ئەنجومەنی دادوەری لە راپۆرتێكدا، كە دوایین ژمارەی بڵاوكراوەی دامەزراوەكە لە تشرینی یەكەمی 2023 بڵاویكردۆتەوە، ئاماژە بە هەڵكشانی ئامارەكانی توندوتیژی دەكات و لە نێویشیاندا ژنان پشكی شێری قوربانییەكانیان بەردەكەوێت.
دادوەر ناسر عەمران دەڵێت "توندوتیژی خێزانی لە ئەنجامی تێكچونی پەیوەندی خێزانی لە ماڵێكدا رودەدات، بە تایبەت لەنێوان هاوسەرەكاندا، ئەوەش كاریگەری لەسەر منداڵەكان دادەنێت"، باسی لەوەشكرد توندوتیژی دیكە لە قوتابخانە یان توندوتیژی ئابوری یاخود سیاسیش هەیە، بەڵام "مەترسیدارترینیان توندوتیژی خێزانییە".
ئەو دادوەرە رونیكردەوە كە توندوتیژی بەشێكیان بریتییە لە جەستەیی دژ بە كەسێكی دیكە بۆ ئازاردانی، وەك كوشتن یاخود لێدان یان دەستدرێژی، لە جۆرەكانی تر توندوتیژی مەعنەوی هەیە، كاتێك رێگە بە دەربڕینی بیروڕا نادرێت و بە قسەی نەشیاو سەرزەنشت دەكرێت.
"پاڵنەری ئابوری وەك هەژاری و بێكاری، پاڵنەری كۆمەڵایەتی، ئاستی هۆشیاری و ژینگەی كەسەكان و باری دەرونی لە هۆكارەكانی توندوتیژی خێزانین" بەوتەی دادوەر ناسر.
بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە ساڵی 2022ـدا لە پارێزگاكانی عیراق (بەبێ هەرێمی كوردستان)، 21 هەزار و 595 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی دژی منداڵ، ژنان و كەسانی بە تەمەن لە دادگاكاندا تۆماركراوە، لەو ژمارە 963 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە منداڵان بووە، لەگەڵ 17 هەزار و 438 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان.
زۆرێك لە ژنان و كچان روبەڕوی ئازاردانی جەستەیی دەبنەوە، بەڵام ئامادەنین سكاڵا بكەن
كیفاح سوڵتانی، چالاكوان و شارەزا لە كاروباری خێزان دەڵێت "زۆرێك لە ژنان و كچان لەنێو خێزانەكانیاندا روبەڕوی ئازاردانی جەستەیی و دەرونی دەبنەوە، بەڵام زۆرێكیان ئامادەنین سكاڵا بكەن، بەهۆی كەمی هۆشیاری و نەبونی زانیاری یاسایی لە بارەی مافەكانیان و چۆنیەتی پارێزگاری لەوانەی توندوتیژییان بەرانبەر دەكرێت".
پێشیوایە هەڵكشانی ئامارەكانی توندوتیژی بە وردی دەردەكەون و ئەوەش بە هەنگاوێكی باش دەزانێت، كە چیتر توندوتیژی بەنهێنی نەمێنێتەوە، "پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و زانین و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاوكار بون بۆ زانین و تۆماركردنی حاڵەتەكانی توندوتیژی،لە ئاشكراكردنی هەندێك حاڵەتەوە تا بەرزكردنەوەی ئاشتی هۆشیاری بەهۆی هەندێك پێگەی تایبەتمەند یان سۆشیال میدیا یاخود هەڵمەتەكانی هۆشیاری" سوڵتانی وای وت.
لە كۆتایی 2021ـەوە دادگای تایبەت بە توندوتیژی خێزانی لە پارێزگاكانی عیراق كراونەتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیانەی پەیوەستن بە توندوتیژی دژی منداڵ و ژنان و كەسانی دیكەی خێزان.
دادوەر ناسر عەمران وتی خراپی پەیوەندی خێزانی بۆتە هۆی بەرزكردنەوەی رێژەی جیابونەوە و تاوانە خێزانییەكانیش زیاتر بون لە پەلاماردان و دەستدرێژی بۆ سەر باوكان و دایكان و ژنان و منداڵان و كچان، كە بەهۆیەوە زۆرجار تاوانی خۆكوشتنی لێدەكەوێتەوە، بە تایبەت لە نێو ژناندا.
تەنیا لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، پێنج هەزار و 462 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاكانی عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان تۆماركراون و لە بەرانبەردا زیاتر لە 17 هەزار هاوسەرگیری هەبووە.
دادوەر ناسر دەڵێت كۆمەڵگە پێویستی بە بەهێزكردنی پاڵپشتی خێزانی هەیە لەڕێی چالاككردنی ماددە دەستورییەكان و پابەندكردنی دامەزراوەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری بۆ پاڵپشتی خێزان و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە، "هەندێك چارەسەر هەن زۆر سەركەوتوترن لە رێكار و رێكخستنی زۆرەملێی یاسایی و سزادانی یاسایی"، پێشیوایە ئەو تێڕوانینە پێویستی بە لایەنی كۆمەڵایەتی و ئابوری و رۆشنبیری و پەروەردەیی هەیە لە یەككاتدا، لەپێناو پەیوەندییەكی خێزانی ئەرێنی لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویستی و لێكتێگەیشتن.
پرۆژەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، ساڵی 2020 ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی كرد و رەوانەی پەرلەمانی عیراقی كرد، بەڵام تائێستا پەسەند نەكراوە.
سەرچاوە : کەرکوک ناو