"ئێوارەی بەر لەكۆتایی" بڵاو کرایەوە

ئێوارەی بەر لەكۆتایی ناوی كتێبێكی شانۆیی نوێی نووسەر و شانۆكار (دانا ڕەئوف)ە و سێینەیەكی شانۆییە كە دەربارەی یادەوەری و تارمایی و كۆتاییەكان دەدوێت،  گەرچی هەریەكەی دەكرێت وەك دەقێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام لەناوەوە لەڕووی تێماو كارەكتەرەوە پێك پەیوەستییەكی هەمیشەییان هەیە، ئەم كتێبە ئێستا لەكتێبخانەكان و لای كتێب فرۆشەكان بەردەستە.
چەند پەیڤێكی كورت لە دانا ڕەئوف-ەوە سەبارەت بەم دەقانە...
 دەمێك بووم بیرم لەنووسینی شانۆنامەیەك بۆ سێ كارەكتەری ئافرەت كردبووەوە. بیرۆكەكە لە مێشكمدا گەڵاڵە بوو، دەمهێناو دەمبرد، تاوەكو لەخەیاڵی خۆمدا تەواوم كرد، بەڵام كاتێكی زۆری ویست تا دەستم بە نووسینەوەی كرد. دواتر لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا شانۆنامەی (تارمایی و سێبەرەكان) لەدایكبوو. پاش چەند مانگێك و چەند جار خوێندنەوەی دەقەكە، هەندێك گۆڕانكاریی بەسەردا هات، هاوكات هەستمكرد، ئەم كارەكتەرە ئافرەتانە لەشوێنێكی تردا كۆ دەبنەوە، پەیوەندییەكانیان شێوەیەكی تر لەخۆ دەگرێت، هاوكات لەڕووی دەروونییەوە زیاتر قووڵ دەبنەوە. لەگەڵ ئەم بیركردنەوانەدا، لەخەیاڵمدا كەوتمە نووسینی دەقەكە؛ پاشان شەوێك تەنیا بە یەك سەعات (ئێوارەی بەر لەكۆتایی)م نووسی. ئەم دەقە تووشی گومانی كردم. هەستم كرد هەر سێ ئافرەتەكە، هەمان كارەكتەرەكانی (تارمایی و سێبەرەكان)ن و لەڕەوشێكی تایبەتیدا لە یەك خۆش بوون، پێكەوەن و لە یەكتری دەپێچنەوە، هەروەها چەند نیگەران و نائومێدن، هێندەیش لە سەرفرازی و هێمنییەكی ڕۆحییەوە نزیك بوونەتەوە. ئەو گومانەی ئەم دەقە لای دروست كردم، بیری شێواندم. دەبوو بە بەشێكی تر ئەو چیرۆكە تەواو بكەم، بەڵام چۆن... نەمدەزانی! بیرم لە ژیانی ئەو كارەكتەرانە دەكردەوە، تووشی گومان بووم، گومان لە چیرۆكێكی خۆشەویستی كە ناگات بەهیچ شوێنێك. لەم بیركردنەوانەدا بووم، كارەكتەری مینا و پیاوەكە سەرلەنوێ قوت بوونەوە. ئەم دوو كارەكتەرەم لە شوێنێكی تر و لەڕەوشێكی تردا بینی. هەردووكیان پێكەوە لەماڵێكدا، بەڵام هەردووكیان تەنیا و دوور لە یەكترییەوە، كە خەریكە (بێدەنگی) دەیانخوات. بێدەنگی و دوورە پەرێزی ئەم دوو كارەكتەرە لە یەكترییەوە تەواو ماندووی كردم، بێ ئەوەی بتوانم هیچ بنووسم. ئازاری دەروونی كارەكتەرەكان ئازاریان دەدام و نەمدەوێرا بیر لە چارەنووسیان بكەمەوە. كەوتمە نووسین و تەنیا دیمەنی یەكەمم نووسی. دیمەنێكی پر لە گومان. دوای ئەوە وەستام. نەمتوانی بەردەوام بم. كاتێكی زۆری ویست تا بچمەوە سەر دەقەكە، بەدڵەڕاوكێ و هەستێكی پڕ لەگومانەوە دیمەنی دووەمیشم نووسی و سەرلەنوێ لێی دووركەوتمەوە. نەمدەزانی چارەنووسی ئەم دوو كارەكتەرە بەچی دەگات. هەندێك شەو خەوم لێ نەدەكەوت، بە ڕۆژ بیرم لێ دەكردنەوە، كە دەشم ویست تەواوی بكەم، هیچم بۆ نەدەنووسرا... لە شەوێكی زستانی سارد و باران و تاریكدا، گەیشتمە كۆتایی و (ئاوازێكی بێدەنگ)م نووسی. ئەم سێ شانۆنامەیە، وەك سێینەیەك یەكتری تەواو دەكەن، كارەكتەرەكان هەمان كارەكتەرن، بەڵام لەهەمان كاتدا هەر بەشەی دەقێكی سەربەخۆیە و دەكرێت، وەك شانۆنامەیەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

 

 

سەرچاوە: galawej