ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید: هه‌رێم لیستی موچه‌ نانێرێت و نایه‌وێت گه‌نده‌ڵییه‌كان ئاشكرا بێت

 

 



ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌نییه‌ لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی به‌غدا بكات چونكه‌ "نایه‌وێت ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه‌ كراوه‌ له‌ لیستی موچه‌دا ده‌ربكه‌وێت".

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌میانی لێدوانێكدا بۆ خه‌ندان، رایگه‌یاند، "تا ئێستا ئه‌و لیستی موچه‌یه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و حكومه‌تی عێراق له‌ هه‌رێمی داوا ده‌كات نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ست به‌غدا، ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌وجۆره‌ ئاماده‌نین كه‌ پاره‌ بنێرێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای لیستی موچه‌ نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن تێكڕای ئه‌و 618 ملیاره‌ی ته‌رخانكراوه‌ دابه‌شبكرێت به‌سه‌ر میلاكاتدا، ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ 2021دا ناردیان بۆ حكومه‌ت و لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ بو كه‌ ئه‌و بڕه‌ موچه‌یه‌ بو كه‌ ئه‌مان پێویستیان پێیه‌تی".

ته‌نانه‌ت ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ فیدڕاڵییه‌كان هه‌ر به‌ژماره‌ لای حكومه‌تی عێراق هه‌یه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ته‌نانه‌ت ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ فیدڕاڵییه‌كان هه‌ر به‌ژماره‌ لای حكومه‌تی عێراق هه‌یه‌ و تائێستا ناو، میلاكات و ره‌گه‌زیان دیارنییه‌ بۆیه‌ هه‌رێم دوایده‌خات له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ی كه‌ نایه‌وێت ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه‌ كراوه‌ له‌ لیستی موچه‌دا ده‌ربكه‌وێت".

هه‌رێم له‌ 2011وه‌ تا 2023 هیچ جۆره‌ داتاو ئامارێكی له‌ناو یاسای بودجه‌دا نه‌داوه‌ته‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ده‌ڵێت، "هه‌رێمی كوردستان له‌ 2011وه‌ تا 2023 هیچ جۆره‌ داتاو ئامارێكی له‌ناو یاسای بودجه‌دا نه‌داوه‌ته‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی بۆیه‌ گومانیان هه‌یه‌ له‌و داتا و ئامارانه‌ی كه‌ هه‌رێم پێشكه‌شی ده‌كات".

وه‌زیری پێشوی پلاندانانی عێراق له‌ خولی پێشو به‌راشكاوی وتی نازانم ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق چه‌نده‌

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه‌ دامه‌زرێنراون به‌بێ بڕوانامه‌ن و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان گه‌نده‌ڵی له‌ لیستی موچه‌ی هه‌رێمدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ لیستی موچه‌ی به‌غدا پاكه‌ و بێ كێشه‌یه‌، خالید به‌تال وه‌زیری پێشوی پلاندانانی عێراق له‌ خولی پێشو به‌راشكاوی وتی نازانم ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق چه‌نده‌".

ره‌وانه‌كردنی ئه‌و پاره‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ره‌وانه‌كردنی ئه‌و لیستی موچه‌یه‌ی كه‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ی به‌غدای ده‌كات

له‌باره‌ی واده‌ی 618 ملیار دینار پشكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید وتی، "ره‌وانه‌كردنی ئه‌و پاره‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ره‌وانه‌كردنی ئه‌و لیستی موچه‌یه‌ی كه‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ی به‌غدای ده‌كات، ده‌بێت له‌ حكومه‌تی هه‌رێم بپرسرێت ئایا ئاماده‌ن لیستی موچه‌ ره‌وانه‌ بكات یاخود نا؟".

دواكه‌وتی موچه‌ بۆ ماوه‌ی چوار مانگ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر شكستی ئه‌م كابینه‌یه‌

رونیشیكرده‌وه‌، "دواكه‌وتی موچه‌ بۆ ماوه‌ی چوار مانگ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر شكستی ئه‌م كابینه‌یه‌ و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و باشتر وایه‌ وازبهێنن تا حكومه‌تێكی كاتی و كاربه‌ڕێكه‌ر پێكبهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ بكات".

سەرچاوە : خەندان