ئەمەریکا لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری‌و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ رەخنەی توند لە هەرێم دەگرێت

 

facebook sharing button

 

 

 

messenger sharing button

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە دوو شەممە ٢٢ی نیسان بڵاوکرایەوە، رەخنەی توند لە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری و بیروڕا دەگرێت و، دەڵێت" دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنیەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر خراپتربوون".
 

لەو راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە " بەراورد بە ساڵانی رابردو پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە خەڵكی عێراق و هەرێم زیاتر بوە و ئاشكراشی دەكات لە هەندێک حاڵەتدا، حكومەتی عێراق سزای گومانلێکراوانی داعشی بەپێی یاسای تیرۆر داوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایدەگەیەنێت" بەهۆی سنوردارکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان و فەزای مەدەنی، لە ساڵی رابردودا، دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان خراپتر بوە"، هاتووشە" بەشێك لەو پێشێلكارییانە لە ئەنجامی هێرشەكانی داعش و شەڕی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچە دورەکان، هەروەها ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، بونی میلیشیاکان کە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین و هاوپەیمانی ئێرانن، دروستبون".

وەزارەتی دەرەوە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بەشێكی دیكە لە سەرپێچییەكان كە دژی مافەكانی مرۆڤ و خەڵكی عێراق و هەرێم ئەنجام دەدرێت و لەلایەن راپۆرتە باوەڕ پێكراوەكانەوە پشتڕاستكراونەتەوە، خۆیان لە خۆكوشتن، کوشتن و ئەشكەنجەی دەرەوەی یاسا، رفاندن و بێسەروشوێن كردن، سزادانی دڕندانەوە و نامرۆڤانە دەبیننەوە.

لەبارەی كوشتنی ئافرەتان بەناوی گەڕاندنەوەی شەرەفەوە، راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە" سزای ئەندامانی خێزان دەدرێت بەهۆی ئەوەی گوایە تاوانێكیان ئەنجام داوە و نهێنییەكانی خێزانیان نەپاراستوە."

راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا راشیگەیاندوە" كۆتوبەندكردن و سنوردارکردنی ئازادی رادەربڕین و كاری میدیایی لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر بوە، ئێستا پیشەی رۆژنامەوانی مەترسییان لەسەر ژیانی رۆژنامەنوسان دروستكردوە و بەوهۆیەشەوە هەڕەشەیان لێدەكرێت و توندروتیژییان بەرامبەر ئەنجام بدرێت".

لە راپۆرتەكەی دەرەوەی ئەمەریكا هاتووشە" لەگەڵ ئەوەی گەندەڵی بەشێكی زۆری جەستەی حكومەتی گرتوەتەوە، بەڵام هەندێک هەنگاوی بۆ دەستنیشانکردن و لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و سزادانی ئەو بەرپرسانەی کە پێشێلکارییان بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ كردوە، ناوە هەروەك بەدواداچونی بۆ گومانلێكراوانی ئەندامانی رێكخراوە تیرۆرستییەكان كردوە و لە هەندێک حاڵەتدا، سزای گومانلێکراوانی داعشی بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر داوە".
 

ئەوەش خراوەتەڕوو "زیندان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە دۆخی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی گەیشتووتە (١٥٧٪) و، زیندانیانی نێوجەوانان لەگەڵ  گەوران دانراون".
 

ئەوەش ئاشکرا کراوە لەمانگی تەمموزی رابردودا سێ‌ بەرپرس لە هەرێمی كوردستان كوژراون.
 

باس لەوەش کراوە، لە بواری مافی مرۆڤدا، چەندین پێشێلکاری كراوە، لەوانە، کوشتنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردنی نامرۆڤانە، مامەڵەی توند لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و بارودۆخی مەترسیدار و سەختی نێو زیندانەکان، دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی.
 

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ چەندان پێشێلکاری جۆراوجۆری دی کراوە.
 

ئەوە لە کاتێکدایە کە دەسەڵات و هەندێک ناوەندی میدیای ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دۆخی رۆژنامەنووسی باشەو، ژمارەی پێشێلکارییەکانی " کەمبوونەتەوە".

سەرچاوە : سپیمیدیا