ئەو ڕاستیەی ئەزموونە دیموكراسیەكەی توركیای ئەردۆغان ئاشكرایكرد

 

د. سەعید عەلی محمد

 

ئەگەر بە ئینسافەوە سەرنج بدەینە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی و ئەو فۆڕم و دەسەڵات و هێزانەی خۆیان نمایش و پێشكەش بە جەماوەری ڕاپەڕیو كرد، هەروەها ئەگەر خوێندنەوەیەكی ورد بکەین بۆ  ئەو گۆڕانكاری و ڕووداوە خێرایانەی دوابەدوای گۆڕانی سیستەمەكانی دەسەڵات هاتنە كایەوە  ، ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە پڕۆژەی دیموكراسی و چەسپاندنی ئازادییەكان و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و نادادیی هەرگیز داواكاری ڕاستەقینە و جەوهەری نوخبە عەلمانی و ماركسی و هێزە نیشتمانیە نەتەوەییە لیبڕاڵەكان نەبووە، بەڵکو هێزە نائیسلامیەکان بەهەمووئاراستەکانیانەوە لە بنەڕەتدا دیموکراسیەتێکیانقەبووڵ نەبووە هێزە ئیسلامییەكان بكاتە هاوبەشیان لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتی یاساداناندا، هێزە لائیكیەكان هەرگیز ئامادەی ئەوە نەبوون درێژە بە دەسەڵاتێك و سیستمێكی فەرمانڕەوایی بدرێ لە سایەیدا ئیسلامیەكان بتوانن هەوڵی ئەسلەمەكردنی تاك و خێزان و كۆمەڵگە بدەن و، چاكسازی و گۆڕانكاری ڕیشەیی و ڕاستەقینە لە هەیكەلی دەسەڵات و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا دروست بكەن! 
 

ئاشكرایە ئەو هێزانەی هەمیشە لە بەردەم جەماوەرو خەڵكدا لاڤ و گەزاڤی دیموكراسییەت و مەدەنییەت و ئازادییە سەرەكییەكان لێ دەدەن كاتێك لە ڕێی سندوقەكانی دەنگدان و هەڵبژاردنی پاك و نیمچە بێگەردەوە لەبەرانبەر ئیسلامیەكاندا دەیدۆڕێنن یان لەگەڵ ئیسلامییەكاندا دەبنە هاوبەش لە دەسەڵات چەندین قەیرانی جۆراوجۆر دەخولقێنن و، بە دەیان ڕێگە و پلان و پیلان و سەفقەی نێوخۆیی و دەرەكی و نێودەوڵەتی هەوڵی خۆڕزگاركردن دەدەن لە تەوژمە ساسییە ئیسلامییەكە،  هەروەها بەردەوام هەوڵی خۆ قوتاركردنیان داوە لەو سیستمە دیموكراسی و سندوقە دەنگ دانانەی كە ڕەوتە ئیسلامیەكەی هێناوەتە بازنەی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی، تەنانەت ئەگەر گرتنەبەری ڕێگەی كودەتا و دەستێوەردانی سەربازی و پەلكێش كردنی وڵاتانی درواسێش بوو بێت، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش دەكرێ ئەزموونەكانی تونس و جەزائیرو مەغریب و لیبیا و سودان و میسرو توركیای پێش ئەردۆغان وەك زەقترین بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بهێنینەوە! 
 

نوخبە عەلمانی و لیبڕاڵەكان لە وڵاتانی عەرەبی و غەیرە عەرەبیدا كاتێك ئۆپۆزسیۆنن و لە دەرەوەی دەسەڵاتن تا سەر ئێسقان دیموكراسیخوازو ئازادیخواز و هێزی مەدەنیی و ئاشتیخوازن، بەڵام وەك ڕابردوو دەریخستووە و چەندان نمونەی زیندووی بەردەستی حاڵی حازریش سەلماندویەتی ئەو نوخبە و هێزانە هەڵگری پڕۆژەیەكی شاراوەی ئیستبدادی شمولی خۆسەپێنن، بۆیە كاتێك جڵەوی دەسەڵات دەگرنە دەست - بە ڕێگەی دیموكراسی بێ یان نا دیموكراسی –ئیتر بە ئاشكراو بێ سڵەمینەوە ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان و پڕۆژە و بەرنامەكانیان ئاشكرا دەكەن. 
 

لە توركیادا (پارتی دادو گەشەپێدان) دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە فەرمانڕەوایەتی بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتەدا توشی پاشەكشەی ئینتخابی و شكستی گەورە بوویەوە! ئەردۆغان دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان لە وتارێكدا بۆ جەماوەرو لایەنگرانی پارتەكەی وتی: پەیامی دەنگدەران گەیشتە پارتی دادو گەشەپێدان و سەركردایەتیەكەی، ئەردۆغان دووپاتی كردەوە كە ئەو و پارتەكەی زۆر بە بایەخەوە ئەو پەیامە وەردەگرن و هەوڵی ڕەخنە لەخۆگرتن و بەخۆداچوونەوە دەدەن، ئەو وتی: گرنگ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سیستمی دیموكراسیەتە لە وڵاتی توركیادا! 
 

ئەڵبەت كاردانەوە وسروشتی مامەڵەی دەسەڵات لە توركیای ئەردۆغاندا لەگەڵ ئەم دیمەنە سیاسییە نوێ یە و، ئەم وەرچەرخانە سیاسییە نەوعیە ناوخۆییە ئەم دوو خاڵەی خوارەوەی بۆ ڕای گشتی ناوخۆی توركیا و جیهانی دەرەوە ئاشكرا كرد: 
 

1- ئەو پڕوپاگەندانە بە درۆخرانەوە كە ئیسلامییەكان كاتێك دەگەنە كورسی دەسەڵات ئیتر دەسەڵات قۆرخ دەكەن و ئامادەی تەسلیم كردنی نین و باوەڕیان بە دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات نیە، دیارە ئەمەش تۆمەتێكە ئامانج لێی ناشیرین كردن و لەكەداركردنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسییە و، بە دێوەزمەكردنی ئەو هێزە سیاسیە ئیسلامیانەیە كە خاوەن بنكەیەكی جەماوەری گەورە و بەرفراوانن و هەمیشە لە هەڵبژاردنە پاك و بێگەردو بێ  تەزویرەكاندا دەبنە مایی ترس و هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتە خۆسەپێن و دیكتاتۆرەكان، ئەزموونی سیاسی توركیاو مامەڵەی دیموكراسیانەی ئەردۆغان و پارتەكەی لەگەڵ  ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا دەری خست ئیسلامییەكان لە پێش هەموو پارت و تەوژمە نائیسلامیییەكانی ترەوە نمونەی هەرە جوانی مومارەسەی دەسەڵات و پیادەكردنی دیموكراسی و ئیدارەدانی هەڵبژاردنی پاك و بێ گەردو ڕاستەقینەن. 

ئیسلامیەكان پێش ئەوەی بگەنە كورسی دەسەڵاتیش ئەو پێگە و دەسەڵات و قورسایی و نفوزەی كە هەیانبووە لەنێو ڕێكخراوەكان و سەندیكاكان و زانكۆكان و دامەزراوەكانی تری كۆمەڵگە هەمیشە لەڕێی سندوقەكان و دەنگدانی ڕاستەقینەوە بەدەستیان هێناوە ، وە هەر لەڕێی هەڵبژاردن وسندقەکانەوەپێگەی خۆیان تەسلیم بەهێزە براوەكانی تر كردووە، واتە ئەوە ئەوان نەبوون دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەكان دەسەڵاتیان قۆرخ كردووە و قەیرانیان بەدوای قەیران هێناوە لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی بازرگانییان بە دیموكراسیەت و مەدەنییەت و ئازادییەكانەوە کردووە هەمیشە لە حەقیقەتدا دوژمنی سەرسەختی هەڵبژاردن و ڕێڕەوی ڕاستەقینەی دیموكراسیەتبوون. 

2- ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بینیمان دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو كە ئەزموونی سیاسی توركیا نمونەیەكی سەركەوتووی زۆر دیارو ئاشكرای تێكەڵكردنی ڕاستەقینەی ئیسلام و دیموكراسییەتە پێكەوە، كە دەكرێ ببێتە نموونە بۆ شوێنەكانی ترو وێستگەیەكی گرنگ بێت بۆ گەشەكردن و پێشكەوتن و دەستكەوتی زیاتر بۆ وڵات و میللەت. 
 

سلوك و جۆری مامەڵەی نێوان لایەنەكانی كێ بەركێ لە توركیا چ سەركەوتووەكان چ شكست خواردووەكان، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان چ ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن ئەوەی سەلماند كە ئەوەی لە توركیای دادو گەشەپێداندا هەیە پابەندبوونە بە ڕێزگرتن لە ئیرادە و ویستی هاوڵاتی، ئەوەی توركیا بەڕێوە دەبات و ئاڕاستەی ڕووداو و گۆڕانكارییەكان دەكات ، ئەوەی چارەنووسی وڵات و بەرژەوەندیەکانی میللەت ونەتەوە دەست نیشان دەکات  تەنها و تەنها دیموكراسیەتی ڕاستەقینە و هەڵبژاردنی پاك و بێ گەرد و سندوقەكانی دەنگدانە، نەك هەڵبژاردنی ساختەو  دیموکراسیەتی موزەییەف و هێزی دەرەكی و عەقڵیەتی عەسكەرتاریی و خۆسەپاندن. 

سەرچاوە : سپیمیدیا