بۆچی تیماری برینەکانمان نه‌که‌ین!! ؟

 

تاڤگه‌ سابیر

 


پزیشکه‌کان بڕوایان وایه‌ نابێت ده‌ست له‌و برینانه‌ بده‌ین که‌ چاره‌سه‌ریان نیه‌، بێ دوودڵی ئه‌م ئاگادارکرنه‌وه‌یه‌یان راسته‌ به‌ڵام ره‌نگه‌ نابه‌جێ بێت ئه‌گه‌ر ئامۆژگاری  تاکەکانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت و ببێتە هۆی لەدەستدانی هه‌ستیاری سه‌باره‌ت به‌ ده‌ردو و نه‌خۆشیه‌ کوشنده‌کانی ..

وه‌رن بگه‌ڕێین تا تێبگه‌ین ..

چۆن مه‌یلی گۆێڕایه‌ڵی و ملکه‌چی له‌نێو میلله‌ت ریشه‌ی داکوتاوه‌ بۆئه‌وانەی له‌ رێگه‌ی شه‌ڕه‌وه‌  بەشان وملی کوردی خۆنەویست وشەهیدەکان گەیشتوونەتە  ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ زۆرزانانە  هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن که‌ هیچ که‌سێك گومانیان لێ ناکات ..!

ئه‌وان به‌ناوی حکومه‌تی هه‌رێم سه‌رزه‌مینێکیان داگیر کرددووه‌ و فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ردا ده‌که‌ن .

ئه‌وانه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ خێڵەکی دێنه‌ دنیاوه‌  هیچیان که‌متر نییه‌ له‌ زۆرداره‌کانی پێشووی نیشتمان ، چونکه‌ له‌ هەمان مه‌مکی سته‌مکاریه‌وه‌ شیریان خواردووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌م شیره‌شدا خه‌سڵه‌تگه‌لی زۆردارێکیان به‌ میرات بۆ به‌جێ ماوه‌‌..

ئه‌مانه‌ وه‌ها سه‌یری مرۆڤ ده‌که‌ن که‌ کۆیله‌ی ئه‌وانە ، له‌ڕووی خووڕه‌وشت و ته‌بعی شه‌خسی و تاکه‌ که‌سیشه‌وه‌ جا ده‌ستکراوه‌ بن یان پیسکه‌ ته‌ختی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تیان به‌ به‌شێك له‌ماف و سامانی شه‌خسی خۆیان ده‌زانن. .

هه‌رکاتێك مێژووی میلله‌ته‌که‌م ده‌خوێمنه‌وه‌ ناتوانم جڵه‌وی توڕه‌ی و هه‌ڵچوونی خۆم لەدەست نەدەم ..  ئەمڕۆ گشت کورد لەناوەو دەرەوەیئەم دەسەڵاتە  باجی ئه‌و دڕندایه‌تیه‌ ئەدەین کە له‌ بیرکردنەوەی سەرانی ئەم هەرێمە ریشه‌ی داکوتیوه‌ .ئەمە دەمباتەوە بەرەو ڕۆحی بەرەنگاری بەرامبەر دەسەڵاتێک ئێمەی مرۆڤ هێنامان وکردمان بە ستەمکار..!

زۆر دڵنیام گشت مرۆڤه‌کان ژیرن تا ئه‌و کاته‌ی به‌ مرۆڤی ده‌مێننه‌وه‌، واته‌ تاپێش ئه‌وه‌ی دەبنەکۆیلەو خۆیان به‌ ده‌ست کۆت و به‌نده‌وه‌ ده‌ده‌ن  به‌زۆر یان به‌ فێڵ و ته‌ڵه‌که‌بازی بەکۆت و داوی ده‌ستبه‌سەریه‌وه‌ ده‌بن، ئەودەم بێترس ده‌که‌ونه‌ ژێر کۆنترۆڵی ئه‌و ده‌سته‌ سیاسیه‌زۆردارە ،هه‌ر به‌و شێوه‌ ناشارستانی ونایاساییه‌ی که‌لە ڕاپەڕینەوە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن  تەراجیدیای خەمەکانی میللەتێ درێژەی هەیە ! 

کاتێک به‌ فێڵ و ته‌ڵه‌که‌بازی ئازادی میلله‌تێ زه‌وت ده‌که‌ن . ڕەشمە دەکەنە ملی هێزی کاری میللەت ،بەرامبەر بڕێ پارەی مانگانە  گەنجەکان ڕام دەکەن بۆ بەرگری لە دەسەڵاتی پارتەکانیان ،بەمکارە گەوج وجەڵەبەیان  خۆیان زیانیان پێ ده‌که‌وێت ،به‌ڵام ئه‌وان له‌و زیانه‌ بێ ئاگان...

باوه‌ڕناکرێت کاتێك یه‌ك میلله‌ت پارەی بێدەنگی وەردرگرێت وده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ر چه‌نده‌ زووئازادی خۆی بیرده‌چێته‌وه‌ و به‌جۆرێك له‌یادی ده‌چێته‌وه‌ که‌ ئیدی هه‌رگیز رێگه‌ به‌خۆی نادا جارێكی دی بیری لێ بکاته‌وه‌ ..ئه‌وه‌نده‌ش ئاسان وساده‌ و به‌که‌ماڵی مه‌یله‌وه‌ ملکه‌چی دەسەڵات ده‌بێ که‌ هه‌ر چاودێرێک وا هه‌ست ده‌کات ئه‌مانه‌ زیاتر له‌وه‌ی شتێکیان به‌ناوی ئازادیه‌وه‌ له‌ ده‌ست دابێت، دروستتر بڵێین  به‌ناوی کۆیله‌تیه‌وه‌ به‌ده‌ست هێنابێت !  

ڕاسته‌ به‌ستنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له‌ سه‌ره‌تادا کارێکی قورس و سنووداربووه‌ به‌جۆرێك که‌ پێویست ده‌کات زه‌بروزۆری تیادا پیاده‌ بکرێت ، وه‌ بۆ نه‌وه‌ی دواتر به‌ئاسانی ملکه‌چ ده‌بێت ئه‌م ملکه‌چیه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی باب و باپیرانی خۆی وه‌ك شتێکی سروشتی بۆ ماوه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و مرۆڤانەی له‌ سایه‌ی کۆتوبه‌ندیدا له‌ دایک ده‌بن و سایه‌ی هه‌مان کۆت و به‌نددا په‌روه‌رده‌ و گه‌وره‌ ده‌بن و ئەمانە خوو به‌ کۆیله‌تیه‌وه‌ ده‌گرن..

ئه‌و باره‌یان به‌ته‌واوی له‌لا ئاسایی و بێ که‌موکوڕی دێته‌ به‌رچاو. ئه‌م مرۆڤانه‌ له‌ مافی خۆیان ئاگادار نین و شێوازێکی دیکه‌ی حکومه‌ت کردن نا ناسن و ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی که‌ تێیاندا هاتوونه‌ته‌ دونیاوه‌ به‌ته‌واوی به‌سروشتی ده‌زانن..!

هه‌ڵبه‌ته‌ نه‌وه‌ی داهاتوو به‌رده‌وام خاڵه‌ لاواز و گوشه‌ تاریکه‌کانی ژیان و په‌یوه‌ندییه‌کانی باب و باپیرانیان مشتوماڵ ده‌که‌ن، دژن بەوانەی فێربوون ژه‌هری کۆیله‌تی دەنۆشن و خوویان  به‌تاڵیه‌که‌یه‌وه‌ گرتووەو .. ڕازین وناتوانن نکۆڵی له‌وه‌ بکه‌ن .

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێویسته‌ دان به‌وه‌دا بهێنین که‌ ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریت و خووپێوه‌گرتن زۆر ئازاروسەختی زیاتره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سروشتی مرۆڤەکان چونکه‌ خه‌سڵه‌ته‌ خۆڕسکه‌کانی مرۆڤ ، خه‌سڵه‌ته‌ باشه‌کانی، یان به‌د و ناشرینه‌کانی ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ نه‌کرێن، له‌ ناوده‌چن...! 

 ئەمڕۆ بۆ ڕاماڵینی سته‌مکاران کە له‌ژێر کاریگه‌ری پارەو دەسەڵات وهۆکاری خووپێوه‌ گرتنی میللەت  و زه‌بروزەنگی دەسەڵات و یاخود هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن  وپرۆپاگه‌نده‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا  پەلیکێشاوە ، تا ریشه‌کێش بکرێن ،یەکەم هەنگاو دەبێت  بیربکرێتەوە چۆن ده‌کرێ خه‌ڵک بڕوای ئه‌وه‌ی لا دروست بکرێت که‌ بۆ له‌ناوبردنی سته‌مکاری پێویسته‌ بپرسی وبزانین  ،ئایا چۆن ره‌زامه‌ندی خۆمانی لێ بستێننه‌وه‌؟

نابێت بهێڵین چیتر مرۆڤی کورد به‌ ئاسانی هەڵبخەڵەتێن.  هەرگیز لەبیرمان نەچێت حکومه‌تە زۆردارەکان  هه‌میشه‌ مه‌ترسیان هه‌یه‌ له‌  ئه‌وانه‌ی که‌ خۆشه‌ویستیان بۆ ئازادی میلله‌ته‌که‌یان هه‌یه‌ ..