عەبدولرەزاق شەریف
لەم سەردەمە، هەر وڵاتێک ئامار و سەرژمێریی دانیشتوانی خۆی نەبێت، مانای حوکمداریەکی تەندروستی ( ئەمنی،سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتیی ) نیە . هەرچەندە ئەو هەنگاوە بەپێی دەستوری عێراق ( سیادی ) یە ! بەڵام دەبوایە هەرێمی کوردستان لەمێژبوایە لەناوخۆی خۆیدا، ئەنجامی بدایە .
نزیکەی نیوسەدەیە و ئامار و سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق بەگشتی نەکراوە . زۆرینەی عێراقیەکان بڕوایان بەسەرژمێرییەکانی دوای ساڵی پەنجاوحەوتیش نیە .
نزیکەی بیست ساڵە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق کار بۆ ئەنجامدانی ئەو ئامار و سەرژمێریە دەکات، نەدەکرا چونکە هێزە سیاسیەکان، نوێنەری پێکهاتەکان لەسەر شێوە و شێوازی بڕگەکانی فۆرمی ئامارەکە، رێکنەدەکەوتن .
ئەو سەروەختانەی کورد لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم باڵا دەست بوو ! لەعێراقدا سەنگ و پێگەی بەهێزی هەبوو ! پێکهاتەکانی ( تورکمان، شیعە و سونەی عەرەب ) رازی نەبون بڕگە و پرسیاری دیارکردنی نەتەوە لەفۆرمی سەرژمێریدا، جێگیربکرێت . سونەکانیش رازی نەبون بڕگە و پرسیاری مەزهەب لەناویا بێت .
کورد ئەیویست زۆرینەی کورد لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بکاتە دیفاکتۆ و شیعەکانیش دەیانویست رێژەی زۆرینەی شیعە لەعێراق و بەغدای پایتەخت بسەلمێنن .
رێکنەکەوتنی هەردولا ، خێری بۆ پێکهاتەی سوننە دایەوە .
بێگومان ئێستاش پرۆسەکە ئاراستە و مەبەست و رەهەندی سیاسی هەیە و بەباش نەم خراپ لێکەوتە بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەڵام گرنگترین خاڵی جەوهەری و ئیجابی ئەوەیە بڕگەی (نەتەوە و مەزهەب) لەفۆرمەکەدا لابراوە و لەجێگەیدا (عێراقی بون ، موسوڵمان) جێگیرکراوە ، بەمەش لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم رێژەی کورد و عەرەب، لەعێراقیشدا، رێژەی سوننە و شیعە دیارنابێت و دەرناکەوێت .!
خۆئەگەر عێراقیەکان بەراست و دروستی وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە ؟
لەبڕگەی دوەمی تایبەتمەندی خێزاندا، (کۆچی دڵخواز و زۆرەملێ ! شوێنی نیشتەجێبونی پێشوو ، هۆکاری کۆچ و راگواستن) وەک بنەمایەک بۆ مەعریفەی گۆڕینی دیمۆگرافی، رێژەی کۆچ، گواستنەوە و راگوێزراو لەنێوان گوند و شارۆچکە و شارەکانی عێراقدا، لەئایندەیا بۆچارەنوسی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی گرنگ دەبێت .
سەرچاوە : سپی میدیا