''برینا رەش''ی مووسا عەنتەر بە سۆرانی بڵاودەکرێتەوە

دوای په‌رتووكی (بیره‌وه‌رییه‌كانم)، دووه‌م په‌رتووكی مووسا عه‌نته‌ر‌ بەناوی ''برینا رەش'' له‌ كورمانجییه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سۆرانی و بەمزووانە چاپ و بڵاودەکرێتەوە. 
محەممەد عزەدین لە کورمانجییەوە وەرگێڕانی بۆ پەرتووکەکە کردووە و له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌وه‌ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نزیكه‌ی شەش مانگه‌ سەرقاڵی ئه‌وه‌م ئه‌م ده‌قه‌ گرنگه‌ی ئاپێ مووسا له‌ كورمانجییه‌وه‌ بكه‌مه‌ سۆرانی. له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ ئه‌زموونێكی تازه‌ بوو بۆ من‌ كار بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌قێك بكه‌م له‌نێوان دوو دیالێكتی جیاوازی زمانی كوردی، بۆیه‌ زۆر به‌ وردی و سه‌رنجه‌وه‌ كارم له‌سه‌ر ده‌كرد. به‌داخه‌وه‌ پێموایه‌ ده‌قی شانۆییمان به‌ زمانی كوردی له‌ كتێبخانه‌ی كوردی كه‌مه‌، به‌ تایبه‌تی گه‌ر نووسه‌ره‌‌كه‌ی كورد بێت و ده‌قه‌كه‌ له‌ ناخی كێشه‌ و برینه‌كانی گه‌لی كورده‌وه‌ هه‌ڵقوڵا بێت."

كتێبه‌كه‌ له‌ 15 هەزار و 602 وشه‌ پێكهاتووه‌ نووسەری کتێبەکە مووسا عەنتەرە و لەشێوەی شانۆنامەیە. ژان دۆست، رۆماننووسی کورد پێشه‌كیی بۆ ده‌قه‌ سۆرانییه‌كه‌ و محه‌ممه‌د ئوزوون، نووسه‌ر و رۆماننووسیش پێشه‌كیی بۆ‌ كورمانجییه‌كه‌ی نووسیوه‌. لوقمان باپیر پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌قه‌ سۆرانییه‌كه‌ كردووه‌.

دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی ماڵباتی مووسا عه‌نته‌ر و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دیجله‌ عه‌نته‌ری كوڕی ئاپێ مووسا، ده‌ست به‌ وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌ كراوه‌. ئه‌م په‌رتووكه‌ دوای په‌رتووكی (بیره‌وه‌رییه‌كانم)، دووه‌م په‌رتووكی مووسا عه‌نته‌ره‌ ده‌كرێته‌ سۆرانی.

بڕیاره‌ به‌مزووانه‌ كتێبه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه‌ی فام له‌ ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان بڵاوبكرێته‌وه‌.

نووسەر و رووناکبیری کورد مووسا عەنتەر، ساڵی 1920 لە گوندی زڤینگێی نزیك لە نوسێبین لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە نوسێبین و ئەدەنە تەواوکردووە و پاشان لە زانکۆی ئیستەنبووڵ یاسای خوێندووە.
عەنتەر لە سەرەتای گەنجێتیدا تێكەڵ بە کاری سیاسی و کولتووری بووە و چەرمەسەریی زۆری چێشتووە. رۆژی 20 ئەیلوولی 1992 لە تەمەنی 72 ساڵیدا لە شاری ئامەد لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا.
 نووسەری نێوداری تورک یاشار کەمال لەبارەی مووسا عەنتەرەوە دەڵێت "هیچ كوردێكم نەدیت هێندەی مووسا عەنتەر هێمن و له‌سه‌رخۆ، بۆیه،‌ ناتوانم له‌ ده‌وڵه‌تی بكوژه‌كه‌ی‌ خۆشبم."

 

 

سەرچاوە: rudaw