خەندان
ڕۆژنامەنوسێكی كورد لەڕێگەی وێنەی مانگە دەستكردەكانەوە تیشك دەخاتە سەر بڕینەوەی بەردەوامی دارەكان لە ناوچەی عەفرین (ئەفرین)ی ڕۆژئاڤای كوردستان کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە، وێنەكان بە ڕونی قەبارەی بڕینەوەی دارەكان و ئەو گۆڕانگارییە گەورەیەی كە ڕویداوە نیشان دەدەن .
جەمال بالی ڕۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەرێكی كوردە لە ڕۆئاوای كوردستان وێنەكانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاوكردوەتەوە و دەڵێت، "بینەربن کە چۆن دارستانە چڕەکانی عەفرین بونەتە ناوچەیەكی گەورەی بێ بەرهەم، دوای ئەوەی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی لە ساڵی 2018دا عەفرینیان داگیرکرد".
لە ماوەی شەش ساڵدا زۆربەی دارستانەکانی عەفرین و هەزاران دار زەیتونیان بڕیوەتەوە
ئاماژەی بەوەشكرد، "توركیا و بەكرێگیراوەكانی لە ماوەی شەش ساڵدا زۆربەی دارستانەکانی عەفرین و هەزاران دار زەیتونیان بڕیوەتەوە".
لەمانگی (كانونی دوەم/1)ی 2018 سوپای توركیا هێرشی كردە سەر ناوچەی عەفرین لە ڕۆژئاڤای كوردستان، لەوكاتەوە چەندین ڕاپۆرت لەبارەی تاوانە ژینگەیەكانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەكانی بڵاوكراونەتەوە، ناوچەکە بە بەرهەمهێنانی زەیتون ناسراوە، بەڵام لەدوای هێرشەكەی توركیاوە، داربڕین و فرۆشتنی دار زەیتونەکان و گۆڕینی زەویەكانی ناوچەكە بۆ مەبەستی سەربازی و نیشتەجێبون، زیانێکی زۆری بەناوچەكە گەیاند.
لە سێ ساڵی یەكەمدا زیاتر لە 58%ی دارستانەکانی عەفرین لەناوبراون
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی PAXی هۆڵندی تەنها لەماوەی سێ ساڵی سەرەتای داگیركردنی عەفرین و تا ساڵی 2021، زیاتر لە 58%ی دارستانەکانی ئەو بەشەی ڕۆژئاڤای كوردستان بڕدراونەتەوە و لەناوبراون.
سەرچاوە : خەندان