ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: بەهۆی دۆخی سووریا دەبێت پەلە لە پێکهێنانی حکومەت بکرێت

 

 

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی.

 

 

 

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە و دەیانەوێت بە هەموو هێزە سیاسییە بەشدارەکان گوشار بکەن لە هێزی سەرەکی "کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و براوەی هەڵبژاردنە، تاوەکو حکومەتێکی خزمەتگوزار و نیشتمانی پێکبێت و کێشەکان چارەسەر بکات". 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندی دانوستاندکاری یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی رووسیا و ئیتاڵیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "داوام کرد لە دوای دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان کوردستان، لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانیان چڕتر و خێراتر بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز و دادپەروەر". 

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، رۆژی 3-12-2024 میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، گوتی بەلای یەکێتییەوە حکومەتی کارا و بەهێز و دادپەروەر ئەوەیە، کە خزمەتگوزار و نیشتمانی بێت و هەموو خەڵکی کوردستان بە حکومەتی خۆی بزانێت، هەروەها خزمەتی هەموو ناوچەکانی کوردستان بە یەکسانی بکات، چارەسەرکاری هەموو قەیران و گرفتەکان بێت.

لەبارەی هەنگاوی کردەیی یەکێتی بۆ پێکهێنانی ئەو حکومەتە، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی روونیدەکاتەوە: "بەرنامەیەکی باشمان هەیە بۆ چۆنیەتی کارکردنی ئەم حکومەتە و لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەین، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کاردەکەین بۆ ئەوەی گوشار بکەین بۆ دروستکردنی حکومەتێکی ئاوا."

پۆڵا سیروان تاڵەبانی گوتی: "هەموومان پێکەوە گوشار دەکەین لەگەڵ لایەنی سەرەکی کە پارتییە و براوەی هەڵبژاردنەکانە، بۆئەوەی حکومەتێک پێکبێت کە هەموو ئەوانەی تێیدا بەشدار دەبن، بە حکومەتی خۆیانی بزانن، لە ئاستی خواستی هاووڵاتییان بێت".

دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەریەک لە پارتی و یەکێتی دەستیان بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت کردووە، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ یەکدی کردووە و هەریەکەشیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆبوونەتەوە. بەڵام هیچ یەک لەو هێزانە رێکنەکەوتوون و 51 کورسیی پەرلەمانیشیان کۆنەکردووەتەوە، بۆ پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان. 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی گوتی، ئەوان گفتوگۆیان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە و بۆچوونیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاڵوگۆڕکردووە، بەڵام تازە لە سەرەتای گفتوگۆکاندان و دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان، گفتوگۆکان چڕدەبنەوە.

سەبارەت بە پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی دەیەمە، پۆڵا سیروان تاڵەبانی گوتی: "بۆ بابەتی پۆست، بێگومان یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی بەرکەوتەکانی، بەپێی سەنگی یەکێتی و هاوبەشییەکی راستەقینە، بەرکەوتەکانی وەردەگرێت". 

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا پارتی 39 کورسی، یەکێتیی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی بەدەستهێنا.  

پۆڵا سیروان تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، یەکێتی هێڵی سووری لەسەر کەس نییە و "هەموو کەس و لایەنێک بە نیەتی خزمەتکردن کاربکات، یەکێتی کاری لەگەڵ دەکات و هاوکاری دەبێت".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی بە دووری نازانێت دۆخی سووریا کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت، بۆیە داوا دەکات "کورد خۆی کۆبکاتەوە و دامەزراوەکانی تۆکمە بکات، دۆخەکە وادەخوازێت کورد بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەبێت، پێویستە بە زووترین کات پەرلەمان  چالاک بکرێت و لایەنەکان کۆبوونەوەکانیان چڕبکەنەوە و حکومەت و پەرلەمان دەست بە کارەکانیان بکەن".

سەرچاوە : رووداو دیجیتاڵ