بڕیارە ئەمڕۆ ڕووداوێكی ناخۆش ڕووبدات

گابرێل گارسییا ماركیز ڕاهاتبوو كە چیرۆكەكانی هێندە لە مێشیكدا بهێنێت و ببیات تا بگاتە شوێنێك كە پێیوابێت ئیدی كاتیەتی بیخاتە سەر كاغەز. خۆی ئەم قۆناغەی بەخۆشترین بەشی نووسین دەزانی، دەیگوت بیرۆكەكان بۆ چەندین ساڵ لە زەینیدا دەمێننەوە. بۆ نموونە ڕۆمانی (سەد ساڵ تەنیایی) كە بیرۆكەكەی نۆزدە ساڵ لە مێشكی ماركیزدا خولی خوارد. دەیگوت، زۆرێك لەم چیرۆكانە لە كاتی نووسیندا بەئەستەم بەبیرۆكە سەرەتاییەكە دەچن.
ئەمەی دەیخوێننەوە یەكێكە لەو بیرۆكانەی ماركیز، كە لە وەختی گوتاردان لەناوەندێكی فەرهەنگی ڤەنزوێلا دەیگێڕێتەوە:
وێنای گوندێكی زۆر بچووك بكەن، كە ژنێكی كامڵ بەدوو منداڵەوە تێیدا دەژی، كوڕێكی حەڤدە ساڵان و كچێك كە هێشتا نەبووە بەچواردە ساڵ. ژنەكە ژەمی بەیانی ئەدات بە منداڵەكان و سیمای تەواو خەمناكە. منداڵەكانی دەپرسن مەسەلە چییە.
ئەویش وەڵام ئەداتەوە: (نازانم، بەڵام لە بەیانییەوە لەخەو هەستاوم هەست دەكەم بڕیارە ئەمڕۆ ڕووداوێكی ناخۆش لەناو دێ ڕووبدات).
منداڵەكان بەدایكیان پێدەكەنن و دەڵێن ئەمجۆرە نیگەرانیانە بەهۆی ئەوەوەیە كە پیر بووە، هیچ نییە و هیچ ڕوونادات.
كوڕەكە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە بۆئەوەی یاری بلیارد بكات، هەر ئەوەندەی كە دەیەوێت لە تۆپێكی زۆر ئاسان بدات، بەرامبەرەكەی دەڵێت: (لەسەر پیزۆیەك گرەو دەكەم ناتوانیت لەو تۆپە بدەیت).
هەمووان دەست دەكەن بە پێكەنین، كوڕەكەش پێدەكەنێت، لێدانەكەی تۆمار دەكات و لە تۆپەكە نادات. كوڕەكە پیزۆكە ئەدات بە كەسەكەی بەرامبەری و ئەویش دەپرسێت: (چی بوو؟ خۆ تۆپێكی زۆر ئاسان بوو)؟
كوڕەكە دەڵێت: (ڕاستە ئاسان بوو، بەڵام من نیگەرانی ئەو قسەیە بووم كە بەیانی دایكم گوتی بڕیارە لەناو دێ ڕووداوێكی ناخۆش ڕووبدات).
هەمووان بە قسەی كوڕەكە پێدەكەنن و ئەو كوڕەی پیزۆكەی بردووەتەوە دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە بۆلای دایكی و پور و پورزایەكی كە لە ماڵیانن و دەگێڕێتەوە كە: (من وەكوو ئاوخواردنەوە ئەم پیزۆیەم لە داماسۆ بردەوە، زۆر گەمژەیە).
(بۆچی گەمژەیە)؟
كوڕەكە دەڵێت: (بابەگیان لە نیگەرانیدا نەیتوانی لە تۆپێكی زۆر ئاسان بدات، لەبەرئەوەی دایكی بەیانی لە خەو هەستاوە و گوتویەتی بڕیارە ڕووداوێكی ناخۆش لەناو دێ ڕووبدات).
دایكی كوڕەكە دەڵێت: (گاڵتە بە نیگەرانیی پیرەكان مەكە، لەبەرئەوەی هەندێك كات قسەیان بەڕاست دەگەڕێت).
ژنێكی خزمیان گوێی لەم قسەیە دەبێت و دەڕواتە دەرەوە بۆئەوەی گۆشت بكڕێت. بەقەسابەكە دەڵێت: (نیو كیلۆ گۆشتم پێ بدە).
هەر ئەوەندەی قەسابەكە گۆشتەكە لێدەكاتەوە دەڵێت: (بیكە بە كیلۆیەك؛ چونكە ئەو خەڵكە دەڵێن بڕیارە ڕووداوێكی ناخۆش لەناو دێ ڕووبدات، باشتروایە ئامادەبم).
وەختێ دوای ئەو، ژنێكی تر دێت نیو كیلۆ گۆشت بكڕێت، قەسابەكە پێی دەڵێت: (كیلۆیەك ببە، چونكە ئەو خەڵكە ئەمڕۆ دەیانگوت بڕیارە ڕووداوێكی ناخۆش لەناو دێ ڕووبدات و باشتروایە ئامادە بن و شتومەك بكڕن).
پیرەژنەكە دەڵێت: (من چەند منداڵێكم هەیە، باشتروایە دوو كیلۆم پێ بدەیت) ژنەكە دوو كیلۆ گۆشت دەكڕێت و... بە كورتی لە ماوەی نیو سەعاتدا قەسابەكە هەرچی گۆشتی هەیە دەیفرۆشێت و مانگایەكی دیكە سەردەبڕێت و ئەویش دەفرۆشێت و دەنگۆكە بڵاو دەبێتەوە. ئەو ساتە بەسەردا دێت كە هەمووان لەناو دێ چاوەڕوانن ڕووداوێكی ناخۆش ڕووبدات. چالاكییەكان دەوەستن و لەناكاو سەعات دووی پاشنیوەڕۆ كەشوهەوا وەك هەمیشە گەرم دەبێت.
كەسێك دەڵێت: (دەزانن ئەمڕۆ كەشوهەوا چەندە گەرمە)؟
(بەڵام لێرە هەمیشە هەروا گەرمە).
كەشوهەوا لەم دێیەدا هێندە گەرمە، ئەو مۆسیقییانەی ئامێرەكانیان بە قەتران چاك كردبووەوە، هەردەم لە سێبەردا مۆسیقایان دەژەند چونكە ئەگەر لەبەر خۆردا بیانژەندایە ئامێرەكانیان هەڵدەوەشا.
كەسێكی تر دەڵێت: (سەرباری ئەوەش هەرگیز لەم كاتەی ڕۆژدا هەوا ئەوەندە گەرم نەبووە).
(وایە، قەت هێندە گەرم نەبووە).
لەناكاو باڵندەیەكی بچكۆلانە دێت بەرەو لادێ چۆڵەكە و لە گۆڕەپانەكە دەنیشێتەوە. هەواڵەكەی بە هەموو شوێنێكدا بڵاو دەبێتەوە.
(باڵندەیەكی بچكۆلە لە گۆڕەپانەكە نیشتووەتەوە).
هەمووان دەڕۆن بۆ گۆڕەپانی لادێكە و وەختێ باڵندە بچكۆلانەكە دەبینن زەندەقیان دەچێت.
(بەڵام خۆشەویستان، خۆ باڵندەی بچكۆلانە هەمیشە لەناو ئەم لادێیەدا هەبووە).
(بەڵێ وایە، بەڵام هەرگیز لەم كاتەی ڕۆژدا شتی وا ڕووینەداوە)
ساتێكی پڕ گوشارە بۆ خەڵكی لادێكە و هەمووان سەبارەت بە جێهێشتنی لادێكە بێتاقە بوون، بەڵام كەس بوێریی ئەو كارەی نییە.
كەسێك لەناو كۆمەڵەكەوە هاوار دەكات: (ئێ، من بوێریی ئەوەم هەیە. من دەڕۆم).
پیاوەكە كەلوپەلەكانی كۆدەكاتەوە، منداڵەكان و ئاژەڵەكانی لەناو عەرەبانە جێ دەكاتەوە و بە شەقامی سەرەكی لادێكەدا تێدەپەڕێت، كە خەڵكە بێچارەكە ڕاوەستاون و تەماشای دەكەن. ئیدی ئەو ساتە دێت كە هەمووان دەڵێن: (ئێستا مادام ئەو بوێریی ئەوەی هەبوو بڕوات، كەوایە ئێمەش دەڕۆین).
هەمووان دەست دەكەن بە چۆڵكردنی لادێكە و گشت شتێك لەگەڵ خۆیان دەبەن، ئاژەڵەكان، هەموو شتێك.
یەكێك لە كۆتا كەسەكان بەدەم جێهێشتنی لادێكەوە دەڵێت: (وەرن با ڕێگە نەدەین بەدبەختی دابارێت بەسەر هەرچییەك لەناو خانووەكانماندا ماوەتەوە).
دەست دەكات بە سووتاندنی خانووەكەی و ئەوانی تریش خانووەكانیان دەسووتێنن. ئەوان بەوپەڕی ترس و تۆقینەوە لادێكە جێدەهێڵن، وەك ئەوەی كۆچكردنێك بێت بۆناو جەرگەی دارستان.
لەناو ئەو كۆچبەرانەدا هەمان ژن هەیە كە نیگەران بوو بوو، هاوار دەكات و دەڵێت: (خۆ من وتم بڕیارە ڕووداوێكی ناخۆش ڕووبدات، ئێوە وتتان شێت بوویت).

گابرێل گارسییا ماركیز
ئارام ڕەشید

سەرچاوە: galawej