بازاڕچەیەک لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کرایەوە

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری سنە و ژمارەیەک بەرپرس و هاووڵاتی، بازاڕچەی سنووری هەنگەژاڵ، کە دەکەوێتە سەر سنووری ئەو پارێزگایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کرایەوە.

ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە لە رێوڕەسمی کردنەوەی بازاڕچەکەدا، کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلوول بەڕێوەچوو، رایگەیاند، بە کردنەوەی بازاڕچەی هەنگەژاڵ دەرفەتێکی گونجاو بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ئابووریی قەزای بانە و دانیشتووانی سەر سنوور دەڕەخسێت.

زارعی کووشا گوتیشی، "کردنەوەی بازاڕچەکە کاتییە و بە جۆرێک لە جۆرەکان وەکو ئازارشکێنێکە و هیوادارین بە پەسندکردنی یاسای رێکخستنەوەی بازرگانیی سنووری و باشترکردنی دۆخی گوزەرانی دانیشتووانی سەر سنوور کە پرۆژەیاساکەی ئامادە کرا و نێردرا بۆ پەرلەمان و شتە گشتییەکانی پرۆژەکە هەر ئەم هەفتەیە لە پەرلەمان پەسند کران، رێکخستنەوەی بازرگانیی سەر سنوور، دابینکردنی دەرفەتی کار و داهاتی دانیشتوانی سەر سنوور باشتر ببێت."

سەبارەت بە جۆری ئەو کەلوپەلانەی کە رێگە بە بازرگانیکردنیان دەدرێت لەو بازاڕچە سنوورییەدا، پارێزگاری سنە دەڵێت، 100 جۆر کەلوپەل پێشتر رێگەپێدانی پەسند کراوە و لە ماوەی داهاتوودا قایمقامی بانە لیستی ئەو کەلوپەلانە بە فەرمی رادەگەیێنێت.

عەبدوڵڵا پوورزەهەبی، نوێنەری رێبەری کۆماری ئێران لە پارێزگای سنەش رایگەیاند، "یەکێک لەو کارە گرینگانەی کە لەو حکومەتەدا کرا، گەشەپێدانی بازاڕچە سنوورییەکان بووە، کە بە خۆشحاڵییەوە، بازاڕچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانەش کرایەوە و ئەمەش کارێکی زۆر بەنرخە."

گوندی هەنگەژاڵ سەر بە ناحیەی نەنووری قەزای بانەیە کە 240 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری سنەوە دوورە و دەکەوێتە سەر سنووری نێوان پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستان.

سەرچاوە : ڕووداو