ئێران لەهەولێر تووڕەیەو تورکیاش لەسلێمانی

 

 

تورکیاو ئێران گەڕى بارەترێ بەهەرێم دەکەن

 

ئا: وریا حسێن

ڕۆژانە  درۆنى ئاکێنجى تورکى بەسەر ئاسمانى سلێمانیدا دەفڕێت‌و چاودێرى وردى جموجۆڵی شارەکە‌و ناوچەکانی  دەوروبەری دەکات، فڕۆکەى خۆکوژو موشەکى فاتیح‌و شاهینی ئێران‌و گروپە شیعییە هاوپەیمانەکانیشی بونەتە مۆتەکە بۆ هەولێر.

ڕێکخراوى (سى پى تى) کە ڕێکخراوێکى ئەمریکیە ئامارێکى لەبارەى پێشێلکارییەکانى تورکیاو ئێرانەوە ئامادەکردووەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەساڵى ٢٠١٥وە شەپۆلى نوێى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان لەڕێگەى درۆن‌و مووشەکەوە زیادیکردووە، بەجۆرێک ١٥٠هاوڵاتى  لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوەو ١٢٨ هاوڵاتى دیکەش بریندار بوون، ئەوە لەکاتێکدایە بەهەمان هۆکار لەساڵى ١٩٩٠وە ٨٥٠ هاوڵاتى کورد بەهۆی هێرشی ئەو دوو وڵاتەوە گیانیان لەدەستداوە.

کامەران عوسمان، ڕێکخەرى ڕێکخراوەکە لەهەرێمى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەزاخۆوە تا شۆشمێ ئێران‌و تورکیا بنکە سەربازییەکانیان لەسنورى هەرێم بڵاوکردووەتەوە، بەجۆرێک تورکیا ٦٤ بنکەو ئێرانیش ١٥٠ بنکەى دامەزراندووە، بەڵام بەبڕواى ئەو ئێستا ئامانجەکانى تورکیاو ئێران گۆڕاون بۆ لێدان لەشادەمارە ئابوریەکانى هەرێمى کوردستان، ئەو بەئاوێنەى راگەیاند "تورکیا بۆردومانى فڕۆکەخانەى سلێمانى‌ دەکات‌و وێستگەى ئاوو پڕۆژەى کارەبا دەکاتە ئامانج، هاوکات ئێرانیش لەشادەمارى ئابوورى هەرێم کە کێڵگەى غازى کۆڕمۆڕە دەدات، ئێمە پێمانوایە بەتایبەت ئێران ئامانجى لێدانە لەستونە ئابووریەکانى هەرێمى کوردستان".

رێکخەری ڕێکخراوى (سى پى تى) لەهەرێمی کوردستان وتی "بۆردومانەکانى ئێران بەردەوام لەپردو ڕێگاو کێڵگەى پەلەوەرى‌و سەرچاوەى ئاوى گوندەکانى داوە تاوەکو چۆڵیان بکات، تورکیاش بەهەمان شێوەى ئێران ئەو کارەى کرد بۆ ئەوەى سنوور چۆڵبکات لەخەڵکى‌و  زۆنى ئارام بۆ سەربازەکانى دروست بکات".

لەسێ دەیەی رابردوودا، تورکیا بەردەوام هێرشی سەربازی کردوەتە سەر گوندو ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەپارێزگای دهۆک بەبیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکەوەو لەئەنجامی ئەم هێرشانەدا سەدان گوند چۆڵکراون‌و سەدان هاولاتی سڤیلیش گیان لەدەستداوە یاخود بریندار بوون. لەم ساڵانەی دوایشدا لەڕێگەی فڕۆکەو درۆنە پێشکەتووەکانیەوە، کە دۆرنى ئاکێنجى تورکى شەپۆلە ڕادیۆیەکەى هێندە بەرزە دەتوانێت لەئاسمانەوە بزانێت چى لەگیرفانى مرۆڤدایە، هێرشی بەردەوامی کردوەتە سەر ناوچەکانی سلێمانی‌و گەرمیان‌و پشدەرو شارباژێڕو پێنجوێن‌و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان‌و هاوڵاتیانی کوردی سوریاو تورکیاو ئێران‌ کە پەنایان بردوەتە بەر هەرێمی کوردستان‌، هەندێکجاریش ئەم ئاوارەو پەنابەرانە لەناو شاری سلێمانیدا بەچەکی سووک‌و چەقۆ تیرۆر کراون.

فڕۆکەخانەی سڵێمانی کە لەلایەن تورکیاوە گەمارۆی خراوەتە سەرو جارێکیش هێرشی کراوەتە سەر بەدرۆن

لەمانگى چوارى ساڵى ٢٠٢٣وە واتە زیاتر لەساڵێکە تورکیا کە زۆرترین ترانزێت‌و گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى پێکدەهێنن، مامەڵەیان لەگەڵ فڕۆکەخانەکەدا بچڕاندووە بەبیانووی بوونی چالاکوانانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لەزۆنی بندەستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەوەش زیانێکى گەورەى بەفڕۆکەخانەی سلێمانی گەیاندووە کە ساڵانە خۆی لە ٣ ملیار دینار داهات دەدات، جگە لەزیانى کۆمپانیا گەشتیارییەکان، لەوبارەیەوە بەرپرسانى فڕۆکەخانەکەو کۆمپانیا گەشتیارییەکان خۆیان لەبابەتەکە لادەدەن‌و ئامادە نین قسەی لەسەر بکەن بۆ ئاوێنە.

موسەننا ئەمین، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى پەرلەمانى عێراق دەربارەى دواهەمین ئەو زانیارییانەى لەبەردەمى لیژنەکەیاندایە، ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو بیانووى تورکیاو ئێران بوونى پەکەکەو حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتە، ئەو بەئاوێنەی راگەیاند "تورکەکان بڕوایان وایە ئیدارەى سلێمانى هاوکارى پەکەکە دەکات، بۆیە گەمارۆ لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانى داناوەو بۆردومانى دەکەن".

ئەو ئەندامەى لیژنەى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بڕواى وایە هۆکارەکانى فشارى ئەو دوو وڵاتە ماون بۆیە فشارەکان بەردەوام دەبن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات بەهیچ شێوەیەک بڕوایان بەو فشارانەى تورکیاو ئێران نیە بۆ سەر هەرێمى کوردستان چونکە هیچ کات دراوسێى باش لەگەڵ درواسێکەى کارى واناکات‌و کێشەکانى بەگفتوگۆ چارەسەر دەکات.

موسەنا وتى "ئێمە لەگەڵ تورکیاو ئێران دوژمنایەتیمان نیەو دراوسێین، لەنێوان دراوسێدا ئەم شتانە بەشەڕو موشەک چارەسەر نابن، پێشمان وایە کارەکەیان لەڕووى یاساى نێودەوڵەتییەوە قبوڵکراو نیە".

تورکیا بەڕوونى داواى سەرى بەرپرسانى پەکەکە لەیەکێتى دەکات‌و بەرپرسانى پارتیش دەڵێن "ئێران بۆیە بۆردومانی هەولێر دەکات، چونکە ناچینە ژێر فشارى هیلالى شیعیەوەو نابین بەبەشێک لەبەرەى مقاوەمەى سەر بەئێران".

سەعیدى ئەحمەد پیرە، وتەبێژى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەمبارەوە لەلێدوانیدا بۆ ئاوێنە جەغتی لەسەر ئەوە کردەوە کە "یەکێتى نەپێیدەکرێت‌و نەدەتوانێت هەڕەشە لەتورکیا بکات، چونکە شەڕ لەئامێدییە ئێمە چۆن دەتوانین یارمەتى پەکەکە بدەین، نەپەکەکەش پرس بەئێمە دەکات بۆ چالاکیەکانى، ئێمەش پێمان خۆش نیە هیچ هێزیک بچێت لەتورکیا چالاکى بکات‌و بێتەوە هەرێمى کوردستان".

هەرچى سەبارەت بەپارتیە، بەرپرسە باڵاکانى خۆیان لادەدەن لەو پرسەو ئامادە نین قسە لەسەر پرسى پەیوەندییەکانى ئێران‌و حیزبەکەیان بکەن بەباش‌و بەخراپ، بڕوایان وایە "ئەوپرسە هەستیارەو نایانەوێت قسەى لەسەربکەن"، وەک چەند بەرپرسێکیان بەئاوێنەیان راگەیاند، ئەمە لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەولێرو زۆنی زەردی لەبندەستایە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیاو وڵاتانی عەرەبی کەنداوو گروپە سوونیەکان هەیەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش کە سلێمانی‌و زۆنی سەوزی لەبندەستدایە پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران‌و گروپە شیعییەکان هەیە، ئەم پەیوەندییەشیان کاریگەری هەبووە لەسەر دوورو نزیکییان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هێزو  کاربەدەستەکانی عێراق‌، هەر بەڕاسپاردەی ئێرانیش لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە فشار خراوەتە سەر هەولێرو هەرێمی کوردستان.

سیروان گەردى، یەکێک لەکادرە پێشکەوتووەکانى پارتیە زۆرجار بەسەختى بەرگرى لەپارتەکەى دەکات، هیچ زانیارییەکى پێنەگەشتووە دەربارەى ئاسایى بوونەوەى پەیوەندییەکانى حیزبەکەى لەگەڵ ئێران بۆیە پێیوایە ئێستاش ترسى ئەوە هەیە هەمان مووشەک کە کۆتا شەوى مانگى ڕابردوو بەر چەند ناوچەیەکى هەستیارى ئەمنى هەولێرو ماڵى سەرمایەدار پێشڕەو دزەیى کەوت دووبارە ببێتەوە. سیروان زۆر دڵنیایە لەوەى ئێران هیچ پاساوێکى نیە بۆ هێرشەکانى ئەوەى دەیکات فشارخستنە سەر بەرپرسانى حیزبەکەیەتى بۆ ئەوەی بچنە پاڵ بەرەی مقاوەمەی سەر بەئێران، ئەو بەئاوێنەى وت "ئێران چاوى بەپێشکەوتنەکانى هەولێر هەڵنایەت، وەک تێبینى دەکرێت ئێران ئەو رۆژەى لەهەولێری دا کە مەسرور بارزانى لەداڤۆس بوو، ویستیان لەو ساتەدا بیسەلمێنن بۆ کۆمپانیا جیهانیەکان کە هەولێر ئارام نیەو با کەس نەیەت".

وتیشى "ئەو سیناریۆیانەى ئێران باسى دەکات ڕاست نیە، تەنها ئەوان دەیانەوێت هەولێر لەناوەندى بڕیارەوە بکەن بەناوچەیەکى نائارامى وەکو سوریاو لوبنان‌و عێراق‌و یەمەن، ئەوەش ناچێتە سەر بۆیان".

ماڵی شێخ بازی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كار کە لەلایەن ئێرانەوە بەمووشەک هێرشی کرایە سەر 

ئێران‌و گروپە عێراقییە هاوپەیمانەکانی لەسێ ساڵی رابردوودا پەیتا پەیتا بەدرۆن‌و موشەک هێرش دەکەنە سەر هەولێر، بەتایبەتی ئەوەی جێی سەرنج بووە سوپای پاسدارانی ئێران لەو ماوەیەدا لەڕێگەی موشەكبارانەوە ماڵی سەرمایەدارانی کوردی لەهەولێر کردوەتە ئامانج، کە ماڵی شێخ بازی گەورە وەبەرهێنەرو بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كارو پێشڕەو دزەیی خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن‌و پڕۆژەی ئیمپایەر بوو، بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاودەکرێنەوە هەردووک سەرمایەداری کورد لەپارتی دیموکراتی کوردستانەوە نزیکن‌و لەدوو بواری هەستیاری بازرگانی نەوت‌و غازدا کاریان کردووە، ئێران ئەم ماڵ‌و شوێنانەی لەهەولێر هێرشی مووشەکی کردونەتە سەر بەبنکەی مۆسادی ئیسرائیلی ناوبردون، ئەمە جگە لەوەی گروپە چەکدارە عێراقیەکانی شیعەی سەر بەعێراق دەیان مووشەک‌و درۆنیان ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو هەریر کردوە کە بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکای تیا جێگیرە.

هاوکات سوپای پاسداران‌و ئیتیلاعاتی ئێران لەسالانی رابردوودا چەندین جار هێرشی سەربازیی‌و مووشەکبارانی کەمپی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لەکۆیەو زڕگوێز کردوەو سەدان چالاکوانی کوردی ئێرانیان لەهەردوو پاریزگای سلیمانی‌و هەولێریشدا تیرۆر کردووە.

نەتەوەیەکگرتووەکان داواى لەهەردوو وڵاتى عێراق‌و ئێران کردووە کەمپى ئاوارەکانى ڕۆژهەڵات لەسنورى هەرێمى کوردستان بکرێنە ناوچەى فرى زۆن‌و پارێزراو بن لەبۆردومان‌و کەمپەکەش ناو بنرێت کەمپی "ئاشتى".

ئاکام ساڵحى، ڕاوێژکار لەپەرلەمانى ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە دەوڵەتەکەى دەیان تۆڕى "سیخوڕی‌و تێکدەرانە"ی گرتووە کاریان تێکدانى ئاسایشى ئێران بووە، بۆیە دواهەمین کار بۆ ئەوەى ئێران وەکو بەرگرى لەخۆى بەکاریبهێنێت هێرش بووە بۆ سەر ئەو خاڵانەى مەترسین لەسەر ئێران، ئەو بەئاوێنەى راگەیاند "ئەگەر حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکان‌و ڕێککەوتنەکانیان بن‌و بەدروستی جێبەجێی بکەن، هیچ ڕێوشوێنێکی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە ناگیرێتەبەرو سیگناڵێکی ئەرێنی لەلایەن حکومەتی عێراق‌و هەرێم ئاڕاستەى ئێران نەکرێت، ئێران دوا پلان جێبەجێ دەکات کە کردەی سەربازییە".

بەگوێرەى زانیاریەکانى ئاوێنە، حکومەتى هەرێمى کوردستان بەفەرمى لێداوانى لەسلکى دیبلۆماسى‌و بەرپرسانى حکومەت قەدەغە کردووە، پێیان ڕاگەیەنراوە، نابێت لەوبارەیەوە هیچ کەس لێدوان بدات.

ئەوەى ڕوونە بیانوى هێرشەکانی تورکیاو ئێران، پەکەکەو حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتن، بەڵام ئەوەى ناڕوونە، بۆچى ئەم دوو وڵاتە هێرشەکانیان لەچوارچێوەى ئەمنیەوە گواستووەتەوە بۆ قۆناغى وێرانکردنى ئابوورى هەرێمى کوردستان؟

 

سەرچاوە : ئاوێنە