
هێمن عەبدوڵڵا
زۆربەی کاردانەوە جیهانییەکان بۆ هەرای نێو کۆشکی سپی لەنێوان ترەمپ و ڤانس لەلایەک و زێلێنسکی لەلاکەی دیکە وا دەردەکەون کە حەپەساون و شتێکی چاوەڕواننەکراو روویداوە. بەڵام لەو رۆژەوە کە ترەمپ بووەوە سەرۆکی ئەمریکا، هەمووان دەیانزانی ساڵانی پڕ لە "درامای سیاسیی تەلەڤیزیۆنی" و چرکەساتی شۆکهێنەرمان لەگەڵ ئەمریکا و سەرۆکەکەی لەپێشن. بە خوێندنەوەی ئەو چەند دیدارەی هەفتەکانی رابردوو شاعەبدوڵڵای ئوردن، سەرۆک ماکرۆنی فەرەنسا، کەیر ستارمەری میراتگری چێرچڵی بەریتانیا و زێلێنسکیی سەرۆکە ئۆکراینییە هاندراو و پاڵدراو و نازهەڵگرتووەکەی ئەمریکای پێش ترەمپ و ئەورووپای ئێستا، لە "نووسینگەی هێلکەیی" یان هەمان ئۆڤەڵ ئۆفیسی سەرۆک ترەمپ هەیانبووە، دەزانین سەردەمێکی نوێ و ستایلێکی نوێی سیاسەتکردن و دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا دەستیپێکردووە. سەردەمێک کە وادەکات هەر شا و سەرۆک و سەرۆکوەزیرێک بۆ ئەو ئۆفیسە بانگهێشت بکرێت، دڵەخورپە بیگرێ و لەدڵەوە حەزبکات یان نەچێت، یانیش بەسەلامەتی لێی دەرچێ. ئەو سەردەمە نوێیە و ئەمریکا نوێیە بۆ کوردیش وانەی زۆری تێدان و شایانی لێفێربوونن.
وانەی یەکەم: ڤانس بناسی، ترەمپ رازی دەکەی
جەی دی ڤانس لەو چەند هەفتەیەدا کە وەک جێگری ترەمپ دەستبەکار بووە پیشانیداوە هەژموون و قسەی بەسەر سەرۆکەکەیدا فراوانترە لەوەی راهاتووین لە جێگرانی پێشووتری سەرۆکی ئەمریکا بیبینین. ئەو کە زێلێنکی بە بێڕێزیکردن بە نووسینگەی هێلکەیی (ئۆڤەڵ ئۆفیس) و گەلی ئەمریکا تۆمەتبار کرد، خۆی ئەو عورفەی شکاند کە ساڵەهایە لەسەری راهاتووین و لەو نووسینگەیەدا لە دیداری نێوان سەرۆکەکاندا تەنیا سەرۆکەکان قسە دەکەن و گەنگەشە دەکەن. ڤانس، نووسەرێکی چاک و پارێزەر و ماوەیەکی کەمیش سیناتۆر بووە. لە سوپای ئەمریکاشدا وەک سەرباز نا، بەڵکو وەک بەشی پەیوەندییە جەماوەرییەکان کاری کردووە. ئەزموونی کارگێڕی و دیپلۆماسیی نییە و ئەو کەسەشە کە کاتی خۆی بە ترەمپی دەگوت "هیتلەرەکەی ئەمریکا". زۆریش دژی بۆچوونەکانی ترەمپ بوو و رەتیدەکردنەوە. بەڵام لەم قۆناخەدا یەکێکە لە "بۆی"ـەکانی ترەمپ کە ئیشدەکات و خۆی پیاوخراپ دەکات و ئەگەر دەرهاویشتەی ئیشەکە باش بوو، ترەمپ کرێدیتەکەی وەردەگرێ. هەم قسە بێماناکانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و هەم ئەو بەزمەی لەگەڵ زیلینسکیش نایەوە و واژۆکردنی رێککەوتنی گرنگی بۆ ئەمریکا و ئۆکراینا و ئەورووپاش دواخست، دەریانخست هەژموونێکی گەورەی بەسەر ترەمپەوە هەیە. ئەمە دیار نییە تا کەی بەردەوام دەبێ و کەی ترەمپ لێی قوشقی دەبێ و دەریدەکات، بەڵام تا ئەوکاتە رەنگە عاقڵانترین شت کە سەرکردەکانی جیهان و کوردستانیش بیکەن، ئەوە بێ هاوڕێیەتیی ڤانس بکەن تاوەکو ئیشەکانیان لای ترەمپ تێکنەدات.
وانەی دووەم: متمانە بە ئەمریکا چوو و نایەتەوە
لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئەمریکا بووە رێبەری جیهانێکی لیبراڵ و دیموکرات کە دیکتاتۆریی رەتدەکردەوە و ئازادیی پیرۆز کردبوو. تێگەیشتنی عاقڵمەندانەی ئەمریکییەکان ئەوە بوو کە ناکرێ ئەمریکا دوورگەیەکی نموونەیی بێ بۆ ئازادی و دێموکراسی و هەموو دنیا پێچەوانەکەی بێ. بۆیە ئەمریکا بە جۆرەها شێوە هانی دیموکراسی و ئازادی و نموونەی هاوشێوەی خۆی لە جیهاندا دەدا. تەنانەت لە حاڵەتی وەکو عێراقی سەدام حوسێندا ئەمریکا دەیەویست بە پۆستاڵی عەسکەر دیموکراسی بچەسپێنێ و بۆی نەچووەسەر. نموونەی زۆریش هەبوون کە ئەمریکا لەو ماوەیەدا پشتی لە هاوپەیمانە ئازادیخوازەکانی کرد. نموونەی هەرە ئاشنا بۆ ئێمە شۆڕشی کوردستان و رێبەرەکەی، جەنابی ژەنەڕاڵ بارزانی بوو. لەو ساڵانەی دواییدا نموونەی زۆر هەبوون و هەن کە ئەمریکا شایانی پشتپێبەستن نییە. هانتدەدات بۆ داکۆکی لە ئازادی و دیموکراسی و مافە بنچینەییەکانت، بەڵام لەکاتێکدا بەرژەوەندییەکانی بگۆڕدرێن، دەتفرۆشێ بە خراپترین دیکتاتۆرەکان و کەسانی دژی ئازادی. ئەوەی زیلینسکیی لەو دۆخە هەموارەدا لە ئۆڤەڵ ئۆفیس بینیبێ و ئەزموونی وەک ئێمەی لەگەڵ ئەمریکا هەبێ، بۆ جاری هەزارەم تێدەگات لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێک و هاتنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەمریکا، دەبێ دەستی لەسەر دڵی بێ کە تەواوی هاوپەیمانی و پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لەمەترسیدان. بڕیاری ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە USAID نموونەیەکی روونە کە ئەمریکای سەردەمی ترەمپ، بۆخۆیشی چیدیکە نایەوێ بەهێزترین چەکەکانی هێزی نەرم (سۆفت پاوەر)ـی لەدەستدا بمێنێ کە لە ساڵانی رابردوودا گەورەترین خزمەتیان بە دروستکردنی هاوسۆزی و خۆشەویستی بەرامبەر ئەمریکا و مۆدێلە دیموکراسییە تایبەتەکەی کرد.
وانەی سێیەم: دنیای ئازاد، پێویستی بە رێبەرێکی نوێیە
مادام هەر هەڵبژاردنێکی نوێ لە ئەمریکا پابەندی و رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە، هیچ هاوپەیمانێکی ئەمریکا لە دنیا نەماوە کە ئەوەی ئێستا روودەدات وەکو زەنگی ئاگادارکردنەوە وەرنەگرێ و خۆی بۆ پۆست ئەمریکا ئامادە نەکات. فرێدریش مێرتزی راوێژکاری چاوەڕوانکراوی ئەڵمانیا و بەهێزترین ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا بەشێکی گەورەی ژیانی بۆ هاندانی نزیکبوونەوەی زۆرتری ئەمریکا و ئەورووپا تەرخانکردووە. ئەو ساڵانی درێژیش کاری لە دامەزراوەی لۆبیکردن بۆ ئەو نزیکبوونەوەیە کردووە و زۆریش سەرسامە بە بیر و کردەوەکانی رۆناڵد رەیگنی سەرۆکی پێشووترینی ئەمریکا. کەچی لەمڕۆژانەدا هێندە نائومێدە لە ئەمریکا، کە دەڵێت دەبێ ئەورووپا تا رادەی دروستکردنی سوپایەکی هاوبەشیش بڕوات. کاتێک ئەمریکای سەردەمی ترەمپی جاری رابردوو پشتی لە کوردستان و سەرۆکەکەی (مەسعود بارزانی) کرد، ماکرۆن و مێرکڵی ئەورووپی دەرگایان کردەوە و لە هاوپەیمانەکانیان پرسییەوە. بەگشتی ئەگەر جاران گەلی بێدەسەڵات و بندەستی وەک کورد گلەییان لە بێئامانی و پشتتێکردنی ئەمریکا بووبێ، ئەمجارە ئەورووپییەکانیش هەستدەکەن پشتیان تێدەکرێ. بۆیە کۆمیساری ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە باسی بیرکردنەوە لە ئەمریکای بۆ جێگرتنەوەی لە رێبەرایەتیکردنی جیهانی ئازاددا کرد.
وانەی چوارەم: رەنگە رۆڵی تورکیا گەورەتر بێت
کاتێک ئەورووپییەکان بیانەوێ بەبێ ترەمپ خەمی ئاسایشی خۆیان بخۆن، چەندە درزێکی گەورەیە بۆ ناتۆ، هێندەش ئاڵنگارییە بۆ ئەورووپییەکان کە بتوانن بەرامبەر رووسیا راوەستن. هەرچەندە بەریتانیا و فەرەنسا چەکی ناوەکییان هەیە و نزیکەی 30 وڵات دەبن بەرامبەر رووسیا، بەڵام هێزێکی گەورە و پڕچەکی وەک تورکیا پێویستییەکی گەورەیە بۆ ئەورووپییەکان تاوەکو بتوانن بێمنەت بن لە ئەمریکا. ئەو هاوکێشەیە دەرفەتەکانی چارەسەری کێشەی کورد لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش کەمتر دەکاتەوە. بۆیە هەرچەندە پلانێکی ئیسرائیلیش هەبێ بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناوچەکە، بۆئەوەی بەدەردی زیلینسکی نەچین، چانسی سەرکەوتنی لە بەرژەوەندیی کورددا زۆر گەورە نییە. مەگەر ئێمە (بەتایبەتیش پەکەکە) زیرەک بین، باش بزانین چۆن هەڵە مێژووییەکانمان دووبارە نەکەینەوە و دەرفەتەکانیش زیرەکانە بقۆزینەوە.
سەرچاوە : ڕووداو