بەپێی هەواڵی میدیاکان و خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو دادگەیە بڕیار لەسەر چەند دۆسیەیەکی دیکەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدات، دیارترینیان چارەنووسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە. کورد واتەنیش تاریکی مانگ سەرلەئێوارە دیارە، بڕیارەکان بەجۆرێک دەبن تەنگەژەی زیاتر بۆ کوردستان دەخوڵقێنن، چونکە لە بنەڕەتدا هەموارکردنەوەی یاسای دادگەی فیدراڵی و پێکهێنانەوەی دەستەی بەڕێوەبردن و میکانیزمی دەرچوواندنی بڕیارەکانی ئەم دادگەیە بەوجۆرە نادەستوورییە، بەشێک بوو لەو ستراتیژە هەرێمایەتییەی بۆ بچووککردنەوە و لەقاڵبدانی کورد لە ئارادایە.
دادگەکە وەک باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری کە بڕیارەکانی یەکلاکەرەوە و حوکمی کۆتایین، کراوەتە ئامرازی بەجێگەیاندنی ئەرکێک بۆ تواندنەوەی قەوارە تاقانەکەی کورد، بەڵام ئەوەی یارمەتیدەرە لە رەخساندنی دەرفەت بۆ دادگەکە و خۆشکردنی زەمینە بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی دژ بە کوردستان، کورد خۆیەتی، چونکە لەلایەک ئەوانەی ئەرکی دیاریکردن و گەیاندنی دۆسییەکانیان پێسپێردراوە کوردن و لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان خۆیشیان بەشی ئەوە پاساویان داوە تا وێناکە بەو جۆرە دەرکەوێت کە دادگە ئەرکە دەستوورییەکەی جێبەجێدەکات و ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کراون، لادانن لە دەستوور. ئەم پاساوانەی هەرێمی کوردستان بوونەتە هۆکار بۆ رووپۆشی ئامانج و نیەتی راستەقینەی دادگەی فیدراڵی، لە عێراق و لەناو هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەپێشچاوی دونیای دەرەوەش دیمەنەکە وەک خۆی نابینرێت و نیەتەشاراوەکانی ئەم دەسەڵاتە دادوەرییەی بەغدا بەشاراوەیی دەمێننەوە.
ئەوەی دەبێتە واقیع لەپێشچاوی دونیا ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی پێچەوانەی دەستوور نراون و دادگەی فیدراڵی لادانە دەستوورییەکان رێک دەخاتەوە،
بێگومان بۆ هەر کەسێک ئیدراکی ئەوەی نەبێت پشتی رووداوەکان ببینێت، راستەوخۆ لایەنگیریی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەکات، چونکە پاساوەکە بەشی ئەوە رەوایەتیی تێدایە کە بڕیارەکان وەک بڕیاری دادپەروەرانە ببینرێت.
بۆ نموونە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، هەر کەسێک نەک شارەزای یاسایی و دەستووری هەبێت، تەنیا ئەلف و بێی سیاسەت بزانێ، دەزانێ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نادەستوورییە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە خۆتان لاتان روونە کارێکی نادەستوورییە، بۆچی دەیکەن؟ یاخود ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە چەند ساڵێکە وادەی یاساییان تەواو بووە، سبەی کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەکانیش بدات، ناتوانرێت قەناعەت بە رای گشتی بکرێت ئامانجی دادگەی فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە، چونکە لە راستیدا هەرێمی کوردستان پێشێلی بنەما دەستووری و یاساییەکانی کردووە.
چی رێگربووە لەوەی لە کات و وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. من ئێستاش لەو نهێنییە تێنەگەیشتم ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بۆچی هەڵبژاردنی ئەنجامنەدا و تەمەنی خۆی درێژکردەوە کە هیچ گرفتێک لەئارایا نەبوو تا رێگربێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
وەک بڕیارتاندا هەڵبژاردن دوابخەن و تەمەنی پەرلەمانە بێدەسەڵاتەکە درێژبکەنەوە، بۆچی پێش ئەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنتان کارانەکردەوە کە ئەویش چەند ساڵێک بوو تەمەنی یاسایی تەواو ببوو؟ یاخود بۆچی پێش بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، یاسای هەڵبژاردنتان هەموارنەکردەوە و نەتانکردە فرەبازنەیی؟ بۆچی وادەی هەڵبژاردنتان دیاریی نەکرد؟ کێ رێی لێگرتبوون ئەوە بکەن کە ئەگەر ئەوکات ئەو بڕیارانە بدرابان، ئێستا دادگەی فیدراڵی نەیدەتوانی رێگە لەوە بگرێت هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجام بدرێت، کە دوور نییە ماوەیەکی دیکە بڕیاری ئەوە بدات لەبەر نەبوونی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق ئەو رۆڵە لە هەرێمی کوردستان بگێڕێت تاوەکو کاتی هەڵبژاردن و دروستکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان.
هەرچەندە بەڕەهایی باوەڕم وایە ئەم دادگەیە بڕیار لەسەر هیچ پرس و بابەتێک نادات کە پێچەوانەی ئەو ستراتیژە هەرێمایەتییە بێت کە وەک بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری بۆ بەڕێوەبردنی عێراق داڕێژراوە، بەڵام بۆ ئەوەی حەقیقەتی دادگەکە و ئامانجە ستراتیژییەکانی و بوون بە ئامراز بەدەستی سیاسییەکانەوە بۆ هەموولا دەرکەوێت، پێشنیاز دەکەم هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک سکاڵا بەرێتە دادگەی باڵای فیدراڵی.
با سکاڵاکان هیچیان پەیوەندییان بە مافەکانی کورد و هەرێمی کوردستانەوە نەبێت، سکاڵا نەبێت لە داگیرکردنی زەویوزاری کورد و دەرکردنی جووتیارانی کورد و هێنانی عەرەب بە پاڵپشتیی سوپا و حەشدی شەعبی، با سکاڵا نەبن لەو پێشێلکارییە دەستووریانەی پەیوەندی بە جێبەجێکردنی مادەی 140و ماف و شایستەی پێشمەرگەوە هەیە، بەڵکو سکاڵا لەو رەفتار و بڕیار و کار و کردەوانە بکات کە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەنجامدراون و هەموویان پێچەوانەی دەستوورن. پێویستیی گرتنەبەری ئەم رێکارە لەوەدایە کە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە دەرخستنی حەقیقەتی دادگەکە، چونکە وەک مانگی چواردە روونە دادگە ئەو کەیسانە نابینێت کە پەیوەندییان بە نادەستووریبوون و لادانە دەستوورییەکانی دەسەڵاتی شیعەوە هەیە. ئەگەر کەیسەکانیش ببینێ یان بە پاساوی ئەوەی پەیوەندی بە دەسەڵات و تایبەتمەندیی ئەوانەوە نییە، خۆی دەدزێتەوە، یان بە قازانجی هەژموونی شیعە بڕیاریان لەبارەوە دەدات. هەر کام لەمانەش بکات قازانجەکەی ئەوەیە رای گشتیی عێراق و کوردستان و دونیای دەرەوەش ئەو راستییەیان بۆ دەردەکەوێت پەیڕەوکردنی سیاسەتی بانێک و دوو هەوای دادگەی فیدراڵی چی لە پشتەوەیە.
بۆیە داواکارم هەرێمی کوردستان تیمێکی شارەزای یاسایی و دەستووری و ئاگادار لە رەوشی ئیداری و سیاسیی عێراق رابسپێرێت بۆ تۆمارکردنی سەتان سکاڵا لەسەر لادانە دەستوورییەکانی عێراق. لە خراپترین دۆخدا سوودی ئەوەی هەیە بەشی ئەوە دادگەی فیدراڵی سەرقاڵ دەکرێت کە هەموو کات و تواناکانی بۆ دژایەتیی کورد و کوردستان تەرخان نەکات.
سەرچاوە : ڕووداو