بۆلیسلۆف

مەکسیم گۆرکی 
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ڕۆزا حەمە ساڵح 

ڕۆژێکیان هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە، گووتی: 
ئەو کاتانەی کە لە مۆسکۆ خوێندکاربووم، وا ڕێکەوت ماڵەکەم لە تەنیشت خانمێک بێت؛ ڕەفتارەکانی نامۆ بوون و خەڵکی بە باشی باسیان نەدەکرد، خانمەکە بە ڕەچەڵەک پۆڵندی بوو، بە تێریزا ناویان دەبرد. ژنێکی ئەسمەری باڵابەرز بوو، جە‌ستە‌یە‌کی پڕ و پتەو، دوو برۆی ئەستوور و ڕەش، دەموچاوێکی گەورە و پێستێکی زبر و ڕوشاو ( وەک ئەوەی بە چقۆ لە دەموچاوی درابێت)، دوو چاوی ڕەشی بریقەدار و دەنگێکی گڕی هەبوو، هەڵسوکەوتەکانی لە ڕەفتاری پیاوێک دەچوو کە هەموو ژیانی لە ناو شەڕ و ئاژاوەدا بەسەر بردبێ، ئەم شێوازەی دەرەوەی وای لە مرۆڤ دەکرد کە هەست بە ترس بکات. 
لە ژوورێک بەرانبەر ژورەکەی من دەژیا ( لە قاتی سەرەوەی ئەپارتمانێک نیشتەجێ بووین). هەندێ جار بە ڕێکەوت لە سەر پلیکانەکان، یا خود حەوشەی چوار دەوری باڵەخانەکە دەمبینی، بە زەردەخەنەیەک بۆم دەدوا کە بۆنی نەگریسی و گاڵتەجاڕی لێدەهات. 
وە زۆر جاریش کە دەگەڕایەوە بۆ ماڵ بە دوو چاوی سوور هەڵگەڕاو و قژێکی ئاڵۆسکاوی دەمبینی، بە ڕوانینێکی تەمومژاوی و زەردەخەنەیەکی گێلانەوە لێی دەڕوانیم. لەم بارودۆخەیدا قسەی لەگەڵ دەکردم، دەیگووت: 
- خوێندکاری بەرێز، هەواڵت چۆنە؟ 
پێکەنینە ساویلکەکانی وای لێدەکردم زیاتر ڕقم لێیبێتەوە. بۆ خۆلادان لەو جۆرە چاوپێکەوتن و سڵاوانە، بۆ من باشتر بوو کە ژوورەکەم بگۆڕم، بەڵام ژوورێکی دڵڕفێن بوو، بە سەر دیمەنێکی جوان و بەرفراواندا دەیڕوانی، ئارامی پێدەبەخشیم کە لە پەنجەرەکەیەوە لەدەرەوەم دەڕوانی، ئەپارتمانەکە لەسەر شەقامێکی بێدەنگ بوو، بۆیە بەرگەی بینینی ئەم ژنەم دەگرت. 
بەیانییەکیان لە دوای خۆگۆڕین لەسەر چەرپاکەم دانیشتم، لە پڕ دەرگاکە کرایەوە و تێریزا لە بەردەم دەرگاکە وەستابوو، بە دەنگە گڕە ناخۆشەکەی گووتی: 
- خوێندکاری بەرێز: هیوادارم لە تەندرووستییەکی باشدا بێت. 
گووتم: چیت دەوێت؟ ڕووخساری شڵەژابوو، بە شەرمەوە دەرکەوت، وەک جاران نەبوو. 
- بەرێزم: داواکارییەکم هەیە، خوازیارم کە بۆم جێبەجێ بکەیت. 
بێدەنگ بووم و لە ناخی خۆمدا گووتم: 
- ئەی خوداوەندی ئاسمان، ئازایەتیم پێببەخشە بۆ ئەوەی خۆڕاگربم. 
گووتی:
- دەمەوێت نامەیەک بۆ خۆشەویستەکەم بنێرم. ئەوە هەموو شتێکە. 
بە دەنگێکی زەلیل و نزمەوە پاڕایەوە. 
لە ناخی خۆمدا گووتم: ئەهریمەن بتباتەوە. لە چرپایەکە دابەزیم و ڕۆیشتم لەسەر مێزەکە دانیشتم، پەڕەیەک و شوشە مەرەکەبەکەم هێنا، گووتم: 
- وەرە دانیشە، بزانم چیت بۆ بنووسم. 
لێم نزیک بۆوە و بە چاوە سامناکەکانی تەماشای کردم، ڕوانینێک لێمی ڕوانی وەک ئەوەی هەستی بە شەرمەزاری کردبێت. 
- زۆر باشە، دەتەوێت نامە بۆ کێ بنێریت؟ 
- بۆ بۆلیسلۆف کاشبوت، نیشتەجێی سوینزیانی نزیک ویستگەی شەمەندەفەرەکانی وارشۆ یە. 
- دەتەوێ چی بۆ بنووسم، دەی! بیڵێ. 
- ئەزیزم بۆلس، خۆشەویستی دڵم، خۆشەویستەکەم، ڕۆحەکەم، خوازیارم مەریەمی پاکیزە لە هەموو بەڵایەک بتپارێزێت، بۆچی زۆر لە مێژە بۆ کۆترە بچکۆلانە غەمگینەکەی خۆت نەنووسیووە؟ بۆچی بۆ تێریزا نانووسیت کە هەست بە غەمێکی قوڵ دەکات؟! 
بە زۆر خۆم گرت بۆ ئەوەی پێنەکەنم، ئەم کۆترە بچووکە غەمگینە کە درێژی زیاتر لە شەش پێیانە، بە مستێکی بەهێز کە وەک بەردە و جەستەیەکی گەورە و ڕووخسارێکی ڕەش وەک ئەوەی هەموو ژیانی ئاگردانی زستانەی ماڵانی پاک کردبێتەوە و بۆ یەک جاریش دەموچاوی نەشوشت بێت. 
توانیم بەسەر خۆمدا زاڵ بم، لێمپرسی: 
- بۆلیسلۆف، کێیە؟ 
- بەرێزم، بۆڵس (ناوەکەی بە قورسی و بە سەرسامییەوە وتەوە، وەک ئەوەی چیتر نکۆڵی لەوە نەکرێت کە ئەم بۆلیسلۆفە کێیە). 
- هاوڕێمە و هاوسەرگیری لەگەڵ دەکەم. 
- هاوسەرگیری لەگەڵ دەکەی؟! 
- بەرێز، بۆچی بە‌ لاتە‌وە‌ سەیرە‌؟ ئایا منیش وە‌ک ھە‌موو کیژێک ئەو مافەم نییە کە خۆشە‌ویستم هەبێت. 
- کیژێک؟ بۆ نا، شتی واش دەبێت، هەموو شتێک ئەگەرە. 
- ئایا ماوەیەکی زۆرە دەیناسیت؟ 
- دە ساڵە. 
- ئەها، زۆر باشە، دەی با ئێستا نامەکە تەواو بکەین. 
نامەیەکم بۆ نووسی، تەژی بوو لە دەربڕینی خۆشەویستی و وەفا و ستایش کردن، لەو ساتەدا خوزگەم بەوە دەخواست کە من لە بری بۆلیسلۆف بوومایە و نامەیەکی ئاوام لەهەر کیژێکەوە بۆ بهاتایە، جگە لە تێریزا. 
لە دڵەوە سوپاسی کردم، دواتر پرسیاری لیکردم کە چاکەیەکەم بۆ بکات لە بەرانبەر نووسینی ئەم نامەیە. 
- هیچ شتێکت پێویست نییە کە بۆتی بکەم؟ 
- نەخێر، سوپاس. 
- دەتوانم کراسە دڕاوەکانت یان هەر پۆشاکێکی دیکەت بۆ بدورمەوە و ڕێکیان بخەم. 
- پێویستم نییە، سوپاس. 
ئیدی تێریزا ڕۆیشت. 
دوو هەفتە بەسەر نووسینی نامەی یەکەم تێپەڕی، کات شەو بوو، بەهۆی خراپی گەش و هەواوە نەمدەویست بڕۆمە دەرەوە، لە نزیک پەنجەرەکە دانیشتبووم و چاوم بڕیبووە دیمەنەکانی ئەودیو پەنجەرەکە، لە پڕ دەرگاکە کرایەوە، تێریزا بوو. 
- هیچ شتێک لە ئارادایە؟ 
- خوێندکاری بەرێز: هیوادارم بە کارێکی گرینگەوە سەرقاڵ نەبیت. 
- نەخێر، چیت دەوێت؟ 
- دەمەوێت نامەیەکی دیکەم بۆ بنووسیت. 
- بۆکێ؟ بۆ بۆلیسلۆف؟ 
- نەخێر. دەمەوێت وەڵامی نامەکە بدەینەوە (واتا نامەیەک لە بۆلیسۆفەوە هاتبێت). 
- چی؟ بە سەرسووڕمانەوە هاوارم کرد. 
- ببوورە ئەی خوێندکاری بەڕێز، من گەمژەم نازانم چۆن تێتبگەیەنم، لە ڕاستیدا نامەکە بۆ هاورێیەکمە، ئەو نازانێت بنووسێت و خۆشەویستێکی هەیە و ناوی خۆشەویستەکەی (تێریزا)یە، هەر وەک ناوی من. 
ئایا دەتوانیت نامەیەک بۆ ئەم تێریزایە بنووسیت؟ 
تەماشایەکم کرد: ڕووخساری تێکچوبوو، پەنجەکانی دەلەرزی. لە سەرەتاوە هیچ تێنەگەیشتم، دواتر شتەکانم بۆ ڕوونبونەوە. 
- خانم گوێبگرە، هیچ کەسێک نییە بە ناوی بۆلیسلۆف بێت، ئەمە درووستکەری خەیاڵی خۆتە و درۆم لەگەڵ دەکەی، بیانویەکە بۆ ئەوەی بێیت بۆ لام، ئیدی بەسە درۆ کردن و جارێکی دیکە پێ نەخەیتەوە ژورەکەم، تێگەیشتی؟ 
لە پڕ حاڵەتێکی نامۆ دایگرت، ترس و دڵەڕواکێ بە ڕووخساریەوە دەرکەوت و دەمی تەتەڵەی دەکرد، وەک ئەوەی بییەوێت شتێک بڵێت و نەتوانیت قسەکان دەرببڕێت، چاوەڕوانم کرد بۆ ئەوەی بزانم دەیەوێت چی بڵێت، هەستمکرد کە من هەڵەبووم کاتێ گومانم لێکرد بەو شێوەیە دڵم ڕەنجاند. وادیار بوو کە شتەکە زۆر جیاوازترە. 
تێریزا نەیتوانی هیچ قسەیەک بکات، لە ناکاو دەستێکی ڕاوەشاند و خۆی هەڵگێڕایەوە و بە توڕەییەوە لە دەرگاکە ڕۆیشتە دەرەوە. 
هەستێکی ناخۆش ناخی داگیر کردم، بیرم لەوەکردەوە کە بڕۆم بۆ لای و بانگی بکەمەوە بۆ ئەوەی چی دەوێت بۆی بنووسم. 
ڕۆیشتە ژورەکەی خۆی، لە دوای ڕۆیشتم و بینیم کە لەسەر مێزەکە سەری دانەواند بوو، هەردوو دەستی خستبووە ژێر سەری. 
پێم گووت: 
- گوێم لێبگرە. 
لەسەر مێزەکە هەڵسا، بە دوو چاوە ڕەشە بریقەدارەکانی کە پڕبوون لە نائومێدی، لێم نزیک بۆوە، گریان قورگی گرتبوو، دەستی خستە سەر شانم و بە دەنگە گڕەکەی بە گوێمدا چرپاندی: 
- تەماشاکە، کارەکە بەم شێوەیە، هیچ کەس نییە بە ناوی بۆلیسلۆف بێت، بەڵام نازانم تۆ کارەکە چۆن دەبینیت؟ ئایا ئەوەندە قورسە بە لاتەوە پێنووسێک بە پەڕەیەکدا بهێنیت؟ 
بەم پێشوازییەی هەستم بە سەرسوڕمانێکی زۆر کرد. 
- کەواتا هیچ کەسێک نییە ناوی بۆلیسلۆف بێت؟ 
- نەخێر. 
- هەروەها تێریزاش بوونی نییە؟ 
- نەخێر، من تێریزام. 
هیچ شتێک تێنەگەیشتم، تەماشایەکم کرد و هەوڵمدا بزانم کە کاممان واخەریکە بەرەو ڕێگای شێتی دەڕۆین. 
ئەو گەرایەوە بۆ سەر مێزەکە، وادیار بوو بە دوای شتێکدا دەگەڕا، دواتر هاتەوە لام و نامەیەکی بە دەستەوە بوو، گووتی: 
- ئە‌گە‌ر ئە‌وە‌ندە‌ قورسە‌ بە‌لاتە‌وە‌ کە‌ نامە‌یە‌کت بۆ بۆلیسلۆف نووسیووە، تە‌ماشاکە‌، ئە‌وە‌ نامە‌کە‌یە‌ بیبە‌، کە‌سانێکی دیکە هەن کە بە ڕەحم و بە بەزەی بن و نامەم بۆ بنووسن. 
- تێریزا گوێ بگرە‌، ئە‌م ھەموو قسانە‌ واتای چییە، کە‌سانێکی دیکە نامە‌ت بۆ بنووسن؟ لە‌ کاتێکدا من نامە‌یە‌کم بۆ نووسیت و هێشتا نە‌شت ناردووە‌؟ 
- بۆ کوێی بنێرم؟ 
- بۆ ئەو کە‌سە‌، بۆ بۆلیسلۆف. 
- کە‌سێک نییە‌ کە‌ ناوی بۆلیسلۆف بێت. 
لە‌ڕاستیدا ھیچ شتێک تێنە‌دەگە‌یشتم. نە‌متوانی ھیچ شتێک بڵێم جگە‌ لە‌ وە‌ی پێھە‌ڵبگرم و ئەو شوێنە‌ بە‌ جێبھێڵم، بە‌ڵام بە‌ خێرایی پێشی لێگرتم و بۆی ڕوون کردمەوە، گووتی: 
- چییە‌؟ ھێشتا ھە‌ر نیگە‌رانیت؟ پێمگووتی کە‌ کە‌سێک نییە‌ بەو ناوە‌ بێت. 
ھە‌ردوو باڵە‌کانی درێژ کرد وە‌ک ئە‌وە‌ی خودی خۆشی ھۆکاری نە‌بوونی کە‌سێک کە‌ ناوی بۆلیسلۆف بێت تێنە‌گات. 
دواتر گووتی: 
- من ویستم ھاوڕێیە‌کم ھە‌بێت، باشە‌ منیش مرۆڤ نییم و مافی ئە‌وە‌م نییە‌ وە‌ک کە‌سانی دیکە خۆشەویستم ھە‌بێت؟ دە‌زانم، بە دڵنیاییە‌وە‌ دە‌زانم کە من لە خەیاڵ و ناخمدا کەسێکم داناوە و لە ڕاستیدا ئەو کەسە بوونی نییە، بە‌ڵام خۆ ئازاری هیچ کە‌س نادە‌م کاتێک نامە‌ی بۆ بنووسم و ئەویش وەڵامم بداتەوە؟ 
- ببوورە‌، مە‌بە‌ستت کێیە‌؟ 
- مە‌بە‌ستم بۆلیسلۆف. 
- بە‌ڵام ئەو بوونی نییە‌. 
- بە‌داخە‌وە‌، بە‌ڵام چی دە‌بێت ئە‌گە‌ر بوونی نە‌بێت یاخود ھە‌یبێت؟ من بۆی دە‌نووسم، وە‌ک ئە‌وە‌ی بوونی ھە‌بێت. ئە‌ویش وە‌ڵامم دە‌داتە‌وە‌، منیش جارێکی دیکە‌ بۆی دە‌نووسمە‌وە‌. 
لە‌ کۆتایدا تێگە‌یشتم، ھە‌ستم بە‌ تاوان و شە‌رمە‌زاری و ئازارێکی زۆر دە‌کرد، لە‌ بە‌رامبە‌رمدا و بە‌ مە‌ودایە‌کی کە‌م ژنێک لە‌م جیھانە‌ فراوانەدا دەژی، کە‌سێکی نە‌دۆزێتە‌وە‌ کە‌ بە‌ سۆزە‌وە‌ مامە‌ڵە‌ی لە‌گە‌ڵ بکات و خۆشی بووێت و ڕۆحی ئاسوودە بکات، ھە‌ر بۆیە‌ بە خەیاڵ ئە‌م کەسەی خولقاندووە. 
دواتر تێریزا گووتی: 
- تە‌ماشاکە‌، نامە‌یە‌کت بۆ نووسیم و منیش دام بە‌ کە‌سێکی دی بۆم بخوێنێتە‌وە‌، کاتێ بۆی خوێندمە‌وە‌ و گوێم لێگرت وا ھە‌ستم کرد بۆلیسلۆف بۆم دە‌دوێ. 
کە‌ دووە‌م جاریش داوام لێکردی کە‌ نامە‌یە‌کی دیکە‌ لە‌ بۆلیسلۆفەوە بۆ تێریزا (من) بنووسیت، ئە‌گە‌ر نامە‌یە‌کم لە‌ بۆلیسلۆفەوە بۆ بێت، ئە‌وا هەر بەڕاستی ھە‌ست بە‌ بوونی دە‌کە‌م و ژیانم زیاتر خۆش دە‌بێت. 

لەو کاتەوە ھە‌موو ھە‌فتە‌یە‌ک دوو نامە‌ دە‌نووسم، یە‌کێک بۆ بۆلیسلۆف و ئە‌وە‌ی دی بۆ تێریزا. 
نامە‌کانم زۆر بە‌ باشی نووسیووە‌ و بۆمخوێندۆتە‌وە‌، بێگومان تێریزا گوێی لە‌ ھە‌مووی گرتووە‌، گریاوە‌ و بە‌ دەنگە‌ گڕە‌کە‌شی ھاواری کردووە‌ و ھە‌نسکی قوڵی ھە‌ڵکێشاوە‌، لە‌ بە‌رانبە‌ردا تێریزا گۆرە‌ویی و کراسە‌کانم و جلە‌کانی دیکە‌شم بۆ ڕێکدە‌خات و پێڵاوەکانم بۆ بۆیاخ دەکات و کڵاوەکەشم بۆ دەسڕێ و پاکی دەکاتەوە. 

لە‌دوای سێ مانگ لە‌م چیرۆکە‌ تێریزا لە‌ لایە‌ن پۆلیسە‌وە‌ دە‌ستبە‌سە‌ر دە‌کرێت و دە‌خرێتە‌ زیندانە‌وە‌، بە‌ ھۆی کارێکی خراپ کە‌ کردوێتی. ئیدی تێریزام نەبینییەوە، لەوانەیە ئەو ئێستا لە ڕیزی مردواندا بێت.

 

 

سەرچاوە: galawej