیسرائیل دۆست بن

 

لەتیف فاتیح

 

من نازانم چ بەربەستێک هەیە کە کوردو ئیسرائیل یان جولەکە دۆستی یەکتر بن، هەردوو لا لەسەردەمی جیاوازدا کوشت و بڕ کراون، چەوسێنراونەتەوە، پرشو بڵاو کراونەتەوە، بەدەر لەم خاڵە هاوبەشانە، ئەگەر بابەت گەلی فەلەستینی و ئەوستەمەیە کەلەوان دەکرێت، ئێ خۆ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لەگەرمەی وێرانکردنی غەزەدا پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل نەپساند، نەک ئەوەش تەنانەت دەزگا تەناهیەکانی سعودیە، ئەردەن، میسرو شوێنگەلی دیکەش پەیوەندی زۆر بەهێزو ژێر بەژێریان لەگەڵ دەزگای تەناهی ئیسرائیل هەیە، من خۆم یەکێکم لەکەسانەی تاسەر ئێسک دژی ئەو کوشت و بڕەی دانیشتوانی غەزەم و ئەوەشم نەشاردوەتەوە، بەڵام کێ هۆکاری کوشتنی ئەو دەیان هەزار بێ گوناهەبوو، ئەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی بەدەر لەنوزانەوەو ناردنی دوو لۆری خواردن و دەرمان بۆ خەڵکی لێقەوماوی غەزە چی تر بوو؟.
 

کورد سەدان ساڵە هەلا هەلا کراوە بۆ یەکجار دوو دەوڵەتی عەرەبی ، ئیسلامی نەهاتنە سەر هێڵ بڵێن کورد مافی خۆیەتی چوارچێوەو فۆڕمی خۆی هەبێت، ڕوینەدا سەرۆکێکی عێراق، تورکیا، ئێران و سوریا بێنە سەر تەلەفزیۆن و بڵێن داوایلێبوردن لەو هەموو خوێن ڕشتنەی کورد دەکەین و کورد مافی خۆبەڕێوەبردنی خۆیان هەیە، گەلۆ کەی وەزیرێکی دەرەوەی  ئەو چوار وڵاتە داوای مافی چارەنوسی بۆ کورد کردوە، جگە لە فەرمانی جینۆسایدو سڕینەوە.
 

من ئەگەر سیاسەتی جولەکەشم دەرهەق بەفەلەستین پێ ستەمکاریانە بێت، لێ دەبێ دان بەوەدا بنەم هەڵوێستی ئەوانم دەرهەق بەکورد لەهەندێ دۆخدا پێ جوامێرانەیە، ئێستا کە ئیسرائیل دێت دەڵێ دەبێ کورد لەکوشت و بڕ بپارێزین، من ستایشی ئەو هەڵوێستە دەکەم بالەچوار چێوەی قسەش نەترازێ و کردەوەی لەگەڵ نەبێت، بەڵام هەڵوێستە.
 

ئەی ئەوەی ئیسرائیل دەیڵێت، بۆ وەزیری دەرەوەی میسر یان ئەردەن نایڵێت، خۆ ئەگەر ئەوان بیڵێن، کورد تامردن منەت باریان دەبێت، کورد شاعیرێکی عەرەب لەدێڕە شیعرێکدا پێیاندا هەڵبڵێت دەیکەنە بەیتەکەی بلە جاوەرە سبەی سیسی بڵێت کوردەکان دەبێت چوارچێوەیان بۆ چێبکرێت، دەی با وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا کەهەردوک کوردن سبەی بەناوی وڵاتەکەیانەوە بڵێن کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بەڕێوەبەرن، دەیڵێن نەخێر.
 

ئیسرائیلیەکان بەئاشکرا ئەوە دەڵێن گوتیشیان، خۆ کفر نابێ کورد لەو هەڵوێستەدا دۆستایەتیان بکات، ئەوەشمان بیر نەچێت ئەگەر کورد سبەی پەیماننامەش لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت، هۆکارەکە ستەمکاری ئەو وڵاتانەیە کە کوردستانیان تارو مار کردوە، برا موسوڵمانەکان، پاشماوەکانی عەباسی و ئەمەوی و عوسمانی و سەفەوی.
 

کورد دینی نەکردە پەیژەو ئەوان کردیان ، کردنە پەیژەکەشیان بۆ فریودانو جینۆسایدی کوردەکە بوو.

سەرچاوە : سپی میدیا