سەلڤادۆر دالی، یەكێك لە بەناوبانگترین نیگاركێشەكانی جیهان، لە 23ی ژانویەی 1989 كۆچی دوایی كرد و میراتێكی گەورەی تابلۆی ناتەقلیدی (جیاواز)ی بەجێهێشت و بەیەكێك لە پێشەنگەكانی قوتابخانەی سوریالیست دەژمێردرێت.
نەرگسییەكی سەیر و شێتانەی ھەبوو و بلیمەتێكی شێت یان تێكچوویان پێدەگووت، ھەر بەم پێناسەیەش جیهان نیگاركێشی ئیسپانی سەلڤادۆر دالی دەناسی، كە یەكێك بوو لە كەسایەتییە گرنگەكانی قوتابخانەی سوریالیستی، كە بە چەندین بەرهەمی ھونەری دانسقەی ناتەقلیدی بەرھەمـھێنا كە گوزارشت لە كەسایەتییە نامۆكەی خۆی دەكرد، ئەو بەو كارە ھونەرییە سەرەڕۆییانەی بینەر و خۆشەویستانی هونەری سەرسام كرد، هەمووانی تووشی شۆك كرد.
سەلڤادۆر فیلیپی جاسینۆ دالی-ی دۆمێنێچ لە 11ی ئایاری 1904 لە شاری جیرۆنا لەئیسپانیا لەنزیك سنووری فەرەنسا لەدایكبووە، لە خێزانێكی زۆر دەوڵەمەند كە هەموو داواكارییەكانی ئەو ھونەرمەندەیان بەدیهێناوە، ئەمەش وایكردووە كەسێكی بێباكانە دەربكەوێت و وەك كەسایەتییەكی باڵا خۆی ببینێت، ھەر ئەمەش وایكردووە تەنانەت نزیكبێتەوە لە شێتی، بۆیە كردارەكانی ناعەقڵانی بوون، واتا لە سنووری ھۆشیاریی مەریتی لایدەدا.
دالی هەندێك لەڕەفتارە نائاساییەكانی لەیاداشتنامەكەیدا تۆماركردووە و نووسیویەتی كە ویستوویەتی هاوڕێ نزیكەكەی بكوژێ كاتێك پاڵی پێوەناوە لەسەر بەردێكەوە، ھەروەھا لەگەنجیدا بەپێی لەسەری خوشكەكەی داوە و پشیلەیەكی ئەشكەنجە داوە تا مردن. ئەو تەنها ئازاری كەسانی تری نەدەدا، بەڵكو خۆی ئەشكەنجەدەدا، بۆ نموونە خۆی فڕێ دەدا لەسەر پلیكانەكان یان لەبەردەم هەموواندا خۆی دەخولاندەوە.
سەرەتای دەركەوتنی لەوكاتەوە دەستپێدەكات كە خوێندنی لە ئەكادیمیای مەدرید تەواوكرد، گەڕایەوە بۆ ناو دوونیای ھونەری تایبەتی خۆیی و ناوبانگی وەرگرت، ئەمەش سەرەتای ئاشنابوونی بوو لەگەڵ قوتابخانەی داهاتووگەرایی( المستقبلیە).
دالی لە ساڵی 1924 دەست دەكات بە گرنگیدان بە قوتابخانەی میتافیزیك و بنەماكانی كە لەلایەن جۆرجۆ سپیریكۆ و كارلوكارا پەرەی پێدرابوو، و ئەم قۆناغە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی هەبووە، چونكە لەگەڵ هەموو رێباز و فكر و ئەندێشەكانی هونەریدا ئاشنا دەبێت و ھەندێك لە هونەرمەندانی جیهانی ناسی، لەنێویاندا شاعیر فێدریكۆ گارسیا لۆركا كە لەگەڵیدا كارێكی شانۆیی ئەنخامداوە، كە یەكەم كاری شانۆیی خۆی بوو، هەروەها لویس بۆنیێل، كە خاوەنی بیركردنەوەیەكی چەپی پتەو بوو، لەسەرەتا دا ناكۆك بوو لەگەڵ بیركردنەوە سیاسییەكەی، بەڵام بەهۆیەوە بۆچوونە سیاسییەكانی لەگەڵیدا گۆڕا، كە وای لە فكری دالی كرد پێچەوانەبوونەوەیەكی سەیر رووبدات لە بیری بۆرژوازییانەوە بۆ بیری شۆرشگێڕانە لەكاتێكدا دالی لەو زەمەنەدا ملكەچی چێژەكانی ژیان بوو.
دالی لەماوەی خوێندندا حەزی لە خوێندنەوەی كتێبە فەلسەفییەكانی وەك نووسراوەكانی نیچە، ڤۆڵتێر، كانت، سپینۆزا بووە، هەروەها سەرنجی تەواوی خۆی ئاراستەی بەرهەمەكانی فەیلەسوف دیكارت كردبوو، كە دواتر بیرۆكەكانی لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفانە بۆ وێنەكێشان دانا.
دالی دوای ئاشنابوونی بەنووسراوەكانی نیچە و خوێندنەوەی كتێبی "بەم شێوەیە زاراتوستری"ی تەواو كرد، سمێڵی گەورە كرد و كەوتە ژێر كاریگەری نیچە حەزیدەكرد سمێڵی وەك سمێڵی نیچە بێت، بۆیە دوولاسمێڵی باریكی درێژی ھێشتەوە و تا كۆتایی ژیانی ئەم شێوەی پاراست.
دالی لەساڵی 1926 دەستی كرد بەڕێكخستنی كۆبوونەوە دەورەییەكانی لەگەڵ نیگاركێشە سوریالیستەكان، وەك لویس ئاراگۆن و ئاندرێ بریتۆن، كە بەشدارییان كرد لە پێشخستنی شێوازەكەی و تێپەڕاندنی بەرەو پێشكەوتنێ لەسەر هەموویان.
لە كۆتایی بیستەكانی سەدەی ڕابردوودا، دالی دەستی كرد بەگرنگیدان بە نووسینەكانی سیگمۆند فرۆید لەسەر گرنگیی وێنە نائاگاكان و لەم قۆناغەدا پەیوەندی بە "سوریالیستەكانی پاریس"ەوە كرد، كە كۆمەڵێك هونەرمەند و نووسەری سوریالیست بوو، بۆ ئەوەی بە ڕوونی شێوازی هونەری خۆی لەو كاتەدا پەرەپێبدات ھەرواش دەرچوو و بووە ڕووگەیەكی درەوشاوە لە سوریالیزم.
دالی لەسییەكانی سەدەی ڕابردوودا چووە نیویۆرك و لەوێش ستایلە هونەریەكەی لەژێر كاریگەری نیگاركێشی بەناوبانگ رافائیلدا بوو، بۆ ئەوەی دەست بكات بە زیادكردنی ناوبانگەكەی لەكارەكانییدا ژیانی تێوەگلانی جیهانی دەوڵەمەند و ئەرستۆكراتەكانی ئەو شارەی دەخستە پێشەوە.
دالی لەبارەی ئەو قۆناغەوە دەڵێت: "چێكەكان بەسەرمدا دەڕژان."
دالی بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگێكی نێودەوڵەتی پەنای بردە بەر شێوازی پێچاوپێچ، وەك پاڵپشتیكردنی لەدەسەڵاتی فرانكۆ لەئیسپانیا و لەسەردەمی سەرهەڵدانی حزبی نازی لە ئەڵمانیادا، دالی چەندین تابلۆی كێشا كە هیتلەر لەچەند دۆخێكی سەیردا وێنا دەكات، هەندێكیان ژن بوون، ئەمەش وایكرد ئەندرێ بریتۆن و هونەرمەندانی سوریالیست بڕیارێكی بەكۆمەڵ بدەن.بە دەركردنی لە بزووتنەوەی سوریالیست، جگە لەوەی تۆمەتباركردنی بەوەی كە زۆر حەزی لەپارەیە، بەڵام دالی لەوەڵامدانەوەیدا دوانەكەوت و وتی: "ناتوانیت من دەربكەیت، چونكە سوریالیزم منم."
لەساڵی ١٩٤٨ دالی گەڕایەوە كەتەلۆنیا، بەڵام گەڕانەوەی سروشتی نەبوو، بەو پێیەی بەرەو ئەو شتە ڕۆیشت كە ناوی لێنابوو "هونەری كلاسیكی ئایینی"، دوای ئەوە كۆمەڵێك تابلۆی ئایینی كێشا، وەك: "مادۆنا پۆرت لێگات"، كە بریتییە لە كچێك لە ڕووخساری هاوسەرەكەی و بەڕێوەبەری كارەكەی خاتوو (گالا).
دالی زۆرجار كاتژمێرە سەختەكانی لەقوتابخانەدا لەمنداڵیدا دەگێڕایەوە بە گرنگیدان بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی تابلۆی بەناوبانگی ژان فرانسوا میلێت لە ساڵی ١٨٥٩دا بەناوی ئەنجێلۆس كێشاویەتی، ھەروەھا یادەوەرییە كۆنەكانی فریشتەیەك لە ساڵی 1933.
ژیاننامەی ئەو نیگاركێشە بەناوبانگە جێگەی سەرنجن لەو كتێبانەی كە بڵاوی كردوونەتەوە، سەرەتا بە "ژیانی نهێنی سەلڤادۆر دالی" دەستی پێكرد، دواتر "ڕۆژژمێری بلیمەتێك لە پاریس" لە ساڵی 1964، كە ئەمەش لەیاداشتنامەكەی وەرگیراوە كە دەگەرێتەوە بۆ ئەو قۆناغەی لە... 1953تا 1963 لە ژیانیدا گوزەربووە.
لەساڵی 1984 دالی لە ژورەكەیدا لەهەلومەرجێكی گوماناویدا بەرووداوێك سووتێندرا لەناو ئەو قسە و باسانەدا كە گوایە خۆكوشتنێكە، یان ویستوویەتی خۆی بكوژێت، بەڵام نەمرد، لەدوای ئەم رووداوە (5) ساڵی دیكە ژیاوە، تا بەرواری 23ی 1ی 1989 كە دڵی وەستا، و ژیانی بەجێبهێشت، لەدوای مردن و بەجێهێشتنەكەی میراتێكی گەورەی پارە و كاری ھونەری لەدوا بەجێما .
حەمە ھاشم
سەرچاوە: galawej