ئیلۆن مەسک 'رکابەرێکی قسەخۆشی' چات جی پی تی راگەیاند

 

 

ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو).
ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو).

 

 

ئیلۆن مەسک پرۆگرامێکی ژیریی دەستکردی بە ناوی ( گرۆک  )  راگەیاند کە وەڵامی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) دەداتەوە، وەکو خۆی باسی دەکات، وەڵامەکانی پڕن لە قسەی خۆش و گاڵتەوگەپ.

مەسک هەواڵی راگەیاندنی پرۆگرامەکەی لە هەژمارەکەی خۆی لە ئێکس راگەیاند، کە هەر خۆی خاوەنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەیە.

گرۆک ئێستا لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی xAI، لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ ئەو کەسانەی بەکارهێنەری تایبەتن لە ئێکس و مانگانە پارە دەدەن، بەردەست دەبێت.

گرۆک لەلایەن کۆمپانیای xAI پەرەی پێدراوە، کە ئەوەش هەر کۆمپانیای ئیلۆن مەسکە، تایبەتە بە ژیریی دەستکرد و لە تەممووزی ئەم ساڵ بە ئامانجی "تێگەیشتن لە سرووشتی راستەقینەی گەردوون،" دایمەزراند.

مەسک هەفتەی رابردوو لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی سەلامەتیی ژیریی دەستکرد هۆشداریدابوو کە پێویستە چاودێریی پێشکەوتنەکانی زیرەکیی دەستکرد بکرێت و هەوڵی دانانی یاسا و رێسای بۆ بدرێت.

بە گوتەی ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ زیرەکیی دەستکردی وەڵامدەرەوەی پرسیارەکان هەیە، گرۆک وەکو رکابەری چات جی پی تی دروستکراوە کە سەر بە کۆمپانیای OpenAIیە، کاتی خۆی مەسک یەکێک بووە لە پشتیوانەکانی و ئێستا لەنێو هاوشێوەکانیدا زۆرترین بەکارهێنەری هەیە، بەڵام ئیلۆن مەسک دەڵێت، "گرۆک بە قسەی خۆشەوە وەڵام دەداتەوە".

هەروەها ئیلۆن مەسک دەڵێت، وەڵامی هەموو جۆرە پرسیارێک دەداتەوە، بۆ ئەمە لە هەژماری خۆی نموونەیەکیشی ‌‌هێناوەتەوە و پرسیاری لە گرۆک کردووە کە چۆن ماددەی هۆشبەری کۆکایین دروستدەکرێت. گرۆک وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە کە چۆن ئەو ماددە هۆشبەرە دروستدەکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا هۆشداریداوە لەوەی خۆیان لە دروستکردنی کۆکایین نەدەن، چونکە نایاساییە و زیانی هەیە.

هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکەی گرۆک ئەوەیە کە زانیارییەکانی لەگەڵ رۆژدان و نوێترین نموونەی کە لە تاقیکردنەوەکەدا خستوویەتییەڕوو لەبارەی چاوپێکەوتنێکی مەسکە کە لە 30ـی مانگی ئۆکتۆبەر ئەنجامدراوە.

 

سەرچاوە : ڕووداو