د. سەعید عەلی محمد
لە ڕابردوودا ئەركی نوسەر تەنها نوسین و بەرهەمهێنانی مەعریفە بوو، بەڵام ئێستا ئەركێكی تر كەوتۆتە سەرشانی كە بریتیە لە پەیداكردنی خوێنەر بۆ نوسینەكانی، نوسەر بە نوسین و بەرهەمەكانی بەیەك ئاست یارو هەوادارەكانی لە خۆی كۆدەكاتەوە، نوسەر بە حوكمی ئەوەی سەرچاوەی زانست و مەعریفەیە ئەبێت ئەوانی تر عەوداڵی بن و بەشوێنیدا بگەڕێن و شوێنكەوتەی بن، هەر لەبەرئەوەیشە لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا هاتووە كە زانست دەبێ بەدوایدا بڕۆین نەك ئەو بەدواماندا بێت، ئینجا دەردەكەوێ ئەوەی عەوداڵی زانست و مەعریفە نەبێت لە زانست و مەعریفە مەحروم و بێ بەش ئەبێ.
ئێستا كە ئەم ڕاستیە پێچەوانە بۆتەوە و نوسەر خۆی دەبێ بەشوێن خوێنەری نوسینەكانیدا بگەڕێ و، هەردەبێ خودی خۆی خوێنەر بۆ بەرهەمەكانی بەرهەم بهێنێ و بیاندۆزێتەوە!
ئەوەی ئەم ڕاستیەش ئەسەلمێنێ پڕۆسەی نوسین و بارودۆخی خراپی کتێبخانەکان و ئەو پێشانگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتیانە كە بۆ فرۆشتنی كتێب دەكرێنەوە و سستی و چۆڵی و بێ نازیەكی گەورەیان پێوە دیارە، كە ئەمەش ئەركی زاناو نوسەرو قەڵەم بە دەستەكانی قورس و گرانتر كردووە!
دەپرسین: لەم ژینگەو بارودۆخەدا خوێنەر چۆن دروست دەكرێ؟! چۆن خوێنەر پەیدا دەكرێ؟! چی بكرێ خوێندنەوە پەرەی پێ بدرێ؟! پێم وایە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە بەداواچوونی دیاردەیەك هەیە كە پێی دەوترێ (دیاردەی وازهێنان لە خوێندنەوە)، دیاردەیەك كە ڕۆژ بەڕۆژ پەرە دەسەنێ و زیاتر فراوانتر دەبێ و، بۆتە مایەی بایەخ پێدان و سەرنجڕاكێشانی میدیا و زانكۆو ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و فەزای كۆمەڵایەتی!
ئێمە دەكرێ لەڕێی ئەم بەدواداچوونەوە هۆكارو پاڵنەرە سەرەكییەكانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە ئاشكرا بكەین كە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن :
1-خۆمان بە زاناو خوێندەوار دەزانین :
هۆكارێك لە هۆكارەكانی دابەزینی ئاستی مەعریفی تاكەكانی كۆمەڵگە و تەنانەت كەسانی نوخبەش، هەروەها وازهێنانیان لە خوێندنەوە ئەوەیە : مرۆڤەكان خۆیان بە خوێندەوار دەزانن و، بەلایانەوە پەیداكردنی زانست و مەعریفە كارێكی ئاسانە و چیتر پێویستی بە خوێندنەوە و خۆسەرقاڵكردن بە كتێبەوە نیە ، ئەم كەسە پشت بەخۆی دەبەستێ و لە هیزرو زهنیدا وایە كەسێكی خوێندەوارە و، لە سەردەمی میدیا و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیادا وەرگرتنی زانست و موناقەشەی مەعریفی چیتر پێویستی بە كتێب و خوێندنەوە نەماوە!
ئەم جۆرە بیركردنەوەیەش دیاردەی (حەزنەكردن لە خوێندنەوە و وازهێنان لە كتێب)ی تەنانەت لەنێو چینی خوێندەوارو ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكانیشدا بەدوای خۆیدا هێناوە! بەڕادەیەك فەزایەك دروست بووە لە ڕەخنەگرتن و گاڵتەكردن بەو كەسانەی كتێب بەدەستەوە دەگرن و سەرقاڵی خوێندنەوە و نوسینن، لە ئەنجامدا كەسانی نەخوێندەوارو نەفام دەستیان بەسەر سەروەت و سامان و پلە و پۆست و جومگە هەستیارەكانی ژیانی كۆمەڵگەدا گرتووە و، گاڵتەش بە خوێنەوارو ڕۆشنبیرو زاناكان دەكەن و، بەوە تاوانباریان دەكەن كە شكستیان هێناوە و، خاوەن هیچ سەروەت و سامانێك نین وهیچ دەستکەوتێکیان نیەو كەسیش گوێیان لێ ناگرێ! فەیلەسوف و بیرمەندی جەزائیری (مالك بن نەبی) ئاماژە بە مەترسی ئەم گرفتە دەکات و دەڵێ: (ئێمە پێش 50 ساڵ بەر لە ئێستا تەنها یەك مەترسی ڕووی تێكردبووین ئەویش (نەخوێندەواری) بوو دەكرا چارەسەر بكرێ، بەڵام ئێستا ڕوبەڕووی مەترسیەكی تر بوینەتەوە كە چارەسەركردنی ئاسان نیە، ئەویش بریتیە لە مەترسی (خۆدەرخستن وەك كەسێكی زاناو خوێندەوار)، ئەم مەترسیە لە مەترسی یەكەم گەورەترە، چونكە كەسی نەخوێندەوار دەكرێ گوێ بگرێ و فێر ببێ و گوێڕایەڵ بێ ، بەڵام كەسێكی نیمچەخوێندەوارکاتێک خۆی بە زاناو خوێندەوار دەزانێ گوێ ناگرێ و فێرنابێ و چارەسەر ناكرێ).
2- گوێ نەدان و نەزانینی نرخ و بەهای زانست و مەعریفە :
واتە گوێنەدانە فێربوون و پەیداكردنی زانست، هەروەها هەست نەكردن و بێ ئاگابوون لە بایەخ و زەرورەتی مەعریفە لە ژیانی مرۆڤەكاندا، كە ئەمەش بە تێڕوانینێكی ئەخلاقی خووێكی ناپەسەندو نەشیاوە و پێچەوانەكەشی كە بایەخدان و هۆشیاریی و سووربوونە بەخۆچەكدار كردن بە مەعریفە بە خەسڵەتێكی گەورە و بەرزو پیرۆز لە قەڵەم دەدرێ! گوێ نەدانە زانست و نەبوونی هۆشیاریی دەبێتە هۆی وازهێنان لە كتێب و خوێندنەوە، بە كەم تەماشاكردنی مەعریفە، دەرەنجام نەبوونی (خوێندنەوە) بە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەكان.
ئەڵبەت پەرەسەندنی دیاردەی (بێ هیوایی) بە تایبەت لەنێو گەنجەكاندا، تەماویی بوونی چارەنوس و ناڕوونی داهاتوو، پەراوێزخستن و بەگژدا چوونەوەی كەسە ڕۆشنبیرەكان و تەقدیس كردنی بەرانبەرەكانیان، دەگونجێ پاڵنەرو هۆكاری سەرەكی ئەم حاڵەتە بن، تا ئەو ڕادەیەی كەسانی خوێنەر ناشیرین تەماشا بكرێن و، پڕۆسەی خوێندنەوە و عەوداڵ بوونی مەعریفەش بە فەوتاندنی كات و بەفیڕۆدانی تەمەن لێك بدرێتەوە!
3- ژمارەسازیی و سەرقاڵ بوون بە تۆڕە ئەلیكترۆنییەكانەوە :
ژمارە سازیی كە بە عەرەبی پێی دەوترێ: (الرقمنة) دەستەواژەیەكی نێو جیهانی تەكنۆلۆژیایە، واتە: گواستنەوەی زانیاریەكان بۆ چوارچێوەیەكی ژمارەیی كە دەكرێ لەڕێی شاشەی كۆمپیوتەرەكانەوە لە شێوەی دەنگ یان وێنە یان نوسین تەماشا بكرێ و بەهەر شێوەیەك خۆمان بمانەوێ تەحەكومی بكەین، ئاشكرایە ژمارەسازیی كەشێكی لەبارو ئاسانی ڕەخساندوەو، زۆرێك لە بەربەست و ناڕەحەتیەكانی زۆر بواری نێو ژیانی مرۆڤەكانی لابردووە، ژمارەسازیی گرنگترین دیاردەی شۆڕشی تەكنۆلۆژیای پەیوەندیەكانە كە بە وێستگەیەكی سەرەكی ڕووداوو پێشهاتە گەورەكانی مێژوو لە قەڵەم دەدرێ لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی یەوە، بۆیە چەرخی دوای خۆی وەك چەرخی پێش خۆی نیە، بەهۆی ئاسانكردن و نزیكردنەوەی مەعریفە و نەریتە جیهانیەكان لە یەكتری و، وەلانانی بەربەست و تایبەتمەندییە ڕووناكبیریی و شارستانیەكان و، دروستكردنی ئەو كاریگەریە مەزنە بەرفراوانەی كە لە هۆشیاری گشتیدا هێناویەتیە ئاراوە.
تەكنۆلۆژیا و تۆڕە ئەلیكترۆنیەكان لە بواری هەواڵ و گواستنەوەی ڕووداوەكاندا شوێنەواری سیحری لەسەر نەوەی نوێ و تازە پێگەشتووەكان بەجێ هێڵاوە، بەڵكو لە بواری مەعریفیشدا كاریگەری بێ وێنەی دروست كردووە و، هەموانی لە كتێب و نوسین و نەریتی خوێندنەوە و پەیداكردنی مەعریفە دوور خستۆتەوە!
بەداخەوە ئەم جۆرە كەسانە ڕۆژانە چەندان كاتژمێر لە كات و تەمەنی خۆیان بەفیڕۆ دەدەن و، بەلایانەوە نە كتێب و نەخوێندنەوە ئەوەندەی وێنەیەكی نوێی سەرشاشەكانیان یان سەیركردنی كۆمێنتە سادەكان بایەخ و چێژی نیە!
ئاشكرایە ئەوانەی ئالودەی ئەم حاڵەتە بوون هەیمەنەكردنی تەكنەلۆژیاو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و، بە ئاسان وەرگرتن و خێرا گواستنەوەی زانیاریەكانیان كردۆتە بەڵگە و بیانووی دووركەوتنەوە لە كتێب و خوێندنەوە و بەهێزكردنی لایەنی مەعریفی خۆیان!
4- نەبونی پاڵپشتی سیاسی :
مەعلومە چوارچێوەی سیاسیی پڕۆسەیەكی گرنگی هەموو بوارێكە، واتە سیاسەت دەكرێ ببێتە پاڵپشت بۆ هەر هەنگاو و كردەوە و پڕۆژە و دیاردەیەك یان ببێتە هۆكاری لابردن و ڕەتكردنەوە و سڕینەوەی، بۆیە دەبینین مێژووی مرۆڤایەتی زۆرێك لەو هەڵوێستانەی سیاسەتما پیشان دەدات كە فاكتەری سەرەكی بوون لەسەر خستنی چەندان پڕۆژەی فیكریی و زانستیی و مەعریفیی جیاواز، یان هۆكاری سەرەكی ڕەتكردنەوە و شكستخواردنی ئەو پڕۆژانە بوون ئەگەر پێچەوانەی سیاسەتەكە بوو بن!
لە ئەنجامدا هەر ئاڕاستەو فیكرو ئایدۆلۆژیایەك ئەگەر پاشخانێكی سیاسیی دیاری كراوی بووبێت گەشەی كردووە و سەركەوتنی بەدەست هێناوە! زۆر بەر گوێمان دەكەوێ كە لەمێژووی ئیسلامیدا خەلیفە و فەرمانڕەواكان هانی زاناو نوسەرەكانیان داوە و لەبەرانبەر نوسینی هەر قەصیدەیەك یان دانانی كتێبێكدا كێشی ئەوەندە ئاڵتوونیان پێشكەش كردوون! هەرئەم هاندان و سەنەدە سیاسیە بەهێزەش بووە هۆی بەرهەمهێنانی هەگبەو خەزێنەیەكی گەورە لە كەلتوری مەعریفیی ئیسلامیی كە توانی گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتی پێشكەش بكات!
لەم قۆناغەدا ئەگەر سیاسیەكان ئەوەندەی گرنگی و بایەخ بە گۆرانی و هونەرو وەرزش دەدەن ئەگەر چارەكێكی ئەوە گرنگی بە كتێب و مەعریفە و هانی خوێندنەوە بدەن ئەوا گەورەترین وەرچەرخان ڕوودەدات لەبواری دروستكردن و پێگەیاندنی مرۆڤی خوێنەرو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەعریفی هۆشیارو پێشكەوتوو و نمونەیی!
زەقترین بەڵگە لەسەر پشتگیری نەكردنی دەسەڵات و لایەنی ڕەسمی بە كتێب و بواری خوێندنەوە: دەبینین نوسەرێك یان كەسایەتیەكی ئەكادیمی چەندین ساڵ سەرقاڵی نوسین و بەرهەمهێنانی كتێبێك دەبێت بەبێ ئەوەی لەبەرانبەردا هیچ یارمەتیەكی ماددی و دارایی یان تەنانەت مەعنەویشی پێشكەش بكرێ، نەك تەنها ئەوە بەڵكو هیچ مافێك لە مافەكانی خۆی پێ ڕەوا نابینرێ لە هیچ لایەك لە لایەنەكانەوە، نە لەلایەن ئەو دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەیەی كە ئەو مامەڵەی لەگەڵدا كردووە، نە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە كە تاكە لایەنی پەیوەندیدارو بەرپرسە لە پڕۆسەی بڵاوكردنەوە و دابەشكردن و پاراستنی مافەكانی ئەو نوسەرە، ئەمە بە پێچەوانەی بوارەكانی تر كە كێ بەركێی لایەنی مەعریفیی دەكەن و پارەو یارمەتی خەیاڵی و زەبەلاحیان بۆ تەرخان دەكرێ!
بەڕای من غیابی سیاسی لە هاندانی كۆمەڵگە بۆ خوێندنەوە لە لایەكەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هۆشیاریی سیاسی و مەعریفی لەلایەن سیاسیەكان خۆیانەوە، واتە بەهۆی فشارە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیەكانەوە زانست و مەعریفەیان وەلاناوە، لەلایەكی تریشـەوە وەك پێویست ئاشنای كتێب و بەهاو نرخ و قورسایی مەعریفە نین! کەئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر تاکەکان دروست کردووەو ، کۆمەڵگەش بەرەو نەزانی و نەفامی ودواکەوتوویی زیاتر دەبات.
سەرچاوە : سپیمیدیا