ئەمیر تەیمووری گوڕکانی لە پەلامارەکەیا بۆ سەر بەغدا و ئەو ناوە، لە کوردەواریدا ڕۆژێک لە ڕاو ئەبێ، تووشی شوانێکی کورد ئەبێ لێی پرسی: ئەرێ کابرا! ئەو سەرکارەی کە ئەمیر تەیموور ناردوویەتە سەرتان چۆنە لەگەڵتان؟ کابراش ئەڵێ: فڵانی قسەی لێوە مەکە چ سەگ و سەگبابێکە! ئەویش ئەڵێ: ئەی ئەمیر تەیموور خۆی چۆنە؟ ئەڵێ: ئەو گەلێ سەگ و سەگبابترە، ئەگەر ئەو چاک بووایە ئەمیش چاک ئەبوو. ئینجا ئەمیر تەیموور ئەڵێ: کابرا تۆ من ئەناسی؟ ئەڵێ: ناوەڵڵا... ئەڵێ: من ئەمیر تەیموورم! کابرای شوانە ناوکی ئەکەوێ، ئەڵێ: ئەی بم وە ساقەت، تۆ من ئەناسی؟ ئەڵێ: نە. ئەڵێ: من کەرە شێتی کوڕی کەرە شێتم، شێتیی من لە هەموو کوردەواریدا گەلێ بە ناوبانگترە لە ئاقڵی تۆ لە هەموو وڵاتی خۆتا، سەرەڕای شێتییەکەشم هەموو ڕۆژێ جارێک دەست ئەکەم بە چەند لێدان و وڕێنەکردن، سەری خۆم ئەبەم بە ڕەشی بابما... ئەمیر تەیموور دەست ئەکا بە پێکەنین و ئەڵێ خەڵاتی کەن.