بڕۆنەوە!

 

  دلێر محەمەد

بڕۆنەوە! بگەڕێنەوە نێو ئەشکەوتەکان. بڕۆنەوە! هەموو شتەکانی خۆتان ببەنەوە و هەموو شتەکانی خۆمان پێ بدەنەوە. بڕۆنەوە بۆ ئەو شوێنانەی لێوەی هاتبوون، تا هەر وەکو ڕووناکییەکەی جاران لە  دوورەوە بتانبینین. ئێوە لە نزیکەوە زۆر ناشرینن. 

ڕەنگە بڵێن بۆچی؟ ڕەنگە بپرسن ئاخۆ بۆچی دونیای ئێستاتان، بە هەموو پۆخڵەواتەکانییەوە پێ باشتر نیە لە دونیای پێش یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین؟
 

ئەڵێم نەخێر! ئەمڕۆ و لە دوای زیاتر لە سی ساڵی تەمەنتان، پڕ بە دڵ ئەتوانم بڵێم نەخێر. 
 

ئەڵێم نەخێر چونکە دونیای سادەیی ئێمەتان کوشت و دونیایەکی ئاڵۆزتان بۆ خوڵقاندین. هەر بۆیە دەڵێین بڕۆنەوە و ئاڵۆزییەکانتان ببەنەوە، بڕۆنەوە و سادەییەکانمان بۆ بگێڕنەوە.
 

 ئەمڕۆ سلێمانی و هەولێر و دهۆک بوون شاری ملیۆنی. ژمارەی باڵەخانە و هۆتێل و مەلەوانگە ومەلها و گازینۆ و ڕێستورانتەکانی بێ شوومارن. هەموویان بپێچنەوە و لە گەڵ خۆتاندا بیانبەنەوە بۆ ئەشکەوتەکان. شارە چەند سەدد هەزارییەکەی جارانمان بۆ بگێڕنەوە، چەند هۆتێلێک و چەند ڕێستورانتێک و چەند چاخانە و چەند کتێبخانەیەک و چەند یانەیەکی مەی خواردنەوەمان بدەنەوە.
 

 ئەمڕۆ دونیای ئێمەتان پڕ کردووە لە ڕیش و جبە و نیقاب و حیجاب‌ و حەڵال و حەرام. ئەمڕۆ خوێنی گەنجان حەڵال ئەکەن، بەرماڵ هەڕاج ئەکەن، قاچاخچێتی بە کەعبەوە ئەکەن، ژن ئەکوژن، ژن ئەخوازن، ژن سەبی ئەکەن و وەکو کاڵا بە بازاڕەکاندا ئەیانگێڕن. ژمارەی مزگەوتەکان هێندەی ژمارەی دانیشتووانە و نوێژی هیچیان لە لای ئەوی تریان ناگاتە لای خوا. هەر هەموویان ببەنەوە لە گەڵ خۆتاندا بۆ ئەشکەوتەکان. تەنها بەرماڵە خاوێنەکەی باپیرەم و سەرپۆشە سپیەکەی داپیرەم و مزگەوتی کاک ئەحمەدی و مزگەوتی شێخی چۆلی و مزگەوتی ئیخوان و مزگەوتەکانی لاکۆڵان و کەنیسە و پەرستگاکان و لالشم بۆ بەجێ بێڵن. ئەوانە بەشی ئیمانی هەر هموومان ئەکەن و پێویستمان بەم ئایینە نوێیانە نیەو بیبەنەوە بۆ خۆتان. 
 

 بڕۆنەوە، هەرچی ڕۆژنامە و سەتەلایت و ڕادیۆیە، لە گەڵ خۆتاندا بیبەوە و تەنها ڕادیۆ تەشویشەکەی ئێزگەی گەلی کوردستان و دەنگی کوردستانی عێراقمان بدەنەوە. ئەو دەنگە کزەی جارانتان کە بەشی کوردایەتی هەموومانی ئەکرد. نەوەک ئەم هەموو میدیایەی ئەمڕۆ کە هەر ڕۆژە بۆ داگیرکەرێک سەما دەکەن و هەر ڕۆژە و هەلهەلە بۆ ئەتککردنی پارچەیەکی کوردستان لێ دەدەن. بڕۆنەوە هەموو کتێبە بیرەوەرییە سیخناخ بە ڕق و خوێن و درۆکانیشتان، لە گەڵ خۆتاندا ببەنەوە و ئەو کەمە درۆیەی شاختان کە بەشی قەناعەتی هەموومانی ئەکرد، بەس بوون.
 

بڕۆنەوە لەوە زیاتر کوردبوون و کوردایەتی ناشرین مەکەن. بڕۆنەوە و هەموو دروشم و ئاڵا و وتارە دوور و درێژەکانتان ببەنەوە، چونکە شەقی مولازم موحسینەکان کوردایەتی باشتر فێر ئەکردین لە دەسەڵاتی دەست و پەنجە خوێناوی و گیرفان بڕ و خیانەتکاری وەکو ئێوە.
 

بڕۆنەوە با سنورەکانمان لە هەر چوار لاوە لە سەر داخەن. بڕۆنەوە با شارەکان بکەن بە زیندان بۆ خێزانەکانمان. بڕۆنەوە و خۆشەیستی و وابەستەگیمان بە خاکەوە بۆ بگێڕنەوە. چونکە لە سەردەمی ئازادی و بێخەمیدا، هەڵهاتن لە دەستی ئێوە بووە بە کوردایەتی. بڕۆنەوە و لە کۆڵمان ببنەوە، وا هەمووان بووین به خۆراکی ئیجەکان و عاشق بە خنکانی خۆمان بووین.
 

بڕۆنەوە با زیندانەکانی جاران پڕ بن لە لاوی خوێن گەرمی نشتیمان، نەوەکو زیندانەکانی ئێستای ئێوە کە پڕ پڕن لە ڕۆژنامەنووس و نەیاری حزب و بێ تاوان. بڕۆنەوە جەلادە بێگانەکانی جارانمان بۆ بگێڕنەوە، چونکە برینی ئازاری جەلادی هاوزمان زۆر بە سۆیە. 
 

بڕۆنەوە و سی ساڵی تەمەنیشتان لە گەڵ خۆتاندا ببەنەوە. هەتا زووە بڕۆنەوە، زیان لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە. چونکە ئێوە نەوەیەکتان خستۆتەوە دواجار نە مرۆڤایەتی ئەفامێ و نە کوردایەتی. نەوەیەک ئامادەیە تەڕی ئێمە و وشکی ئێوەش پێکەوە بسووتێنێ.

نەوەیەک یان مەستی حەشیشە یان داعشە یان بێ ئیشە. بڕۆنەوە و سی ساڵی خۆتان ببەنەوە، چش لە سی ساڵی تەمەنی ئێمە. بڕۆنەوە و لێمان بگەڕێن تا دووبارە خۆمان خۆمان پەروەردەی نشتیمانی و مرۆڤایەتی بکەینەوە. بڕۆنەوە!

سەرچاوە ؛ سپیمیدیا