بۆچی شێخ محەمەدی خاڵ داوای وازهێنانی لە (کۆڕی زانیاری عیراق) کردووە؟

د. ئاراس محەمەد ساڵح

دوای ئەوەی شێخ محەمەدی خاڵ لە ریگەی نووسینە بە پێزەکانییەوە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوەوە لەلایەن کۆڕی زانیاری عیراقییەوە ناسراوە، ساڵی 1953 بووەتە ئەندامی یاریدەدەری کۆڕی ناوبراو، ساڵی 1953 هەتا کۆچی دوایی کردووە ئەندامی کۆڕی زانیاری عیراقی بووە، ساڵی 1970 بەدواوە کە (کۆڕی زانیاری کورد) دامەزراوە بووەتە ئەندامی کارای کۆڕ و جێگری سەرۆک.
ئەو کەسانەی بوونەتە ئەندامی هەردوو کۆڕی ناوبراو، هەندێ ماف و دەستکەوتیان هەبووە، یەکێک لەو دەستکەوتانە چاپکردنی کتێب و بەرهەمەکانیان بووە لەلایەن هەردوو کۆڕی ناوبراوەوە.
 لە دوای ریکەوتنامەی 11ی ئازاری 1970و ریکەوتنی شۆڕشی کورد لەگەڵ حکومەتی عیراقدا، کورد کۆمەڵیک مافی رۆشنبیری و کەلتوری دەستکەوتووە، یەکێک لەوانە دروستکردنی یەکێتی و ریکخراوی رۆشنبیری و کەلتوری و ریکخراوەی تایبەت بەخۆیان بووە، لە دوای ئەو رێکەوتنەوە یەکیتی نووسەرانی کورد و کۆڕی زانیاری کورد و چەند رێکخراو و یەکێتیەکی تر دامەزراون، کۆڕی زانیاری کورد خزمەتی گەورە و شاکاری بە پێزی لە تەمەنی کورتی خۆیدا چاپکردووە.
 مەخابن لە دوای نسکۆی شۆڕشەوە حکومەتی ئەو کاتی عیراق لە زۆربەی بەندەکانی ریکەوتنەکە پاشگەزبووەتەوە و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ریکخراوەکانی تایبەتی بە کوردی داوە، هەوڵی زۆریداوە یەکێتی نووسەرانی کورد هەڵوەشێتەوە بچنە ناو یەکێتی ئەدیبانی عیراقەوە، ساڵی 1978 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆڕی زانیاری کوردیداوە، دوای ئەو بڕیارە کۆڕی زانیاری کورد بووەتە بەشێک لە کۆڕی زانیاری عیراق، ناوەکەی بووە بە: (کۆڕی زانیاری عیراق- دەستەی کوردی)، واتە: بووەتە پاشکۆیەکی کۆڕی عیراقی.
زۆر دەردەدڵی هەڵڕێژاوە
 لە دوای ئەو بڕیارانەوە زۆرێک لە ئەندامەکانی رێکخراوە کوردییەکان ناڕازی بوون و دژی ئەو بڕیارانە وەستاون زانیویانە ناتوانن بەو شێوەیە خزمەتی ئەدەب و زمان و مێژووی گەلەکەیان بکەن، یەکێک لەو ئەندامانە کە دژی ئەو بڕیارانە بووە مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ بووە.
مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ لە نامەی دەستکێشانەوەکەیدا زۆر دەردەدڵی هەڵڕێژاوە، یەکێک لەوانە هەڵوەشاندنەوەی کۆڕی زانیاری کورد بووە و تێکەڵاوکردنی لەگەڵ کۆڕی زانیاری عیراقدا، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە بۆ چاپکردنی کتێبێک دەبێت چەندین ساڵ لە چاوەڕوانیدا بین.
 لەو نامە درێژەیدا بۆ سەرۆکی ئەوکاتەی کۆڕی زانیاری عیراقی ناردووە، باس لەوە دەکات ساڵی 1974 دەستنووسێکی زۆر نایاب و دەگمەنی لە کتێبخانەکەیدا دۆزیوەتەوە، ئەوەیش (کنز اللسن)ە و دانراوی شێخ ئەحمەد فائیزی گڵەزەردەیی بەرزنجی بووە، ئەو دەستنووسە وەکو شێخی خاڵ باسیکردووە بێوێنەیە لەسەر ئاستی جیهان.
  ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێبکرێت، شێخ ئەحمەد فائیز زانایەکی گەورە بووە و ژمارەیەک دانراوی بەنرخی هەیە، نەوەی زانای گەورە شێخ حەسەنی گلەزەردەییە، شێخ حەسەن زانایەکی بلیمەت و گەورە بووە، بە تایبەتی لە زانستی گەردوونناسی و ئەستێرەناسیدا داهێنانی کردووە، رۆژژمێری تایبەت بەخۆی داناوە بۆ دیاریکردنی وەرزەکانی ساڵ و مانگەکان لە کوردستاندا.
   دەستنووسی (کنز اللسن) یەکێکە لە دانراوە سەرسوڕهێنەرەکان، دەستنووسەکە دابەشکراوە بۆ خشتەیەکی یازدە خانەیی، لە هەر لایەکەوە بخوێنرێتەوە زانستیکی جیاوازە، زمانێکی جیاوازە، بە شەش زمانی جیاواز دەخوێنرێتەوە، ئەوانیش: عەرەبی و تورکی و کوردی و فارسی و فەرەنسی و رووسیە، ناوەرۆکەکەی پێکهاتووە لەو دوازدە زانستەی لە خوێندنگە ئاینیەکانیدا خوێنراوە.
کۆڕی زانیاری کورد هەڵوەشاوەتەوە
    ئەوەی جێگەی لەسەر وەستانە شێخ ئەحمەد فائیزی گڵەزەردەیی، ساڵی 1842 لە گوندی گڵەزەردە لەدایک بووە، خوێندنی لە خوێندنگە ئاینیەکانی کوردستاندا خوێندووە، ساڵی 1918 لە ئەستەمبوڵ کۆچی دوایی کردووە لە گۆڕستانی سوڵتان محەمەد فاتیح نێژراوە، ئەم زانا بەهرەمەندە چۆن فێری ئەو زمانە جیاوازانە بووە، بە تایبەتی فەرەنسی و رووسی؟
لە دوای دەمەزراندنی کۆڕی زانیاری کوردەوە، ساڵی 1974 شێخی خاڵ ئەو دەستنووسەی پێشکەشی ئەو کۆڕە کردووە، ئەوانیش گرنگی و بەهای ئەو دانراوەیان بەرز نرخاندووە و داوایان لە خاڵ کردووە جارێکی تر بینووسێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات و پێشەکی بۆ بنووسێت و ئامادەی بکات بۆ چاپ، هەتا لەلایەن کۆڕی ناوبراوەوە چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
 لە دوای ئەو داواکارییەی کۆڕەوە خاڵ دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی دەستنووسی ناوبراو بۆ چاپ، لە دوای تەواوکردنی پێشکەشی کۆڕی کردووە، بەڵام هەتا ساڵی 1978 کۆڕی زانیاری کورد هەڵوەشاوەتەوە چاپ نەکراوە، لە دوای پێکهێنانی کۆڕی زانیاری عیراقی نوێوە، جارێکی تر شێخی خاڵ رەشنووسی ئەو دانراوی ناوبراوی پێشکەش بە سەرۆکی کۆڕی زانیاری عیراق کردووە بۆ چاپکردن، ئەویش بەڵینی پێداوە چاپی بکەن.
هیواکەی نەهاتووەتە دی
رەشنووسی ناوبراو دوای چاوەڕوانییەکی زۆر هەر چاپ نەکراوە لە کۆبوونەوەی دەیەمی کۆڕدا لە رۆژی 22/12/1980، سەرۆکی کۆڕی زانیاری عیراق رەزامەندی چاپکردنی دەرکردووە، هەتا ساڵی 1982 شێخی خاڵ چاوەڕوانی کردووە ئەو بەرهەمە ناوازەیە چاپ و بلاوبکرێتەوە، بەڵام مەخابن هیواکەی نەهاتووەتە دی، زۆر نیگەران بووە، هەربۆیە نامەی وازهێنانی لە ئەندامێتی کۆڕی زانیاری عیراقی پێشکەش سەرۆکی کۆڕ کردووە، هەرچەندە نامەکە گەیشتووەتە کۆڕ و بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکی کۆر، بەڵام وەڵامی کۆڕ بەردەست نییە، هەتا بزانین پەسەند کراوە یان رەتکراوەتەوە، بەڵام بەو پێیەی دەستنووسەکە ساڵی 1984 لەلایەن کۆڕی ناوبراوەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، دەبێت داواکەی شێخی خاڵ قبوڵ نەکرابێت و داواکارییەکەی جێبەجی کرابێت.
 لە کۆتایی نامەکەیدا شێخی خاڵ باس لە چەند هۆیەک دەکات بۆ وازهێنانی لە ئەندامێتی کۆری زانیاری، وەک پابەند نەبوونی کۆڕ بە بەڵێنەکانییەوە، هاوکاری نەکردنی سەرۆکی کۆڕ لەگەڵ ئەندامانی دەستەی کوردیدا، ئەمانەش گومان و دوودڵی لادروستکردوون، هەربۆیە ناچاربووە بڕیاری دەستکێشانەوە لەو کۆڕە بدات.
  بەو بڕیارە زۆر سەخڵەت بووە 
 ئەوەی تیبینی ئەو هۆیانەی پاڵی بەشێخی خاڵەوە ناوە کە وازهێنان لە ئەندامێتی کۆڕی زانیاری بدات، لە دوای زیاتر لە سی ساڵ خزمەتی بەردەوام و نووسینی دەیان توێژینەوەی زانستی لەبارەی مێژوو و زمان و زۆر بابەتی ترەوە و بڵاوکردنەوەی لە گۆڤاری کۆڕدا، هەڵوێستی کۆڕ و سەرۆکی کۆڕ بووە بەرامبەر داواکاری ئەندامەکانی، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی کۆڕی زانیاری کورد بووە، کە شێخی خاڵ بەو بڕیارە زۆر سەخڵەت بووە، بەو بڕیارە یەکێک لە خواستە دێرینەکانی زیندەبەچاڵ کراوە، چونکە پێکهێنانی کۆڕی زانیاری کورد یەکێک بووە لە هیواکانی خاڵ و هەموو دڵسۆزانی مێژوو و زمان و کەلتوری کوردی لەو رۆژگارەدا

 

سەرچاوە: کوردستانی نوێ