باسی نیشتمانپەروەریم بۆ مەكە! وازم لێ بێنە؛ با بەچاوی خۆم بیبینم

 

د. سەعید عەلی محەمە

 

هەواڵێكم بەرچاو كەوت دەڵێ : پۆلیسی مەكسیك ئاگاداركردنەوەیەكی پێگەیشت تایبەت بە دیارنەمانی ( چوار مانگای ئەفریقی ، چوار بزن ، ئاسكێكی نمونەیی دەگمەن ، گوێدرێژێكی کێوی ، چوار ئاژەڵی تر ) لە باخچەیەكی ئاژەڵانی شارێكی ئەو وڵاتە! 
دوای ئەوەی پۆلیس خێرا دەستی كرد بە لێكۆڵینەوە ئاشكرا بوو كە بەڕێوبەری باخچەكە خۆی ئاژەڵەكانی بردووە و لە ماڵەكەی خۆیدا سەری بڕیون و، بە گۆشتەكەیان چەندین خوانی بۆ كەس و كارو دۆست و هاوڕێ و نزیكەكانی خۆی لە چەند بۆنەیەكدا سازو ڕێكخستووە! 

هەموو جارێ ناوی وڵاتی مەكسیك دەبیستم خێرا وتەی (بۆرفیریۆ دەیاز)ی سەرۆكی پێشووتری مەكسیكم بیردەكەوێتەوە كە دەڵێ : ( مەكسیك زۆر داماو بووە بەهۆی دووركەوتنەوەی لە خواو نزیك بوونەوەی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ! ) 
ئەڵبەت (دەییاز) ساڵی 1915 مردووە پێش ئەوەی ببینێ كە ئەمریكا بەربەستی جوگرافیای بەزاندووە و، ئێستاكە نەك تەنها لە مەكسیك بەڵكو لە هەموو وڵاتانی گۆی زەویەوە نزیكە و یاری بە چارەنووسی هەر هەموویانەوە دەكات!  بێگومان ئەوان بەلایانەوە وایە – هەروەك چۆن ئێمەش بەلامانەوە وایە – كە ئەمریكا سەرچاوە و هۆكاری سەرجەم كێشە و گرفتەكان نیە ، هەندێ جار هەندێ  كەس و هێز و لایەن زیاتر لە دوژمنانی وڵاتەكەیان دوژمنی وڵات و گەلەكەی خۆیانن! 

ئەمریكا هیچ پەیوەندییەكی بە بەڕێوبەری باخچەی ئاژەڵەوە نیە كە ئەركی پێشكەشكردنی خواردنە بە ئاژەڵەكانی ، كەچی بڕیاری داوە خۆی ئاژەڵەكانی بخوات! 

گومانی تێدا نیە قەڵا بەرزو قایمەكان ناڕوخێن ئەگەر لەناوەوە نەڕوخێنرێن !! دوژمنانی دەرەوە ناتوانن ئازار بە نیشتمانێك یان گەلێك بگەیەنن بە ئەندازەی ئەو ئازارەی كە كەسانی نێو ئەو گەل و نیشتمانە ئەتوانن بەخۆیانی بگەیەنن! 

فەرمانبەرێك كە بەرتیل وەردەگرێ دوژمنی وڵاتەكەیەتی! فەرماندەیەك كە دەست لەگەڵ دوژمندا تێكەڵ دەكات ، مامۆستایەك و بەڕێوەبەرێك و كاربەدەستێكی ساردو كەم تەرخەم ئەمانە هەموویان دوژمنی گەل و نیشتمانن! هێزو لایەنێك کە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەبێتە بەشێك لە ئەجێندای وڵاتێکی دەرەکی ، وەزیرێک کە لەسەربنچینەی كەفائەت و لێهاتوویی كەسانی دەورووبەر و ستافەكەی خۆی دیاری دەكات ، یەكە ئیدارییەكان كە لەسەر پێوەری پەیوەندی تایبەت و خزمە خزمێنە و عەشرەتایەتی و نزیكایەتی و دۆستایەتی فەرمانبەر بۆ خۆیان دەدۆزنەوە و شوێنە بەتاڵەكانیان پێ پڕدەكەنەوە ، شارەوانییەک کە ئەرکی سەر شانی خۆی جێبەجێ ناکات ، دایكێك كە بەرانبەر بەمنداڵەکانی خۆی خەمساردو کەمتەرخەمە ، باوکێک  که هەست بە بەرپرسیارێتی سەرشانی ناكات ، پیشەوەرێك كە گزی و فزی لە پیشەكەیدا دەكات ، میكانیكییەك كە درۆ دەكات ، پزیشكێك كە چاوچنۆكە و قۆڵی هاووڵاتی دەبڕێت ، بانگخوازو مەلایەك كە هەر ڕۆژە و بەجۆرێك دەكڕدرێ و دەفرۆشرێ ، سەرجەمی ئەمانە هەموویان دوژمنی سەرسەختی وڵات و گەلی خۆیانن ، ئەگەرچی تاكە گولەیەكیشیان بەرانبەریان نەتەقاندبێ! 

(دڵسۆزیی و نیشتمان پەروەریی)  وتاری دوورو درێژو، دیمانەی پڕ قسەی ڕازێنراوەی بێ كەڵك و، دروشمی بریقەداری بێ كردەوە نیە ، دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەریی ئەوەیە كە لە شتە بچوكەكانەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە شتە گەورە و خزمەتە گەورەكان ، هەر لە فڕێنەدانی پاشماوەكانەوە بۆ سەر شۆستە و ڕێگە گشتییەكان ، تا پابەندبوون بە كاتی دیاریكراوی دەوامەوە ، تا دەگاتە پابەند بوون بە هێماو یاساكانی هاتوچۆ و ڕێكردن و....تا دوایی . 

بابەتەكە با بەكورتی و پوختی بیڵێم : باسی دڵسۆزیی و نیشتمان پەروەریم بۆ مەكە ، وازم لێ بێنە با بەچاوی خۆم بیبینم و هەستی پێبكەم!

سەرچاوە : خەندان