ئێمە لە کوێیی پڕۆسەی پەروەردەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوین؟

 

ئارام سابیر قادر

 

 

 

پەروەردە: پرۆسەیەکی وردی فێربوونە، لەڕێگەی دەستەبەرکردنی مەعریفە، بێگومان بۆ چنگکەوتنی ئەم مەعریفەیە کۆمەڵێک ڕێگا و ئامراز هەن کە کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆسەیە گەورەتر و خێراتردەکەن.

بێگومان پێویستیشە لەوە تێگەیشتبێتین کە ئەگەر هەرکاتەک ویستت  لە نەتەوەیەک تێبگەیت یان نەتەوەیەک هەڵبسەنگێنیت، یاخود تێڕوانین یا دنیابینیی نەتەوەیەک بزانیت،  بەر لەهەر  شتێک دەبێت لە جەوهەری پرۆسەی پەروەرەی ڕابمێنیت، وە یەکە بەیەکە قوڵبیەوە بۆ تەواوی جومگەکانی ئەم کەرتە گرنگ و پڕبایەخە.

وەک دەزانرێت هەرکاتێک پێویست بە هەر گۆڕاکارییەک بکرێت لەکۆمەڵگا پێویستە  ئەم گۆڕانکارییە سەرەتا لەپڕۆسەی  پەروەرەوە دەستپێبکرێت و  یەکە بەیەکە لە قوناغە دەستپێک و سەرەتاکانی خوێندن، کە باخچەی ساوایانە، ، پاشان لە قۆناغە بنەڕەتییەکان دەست بەم گۆڕانکارییانە بکرێت و دواتر قووڵبێتەوە بەرەو کایە جیاوازەکانی تر . بێگومان ئەمە پێچەوانەکەشی هەر دروستە، ئەگەر تەماشای وڵاتە داگیرکەر وتەماحکارە زلهێزەکان بکەین هەرکاتەک بیانەوێت وڵاتێک بەرەو وێرانکاری و تاڵانکاری ببەن سەرەتا لە  پەروەردەوە دەستپێدەکەن، پەروەردەکەی بەرەو ئیفلیجبوون دەبەن، لەکۆتاییدا پەیکەری تاکێک دەتاشن، ڕۆبۆت ئاسا بەوجۆرەی کە خۆیان ئارەزووی دەکەن، دایدەڕێژن و پڕۆگرامسازی بۆ دەکەن. گومانی تێدانییە ئەم تێگەیشتنە بۆ داگیرکەر دەگۆڕێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، لای هەندێک کەس ڕزگار کەر و لای هەندێکی تر وەک داگیرکەر سەیردەکرێن.

سەبارەت بە پەروەردە لە جیهان دوای سەدەی بیستەوە، پێی ناوەتە قۆناغێکی جیاواز، وە جیاوازە لە تەواوی سەردەمەکانی پێشووتری خۆی، نامەوێت بەرەو ئەو ئاراستەیە بتانبەم کە ئەم قۆناغە تازەیەی کە لە بواری پەروەردەو فێرکردن جیهانی گرتۆتەوە قۆناغێکی  ئەرێنی و سودبەخشە یان تەواو نەرێنییە، بەڵام پێویستە لەوە  تێگەیشتبێتی پێویستی مرۆڤ بۆ گۆڕانکاری و ڕۆتینیاتی ژیان و مرۆڤ بەردەوام لە بەرەوپێشچووندان، پێویستە خۆمان تەواو لەگەڵ بارودۆخە تازەکان ڕابهێنین و بەکاریان بهێنین بۆ گەشەسەندنی تواناکانی تاکی خۆمان.

بەڵام ئەو تەوژمە گۆڕانکارییانە لە ناوچەیەکی دیاریکراوی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوین بەبەراورد بە گەلانی ڕۆژئاوا تاڕادەیەک سست و هێواشە، ڕەنگە ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی تاک لەو ناوچانە، نەخوێندنەوەی کەرتی پەروەردە و فێرکردن وەک خۆی، و بە گرنگ تێڕانەمانی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکرن بووەتە هۆی ستی و لاوازی و دواکەوتن لە گۆڕانکارییەکان.

 سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ئەگەر سەیری پێشکەوتن بکەین لە بواری پەروەروەردە،  بە دانانی کۆمەڵێک پڕۆگرام و ستستەمی دیجیتاڵی کە لەم دوایییانە هاتنە ناو پڕۆسەی پەروەردە تاڕادەیەکی زۆر باش پلانی پەروەردەی لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشبرد، ئەمە جگە لە کردنەوەی چەندین خول و وڕکشۆپی جیا جیا کە ئامانج لێی بەرەوپێشبرنی ئاستی توانستی مامۆستا و پەروەردەکارانن  لە شوێنە پەروەردەیییەکان، سەبارەت بە قوتابییانیش ئەگەر بێت و سەریری بڕیارەکانی وەزارەتی  پەروەردەبکەین دەبینین بەڕادەیکی زۆر بڕیارەکان نەرمن، زۆربەیان لەبەرژەوەندی فێرخوازانن  و لە کۆی سیستەمەکە قوتابی و فێرخواز بەسەنتەری پڕۆسەکە سەیرکراون و سەیردەکرێن،

ئێستا لەبەشێکی زۆری قوتابخانەکان قوتابی دەتوانێت لەڕێگەی مۆبایل یان تابلێتەکەی سەیری ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی بکات و ئەنجامەکان وەربگرێتەوە، دایبابان لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە چاودێری هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی قوتابییەکانیان دەکەن، سەبارەت بە فێرگە و قوتابخانەکان ساڵانە بەڕێژەیەکی زۆر باش قوتابخانەی تازە دروستدەکرێت و قوتابخانە کۆنەکان دووبارە نۆژەندەکرێنەوە، جا ئەمە لەلایەن حکومەت بێت یانی کەرتی تایبەت، یان وڵاتانی تری دۆستی هەرێمی کوردستان.

 بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان و لەسەر وەستانە ، ئەوەیە کە زۆربەی توێژەرانی پەروەردەیی ئاماژە دابەزینی ئاستی قوتابییان دەکەن، هەم لەڕووی زانستی و هەمیش لەڕووی پەروەردەیییەوە، بەراورد کردنێکی نا داد پەروەرانە دەکەن لەنێوان سەردەمی خۆیان و ئیستا کە بەڕای ئێمە ئەم بەراوردکردنە دەست و قاچی پەروەردەکار دەگرێت، کۆت ودیلی دەکات، وایلێدەکات کە نەتوانێت خۆی لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەدا بگونجێنێت کە سەردەمی ئێستامان دەیبینین ، وە کەرتی پەروەردە و نەوەکانی ئەم سەردەمە بێ بەش  نین لەم گۆڕانکارییانە، وەپشکی ئەم گۆڕانکارییانە تەنها بەر پەروەردە نەکەوتووە، بەڵکو هەموو لایەنەکانی گرتۆتەوە، ئەم گۆڕانانە سروشتین و ناتوانرێت پێشیان پێگیرێت.

ژیان بەم گۆڕانانە بەرەوپێش دەچێت و لە قاڵبە کۆنەکەی دادەماڵدرێت و بەرەو بەسەردەمیبوونی پڕۆسەکەدەچیت، تەواوی ئەو پێشکەوتنانەی کە ئەمڕۆ هەن بەرهەمی ئەم جۆرە لە کرانەوەیەن  کە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بەردەوامە و نەوەستاوە، تاک هەمیشه لە گۆڕاندابووە و بەرەوپێشچووە، بێگومان ئەم بەرەوپێشچوونەش بەپێیی سەردەمەکان، جوگرافیاکان، تێگەیشتن و دنیابینی تاکەکانی کۆمەڵگا  گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە، دەکرێت هێواشبێت ، دەشکرێت خێرا و خێراتر ڕووبدەن. لەم ساڵانەی دواییدا  لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەمان ڕوویان داوە، و ڕوودەدەن،  ئەو گۆڕانانە لەتێکی بەر پرۆسەی پەروەردە کەوتووە لە هەرێمی کوردستان، ئەو بەرەوپێشچوونانەش کە وەزارەتی پەروەڕدەی هەرێمی کوردستان دەیانکات بۆ بەرەوپێشبردنی توانستی تاک، هەم لەڕووی پەروەردەیی و هەمیش لە ڕووی زانستییەوە دەتوانین بڵێین جێی دڵخۆشی و بایەخی توێژەرانە، بەڵام ئەمە بەسنییە، هێشتا هەر ماومانە کێبڕکێ بکەین و بێینە ناو بازنەی کێبڕکێی جیهانییەوە لە بواری پەروەردە، ئەو گۆڕانە خێرایانەی کە لە سیستەمی پەروەردەو ئاوێتە کردنی داهێنراوە تەکنەلۆژییەکان و بەستنەوەیان بە کەرتی پەروەردە و سود وەرگرتن لێیان یەکێکە لە پلانە بنچینەیییەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک  کوریای باشور و چین و ژاپۆن چەندان وڵاتی تری هاوشێوە کە لە ڕێگەی کەرتی پەروەردەوە وڵات بەرو ئەو پێشکەوتنە خێرایە دەبەن کە دەبینین.

ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان، لەم قوتابخانەی کە کەرتی تایبەت خاوەندرێتی دەکەن جۆرێک لە بەرەوپێشچوون دەبینێرێت و دەتوانین بڵێین هاوتا لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان دەتوانن لەبواری پەروەردەو فێرکردن، گەشە بە تواناکانی تاک بدەن، کە بەداخەوە ئەمەش نوخبەیەکی کەمن و ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت. 

ئەمەش بۆ نوخبەیەک لەتاک، واتای ئەوە ناگەیەنێت کە جێی بایەخ بێت و شانازی پێوەبکرێت، بێگومان ڕەنگە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپیشی هەبێت  کە دەکرێت کۆمەڵگا بەرەو لەتبوون و دابەشبوونێکی ئاشکرا ببات، بۆ دوو لەت، لەتێکیان کە چینی خوار و ناوەڕاستن لەڕووی داهات و خەرجییەوە،  چینێکی تریان کە ئەرستۆکرات و خانەدان و پارەدارە دەخوڵەمەندەکانن، کە ئەمە نوخبە کەمەکەن بەبەراورد بە چینی یەکەم.

 لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری و سادە لەدایکدەبێت ئەویش ئەوەیە کە بۆچی بەشێک لەو ناوەندانەی کەرتی تایبەت سەرپەرشتی دەکات توانیویانە لەناو ناوندەکانی خوێندن گەشە بە تواناکانیان بدەن، بەرزترین تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکاردەهێنن، بەڵام ئەمە کەمتر دەبیوونرێت لە کەرتی حکومی؟

ئایا هەر بەڕاستی دەیوەستە بە دۆخی ئابوری و ئاستی داهاتی حکومەت؟ یان هۆکارگەلێکی تر هەن دەست و قاچی پڕۆسەکەیان گرتووە و ناهێڵن بەرەو پێشکەوتن  بچێت و ڕێڕەوی خۆی بگرێت،  با ئەم پرسیارە سادەیە بۆ تۆی خوێنەر جێبهێڵین و خۆت سەرپشکی بیر لە وەڵامەکەی بکەوە.

سەرچاوە : هاوڵاتی