بۆ یەکەمجار لەکوردستان پەرلەمان ئەتوانێت دەرگای حکومەت قفل بکات!

 

    نیاز سەعید

 

پەرلەمانی خولی شەشەم،جیاوازتر لەهەموو خولەکانی ڕابردوو؛ ئەو پەرلەمانەیە کە بۆ یەکەمجار، هیچ فراکسیۆنێک بە تەنیاو بە شایستەیی کورسیەکانی خۆی؛ناتوانێت ببێت بە خاوەنی (پەنجا زائید یەک)ی کورسیەکان .
 

لەم خولەی پەرلەماندا؛ مەودای نێوان هێزە سیاسیە خاوەن کورسیەکان، بەهۆی جیهانبینی و بەرژەوەندیی جیاواز و ئاراستەی کارکردن و ناکۆکییە قوڵەکانی ڕابردووەوە؛ بریتیە لەدابڕان و دووری و نەبوونی متمانە، بەتایبەتی بەهۆی ئەزموونەکانی ڕابردوو و ترس و نیگەرانیەکان؛ لەدووبارەبوونەوە و درێژەپێدان بەو مۆدێلی تاکڕەویی و قۆرخکاریەیکە لەڕابردوودا، بەهۆی هەژموونی (پ د ک) بەسەر پەرلەماندا؛ بووبووە ئاراستەی تاکلایەنەی کارکردنی حکومەت .
 

هێزە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان؛ بەدەر لە(پ د ک)، هەموویان لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا؛ بەشێوازێکی ڕیشەییو ڕادیکاڵ،بەڕەهایی و بە ئاشکرا؛ مۆدێلی پێشووی سیستەمی فەرمانڕەواییان ڕەت ئەکردەوە و دروشمی ئەلتەرناتیڤیان ئەخستەڕوو .

بەم پێودانگە ئەتوانین بڵێین؛ زۆرینەی لە سەروو (پەنجا زائید یەک)ی ناو پەرلەمان، دژی مۆدێل و شێوازی کارکردنی حکومەتی پێشوون، لەبەر ئەوە ئەو هێزە سیاسیانە ناتوانن و ئامادە نین؛ هەمان ئەزموونیبەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان لەحکومەت دووبارە بکەنەوە؛ کە لەهەڵمەتەکانیبانگەشەیهەڵبژاردندا،لەڕوویتیۆری پەیام و دروشمی (ئەیگۆڕین)یان بەرزکردبووەوە و بە پراکتیکیش؛ بەشداریان لەپاراستن و درێژەپێدان بە هەمان ئەزموونی فەرمانڕەوایی کرد .
 

هێزە سیاسیەکان بەلەبەرچاوگرتنی وادەی کەمتر لەساڵێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ولەترسی هەڵوێستی پێچەوانە و کاردانەوەی خراپی دەنگدەرەکانیان؛ناتوانن لەژێر هیچ گووشار و فشار و سازشێکدا، بە ئاسانی و بە چەشنی پێکهێنانی حکومەتەکانی ڕابردوو، بڕیاری بەشداریکردن لەحکومەت بدەن؛ بەو شێوەیەی کە (پ د ک)، ئەیەوێت درێژەی پێبدات، مەگەر لەیەک ئەگەردا، ئەویش گۆڕینی میکانیزم و پرانسیپی پێکەوە کارکردن؛ لە(بەشداریکردن)ەوە  بۆ (هاوبەشیکردنی ڕاستەقینە) .
 

لەم سۆنگەیەوە ئەگەر حکومەتی داهاتوو، لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی قۆرخکاری و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و هاوبەشیکردنی ڕاستەقینە، لەناو ناوەندی بڕیار و لەناو جومگە بەهێزەکانی سیستەمی فەرمانڕەوایی پێکبێت؛ ئەوا پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەت، نە ئاڵۆز و دژوار و ئەستەم ئەبێت، نە پێویستی بە کاتێکی درێژخایەن ئەبێت، بەڵام پێویستی بە هۆشداری و درککرن بە دیفاکتۆی جیاوازی ڕەوشی سیاسیی تازەی هەنووکەیی و لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاریە ئەبێت؛ کە بەسەر هاوسەنگیی هێزدا هاتووە؛ شانبەشانی ئەو وەرچەرخانانەی کە بەسەر دید و جیهانبینی و هەڵوێستی هێزە سیاسیەکانی تردا هاتووە وچیتر ئامادە نین، لەبری هاوبەشیکردنی کاریگەر لەحکومەت؛ سازش لەسەر بەشداریکردنێکی ڕوواڵەتی بکەن ! 
 

ئەمە بەدەر لەوەی کە بۆ یەکەم جارە؛ زەمینەی زیاتر لەسیناریۆیەک و لەئارادابوونی زیاتر لەبژاردەیەک، بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕەخساوە و هێزە سیاسیەکانی تر، ئەتوانن بیقۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت؛ وەک چۆن لەپێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق و هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و دیالە و دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای نەینەوادا گیرایەبەر و هیچ کۆسپێکی یاسایی و دەستووری و هیچ جۆرە ڕێکارێکی تری نەهاتە بەردەم، ئەگەر بێتە بەردەمیشی؛ ئەوا دادگای باڵای دەستووری عێراق، وەکو دیفاکتۆ بە بڕیار؛ حکومەتی ناوەندی لەبەغدا ناچار ئەکات، بە پابەندبوون بە دانپیانان و مامەڵەکردنی یاسایی و کارگێڕی و دارایی؛ لەگەڵ هەر فراکسیۆن و حکومەتێک، کە لەسەر بنەمای (پەنجا زائید یەک) پێکهاتبێت ! .

پەرلەمانی ئەمجارە !
 

پەرلەمانی ئەمجارەچەندین خەسڵەتی جیاوازی هەیە؛ کە نەخش و کاریگەری دروست ئەکات لەسەر ئاست و جۆر و سروشتیی پەیوەندیی نێوان پەرلەمان و حکومەت؛ لەگەڵ هێزە سیاسیە بەشداربووەکان .
 

ئەم کاریگەریە بە ئاشکرا ڕەنگ ئەداتەوە و کارلێکی ئەبێت؛ لەسەر شێوازی پێکهێنان و ئاراستەی کارکردنی حکومەت،هەروەها لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ڕۆڵ و ئەرکەکانی پەرلەمان،یان پەیوەندیی لەنێوان پەرلەمان وحکومەت،بەهەمانشێوە پەیوەندی لەنێوان هەرێمیکوردستان وحکومەتی ناوەندلەبەغدا.
 

هەندێک لەخەسڵەتە تازەکانی ئەم خولەی پەرلەمان بریتین لە :
 

١- بەهۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ پەرلەمان بۆ یەکەمجار بە پراکتیکی ئەبێتە خاوەنی بژاردەی کشانەوەی متمانە لەحکومەت و هەر کات بیەوێت ئەتوانێت بە زۆرینەی (پەنجا زائید یەک)؛ بڕیاری جێبەجێکردنی بدات، هەر بۆیە حکومەتی داهاتوو، بەردەوام ئەکەوێتە بەردەمی هەڕەشە و گریمانەی سەندنەوەی متمانە؛ لەلایەن پەرلەمان . 
 

٢- بە پێچەوانەی ڕابردوو، پەرلەمانی داهاتوو ناتوانێت بە بڕیاری خۆی؛ تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە .
 

٣- جیاوازتر لەخولەکانی پێشوو؛ پەرلەمانی داهاتوو ناکەوێتە ژێر هەژموون و ئاراستە و کاریگەری و دەستتێوەردانی هیچ هێزیکی سیاسی، بێجگە لە(دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق) .
 

٤- هیچ سەرکردە و هێزێکی سیاسی ناتوانێت بە بڕیار، جارێکی تر دەرگای پەرلەمان دابخات، بەڵکو بەگوێرەی خاڵی یەکەم؛ ئەمجارە پەرلەمان ئەتوانێت دەرگای حکومەت دابخات .
 

٥-لەم خولەی پەرلەماندا، بە ئاسانی ئەتواندرێت سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان؛ بانگهێشت بکرێن بۆ لێپرسینەوە و ڕوونکردنەوە،یان بۆسۆراخ و بەدواداچوونی هەر کەیس و دۆسیەیەکی هەستیارو وروژاو .
 

٦- پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو، جیاوازتر لەدوو خولی ڕابردوو؛ ئەتوانن ساڵانە یاسای بوودجەی حکومەت دابڕێژن، بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق .
 

٧-کارکردن بۆ چەسپاندنی هاوسەنگی و دادپەروەریی جوگرافی و بەگژداچوونەوە و ڕاگرتنی سیاسەتی جیاکاریی حکومەت لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و پەراوێزخستنی هەندێکیان؛ ئەبێتە ئەرکێکی تری پەرلەمان .
 

٨-شەفافکردنی سەرجەم داهاتەکان، شەفافکردنی سەرجەم گرێبەستەکانی نەوت، سۆراخ و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەدیاردەی گەندەڵیی ئابووری و قەرزەکانی حکومەت و لیستەکانی مووچە؛ ئەبنە ئەرکی سەرەکیی پەرلەمانی تازە .
 

٩- لەقۆناغی تازەی کاری پەرلەمانی کوردستاندا؛ پێویستە هەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمان و حکومەتی عێراق بکرێت؛ بۆ بابەت و پرسی هاوبەش، بەتایبەتی ئەرکی ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەستووریی، لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق .
 

١٠- لەدەرەوەی پەرلەمان، (دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق)؛ ئەبێتە ناوەند و مەرجەعێک بۆ یەکلاییکردنەوەیکێشە و تەنگژە و ناکۆکیی قووڵی ناو پەرلەمان .
 

١١- ئاراستەیەکی بەهێز لەناو پەرلەمان و حکومەتی عێراق و هێزە سیاسیە باڵادەستەکانی عێراقدا هەیە،ئەیەوێتبەگوێرەی دەستوور و جیاوازترلەقۆناغەکانیڕابردوو، پەرلەمان وحکومەتیهەرێمیکوردستان؛ ببێتە بەشێکی وابەستە وگرێدراو، بە سیستەمی فەرمانڕەوایی حکومەتی ناوەند لەبەغدا .

سەرچاوە : سپی میدیا