"ئێوارانی ڕایین"ی یوسف مەنتك بە زمانی ئەڵمانی بڵاو كرایەوە

دیوانێكی شیعری یوسف مەنتك بەناوی (ئێوارانی ڕایین - Abende am Rhein) بە زمانی ئەڵمانی بڵاو كرایەوە. 
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی تشرینی دووەم، "وشە" هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئەم دیوانە شیعرییەی یوسف مەنتكی بڵاو دەكاتەوە كە پێشتر بە زمانی كوردی بڵاو كراوەتەوە، دواتر لەلایەن وەرگێڕ هۆزان عەبدولكەریمەوە كراوەتە ئەڵمانی. 

دیوانەكە لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی یونایتد پی.سییەوە چاپ و پەخش كراوە كە بریتییە لە 104 لاپەڕە. تابلۆی سەر بەرگی دیوانەكە لەلایەن هونەرمەند حەمید جەمالەوە كێشراوە. 

لەبارەی دەقە شیعرییەكانەوە لەسەر بەرگی دواوەی دیوانەكەدا هاتووە، زۆرجار شاعیران لە ناچاری دەقە شیعرییەكانیان بە زمانی هێما و دەستەواژەی ئاڵۆز بارگاوی دەكەن كە ڕەنگە خوێنەر ماندوو و بێزار بكات. شیعرەكانی ناو ئەم دیوانە دوورن لەم جۆر و زیادەڕەوییانە. شیعرەكان بە زمانێكی پاك و ڕوون، ڕووداو و هەستەكانی ڕۆژانە تێیاندا ڕەنگ دەدەنەوە بێ ئەوەی سادە دەركەون. دەقەكان ئەبستراكت نین، بەڵكو چیرۆك و چارەنووسی تایبەت دەگێڕنەوە، وەك: خۆشەویستییەكی لەدەستچوو، نیشتمانێكی بەجێماو و نیگەرانییەكانی كەسێكی پەناهەندە.

شایانی باسە ئەم دیوانە شیعرییە پێشتریش كراوەتە كرمانجی، لە ماوەی داهاتوودا بە زمانی فارسیش بڵاو دەبێتەوە.

سەرچاوە: wishe- وشیار ئەحمەد ئەسوەد