ئەو لاوە کوردەی لە ووڵاتی ئیسرائیل بووە پاڵەوانی نیشتمانی

   نووسینی: سۆران حەمەڕەش 

ئایا چۆن ئەم لاوە کوردە جووە لە وڵاتی ئیسرائیلدا بووەتە پاڵەوانێکی نیشتیمانی؟

دەبێت ئەوە بزانرێت کە لە چلەکانی سەدەی رابردوودا ئەم وڵاتەی کە پێی دەگوترێت ئیسرائیل، لە ژێر دەستی بەریتانیەکاندا بوو. بۆیە جووەکان دەیانویست کە ئینگلیزەکان لە وڵاتی ئیسرائیل وەدەرنێن و بۆ ئەو مەبەستە گروپی چەکداری نهێنیان هەبوو بۆ بەرهەڵستیکردن. یەکێک لەو گروپانە ناوی (لێهی) بوو کە کورتکراوەی مانای (شەڕڤانی ئازادی ئیسرائیل) بوو.
لاوێکی کوردی جوو بە ناوی (مۆشی بەرزانی)، بووە ئەندام لەم ڕێکخراوەدا. مۆشێ بارزانی کوڕی کابرایەک بوو بە ناوی ڕابی ئەڤڕاحام بەرزانی، کە پیاوێکی ئاینی کابەلایی (عیرافانی جوویی) بوو، ئەوەش ڕێچکەیەکی ئاینی بوو زۆر جار جووەکانی کوردستان تێیدا تایبەتمەند بوون. پێش کۆچی گەورەی کوردانی جوو بۆ ئیسرائیل، باوکی مۆشێ لە پێناو ئایینەکەیاندا لەگەڵ منداڵەکانی لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا چووبوونە شاری ئورشەلیم. لەوێ لە هەژاری و نەهامتیدا دەژیان بەڵام
باوکیان لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوو بۆ قوڵبوونەوەی زیاتر لە ئایینەکەیان.
لە شەوی ٩ ی سێی ١٩٤٧ دا، مۆشی بەرزانی لە سەر شەقامێکی شاری ئورشەلیم بوو، کاتێک کە دەوریەیەکی سەربازی ئینگلیز ڕایانگرت و کە لەشی گەڕان، سەیریان کرد  نارنجۆکێکی پێ بوو. ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەدا بوو کە سەرکردەیەکی گروپەکەیان لەلایەن سوپای بەریتانیاوە کوژرابوو، بۆیە ئەندامەکانی گروپەکە هەمیشە چەکدار بوون.
لەسەر هەڵگرتنی چەک، مۆشێ بەرزانی سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دەسەڵاتی بەریتانیاوە بۆ دەرچوو. مۆشێ بەرزانی لە دادگادا پارێزەری قبوڵنەکرد و دادگایکردنەکەی بێ پارێزەر بەڕێوە چوو. لە زینداندا لاوێکی تری لەگەڵدا بووم، کە ئەو جووی ئۆکرانیا بوو بە ناوی مێیر فاینشتاین و سەر بە گروپێکی تری جوو بوو و لە شەڕێکدا بەرامبەر بە بەریتانیەکان گیرابوو.
بڕیار درا ئەم دووانە وەک یەکەم دوو جوو لە شاری ئۆرشەلیم لە سێدارە بدرێن، بەڵام چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی کە ئینگلیزەکان ئەوە بکەن، ئەندامانی گروپەکەیان نارنجۆکیان بۆ بردبوونە ناو زیندانەوە. دوای ئەوەی کە ئەو دوو لاوە زانیان ناتوانن لە زیندانەوە کردەوەیەکی تری سەربازی بکەن، شەوێک پێش لە سێدارەدانیان، باوەشیان بە یەکدا کرد و لە نێوانیاندا نارنجۆکەکەیان تەقاندەوە و بەو جۆرە ئەو دوو لاوە خۆیان کوشت و ڕێیان نەدا کە لە سێدارە بدرێن.
ئەم کردەوەیە لە فەرهەنگی بەرهەڵستی جووەکان و لە ساڵی ١٩٤٧ دا شتێکی نوێ و هەڵسوکەوتێکی پاڵەوانانە بوو، بۆیە مۆشێ بەرزانی و هاوڕێکەی بوونە دوو پاڵەوانی نەتەوەیی بۆ ئیسرائیلیەکان و گەورەترین ناویان لە مێژووی جووەکاندا بۆ خۆیان تۆمارکرد.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، مەناحیم بێگن کە لە نێوان (١٩٧٩-١٩٨٣) حوکمـرانی کرد، وەسێتی کرد کە مرد لەلای مۆشێ بەرزانی و هاوڕێکەیەوە بنێژرێت و ئەمڕۆ هەر سێ گۆڕەکە لە تەنیشت یەکەوەن.
بەو جۆرە مۆشێ بەرزانی و هاوڕێکەی بوونەتە دوو پاڵەوانی نیشتیمانی بۆ خەڵکی ئیسرائیل.

سەرچاوە: لاپەڕەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارى ڕاپەڕين

See less