ئەبوبەکر جاف نووسەر و رووناکبیر کۆچی دواییکرد

شەوی 10/8/2022 ئەبوبەکر جاف، نووسەر و روناکبیری کورد، لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
دیار جەمال پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، کەسوکارەکەی ئامادەکارییان کردووە، بۆئەوەی تەرمی ئەبوبەکر جاف لە گۆڕستانی نوێی شاری سلێمانی بەخاک بسپێردرێت.

ئەبوبەکر جاف، پێشتر نەخۆشی شەکرەی هەبووە و دوو رۆژ پێش گیانلەدەستدانی، تەندروستی تێکچووە و بێهۆش بووە تا کاتی گیانلەدەستدانی، بەڵام تائێستا بە فەرمی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بڵاونەکراوەتەوە.

لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو نووسەرە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بە داخ و ئەسەفێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی لە ناکاوی، هەڤاڵ و هاوڕێمان، نووسەر و رووناکبیری بە توانا کاک ئەبوبەکر جاف، کارگێڕی لقەکەمان رادەگەیەنین، کۆچی کاک ئەبوبەکر کەلێنێکی گەورەی لە خێزانی لقی چوار و لە ناوەندی فیکر و فەلسەفەی شاری سلێمانیدا دروستکرد".

لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەبوبەکر جاف، وێنە و هەندێک لە قسە و بەسەرهاتەکانی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراتەوەوە و رێبوار سیوەیلی نووسەر لەو بارەیەوە دەڵێت "دوێنێ هەواڵیم لە دۆستانی پرسی و ئەمشەو مردن لێیسەندینەوە، (ئەبووبەکر جاف)م لە دوو قۆناغدا ناسی، کاتێک لە زانکۆی سلێمانی بەشی کۆمەڵناسی دەیخوێند و کاتێک لە کۆلێژی ئەدەبیات بووە کارمەند".

رێبوار سیوەیلی باسی لەوەشکردوە کە بەرهەمەکانی گەواهی (شایەتی) ئەوە دەدەن کە ئەبوبەکر جاف، گەرمیانییەک بووە و چۆن بیری لە تراژیدیای کوردبوون دەکردەوە.

ئەبوبەکر حەسەن، کە بە ئەبوبەکر جاف ناسراوە، لە ساڵی 1975 لەدایکبووە و خاوەنی دەیان گوتاری شیکاری و کتێبە لە بوارەکانی ( رۆشنبیری، نووسین، رەخنەگرتن و بیرکردنەوەی فەلسەفی)دا.

 

سەرچاوە: kurdistan24