ئۆپزسیۆنی بێ بەرەکەت

 

Draw Media

  چیا عەباس
لە زۆربەی سیستەمە حوکمڕانییەکانی ئەم دنیایە هێزو گروپی ئۆپزسیۆن بوونیان هەیە، با ئاوڕدانەوەیەک لەم پرسە لە باشوری کوردستان بدەین تا بزانین بۆچی بەم رۆژەی ئێستای گەیشتوە. گەر بەئاگابوون و تێگەیشتنەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مێژووە نەکەین ئەوا مێژوو ئیفلیج و چاوبەستیشمان دەکات.
چوونە قوڵایی پرسی ئۆپزسیۆن لە مێژووی باشوری کوردستان کارێکی ئاسان نیە، چونکە بەڵگەو دۆکیۆمێنت و رووداوەکان پشتگیری بوونی ئەو جۆرە پرسە ناکەن، بۆیە دەبێت بەوردی دیدگاو هەڵدسەنگاندنمان بۆ کۆی گشتی رووداو و بیرەوەری و هەڵسەنگاندنەکان بە تەرازوی ویژدان و ئەقڵانیەت دارێژین.
بەگشتی لە باشوری کوردستان تا دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای راپەرین پرسی ئۆپزسیۆنی بەرێکخراوەیی نەبووە، ئەوەی هەبووە ژمارەیەک سیاسی و خوێنەرو نوسەر رەخنەو گلەیی و گازندەیان هەبووە، بە وتارو هەڵبەست و پەخشان و تەنانەت چیرۆکیش پەنایان بۆ بردووە. ئەم دیاردەیە لەناو حزب و هێزە کوردییەکانیش روویداوە، کاتێک سنوری دەسەڵاتی حزبی و سەرکردەکان بەزێنراوە ئیتر بە پێوەرەکانی رێکخراوەیی و سیاسی و فکرییەوە مامەڵە لەگەڵیاندا کراوە، ئاکامەکانی شەرو پێکدادان و جیابونەوەو سەنگەرگۆڕین و گواستنەوە بوون. چەندین نمونەی ئەمجۆرە رووداوانە مێژووی خەباتی سەردەمی شاخی تەنیوە.
دوای روداوی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨و دامەزراندنی کۆماری عێراق ئیتر هیچ بوارێک نەما نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ پێکهاتەکانی تری عێراقیش تا لە کەشوهەوایەکی کراوەو ئارامدا بۆچون و راو و داواکارییەکانی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا تاوتوێ بکەن. شەڕو کوشتن و گرتن و سوتاندنی تەڕو وشکی کوردستان و هێزو گروپە ناڕازییەکانی تری عێراقیش گۆڕەپانی سیاسی عێراقی بە دەریایەک لە خوێن تەنیبو. وڵاتی نێو دوو روبار چوەوە سەر رەچەڵەکە رەسەنەکەی خۆی کە لە مێژویدا زۆربەی ئیمام و سەرکردەو گەورە زانایانی ئیسلام تێیدا تەفروتونا کراون. 
رووداوی جەلالی و مەلایی ناودارترین و کاریگەرترین نمونەی دیاردەی بەرەنگاربونەوەی نێو ماڵی کوردە، بەهیچ شێوەیەک لە دورو نزیکەوە پەیوەندی بە هزری ئۆپزسیۆن بوون نەبووە، ئەوکاتەی سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلول گوێی لە داواکارییەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی نەگرت نەدەبوو ئەو باڵە پەنا بۆ رژێمیکی دڕندەی ناوەندی عێراق ببات و خۆی وەک ئۆپزسیۆنی دەسەڵاتێکی شۆڕشی کورد رابگەیەنێت و شەڕیشی بکات. 
بەرەچاوکردنی ئەوەی کە ناکۆکی و ململانێکانی نێو ریزەکانی بزافی کوردایەتی لە باشور زادەی خواستی دەسەڵاتپەرستی و تێکشکاندنی یەکترو بەشێک بوون لە سودبەخشین بە جەمسەرگەری ناوچەکە بۆیە هیچکات زەمینەخۆشکەرو بنیاتنەری هزرێکی دروستی ئۆپزسیۆن نەبوون.
سەرجەم خولەکانی شەڕی ناوخۆو ئاکامەکانیشی لە ١٩٧٥ تا ئەم چرکەیەش هیچ پەیوەندی بە فکرو هزری گۆڕانکاری و چاکسازییەوە نەبووە، شەڕی دوو میرنشینی کوردی بووە لە پانتاییەکی بچوکی داخراو و گەمارۆدراو، ئەم واقیعە تا ئەم چرکەیەش ئەو هاوکێشەیە بەڕێوە دەبات.
خاتونێکی دەسەڵاتداری ئەمریکی دێتە کوردستان و چاو لە پارتی و یەکێتیی سوردەکاتەوە، ئەوانیش یەکسەر پەنجەی رازیبون بەرزدەکەنەوە. خێرە پاش ئەو چەند ماوە درێژە لەدابڕان لەیەکترو بەدناوکردنی یەکتر دەرکیان بە بەرژەوەندییەکانی کوردو کوردستان نەکردبوو. کارەسەتاکانی کورد لە باشور لەم ئەقێلەتەوە سەریانهەڵداوە و گۆشەکراون و بە قەتماغەیەکی تەنکی هزری گۆڕانکاری و نیمچەئۆپزسیۆنی سێبەر دادەپۆشرێن. 
کاک نەوشیروان لەگەڵ دامەزراندنی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی بازێکی زۆر گەورەی بەسەر ئەو مێژووە خوێناویەی دەیان ساڵەدا نا، مەبەست بوو تاکی هاوڵاتی رابهێنێت کە دەکرێت ئۆزسیۆن بێت و پەنا بۆ چەک و تێکدان و سڕینەوەی یەکتر نەبات.
ئەزمونی گۆڕان وەک هێزێکی بنەرەتی ئۆپزسیۆنی سەردەمەکەی هەڵکشان و داكشانی هەستیاری بەخۆیەوە بینیوە، دوای دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم لە هەولێری پایتەخت ئیتر هیچ گومانێک نەما لەوەی ئیرس و ئەقڵیەتی سیاسی و فکری دەسەڵاتی کوردی رێگا نادات ئۆپزسیۆنێکی کاریگەرو بەهێز بوونی هەبێت، ئەوەی دەیەوێت ئۆپزسیۆنێکی دەستەمۆکراو و پۆپۆلیست و لەکەدارو لاواز بێت تا هەمیشە داشی بەسەریاندا زاڵ بێت و بۆ دنیای دەرەوش وەک ئارایشتەکردنێکی بێ پێزی پرۆسەی دیموکراسی نمایشی بکات.
ساڵی پار بەتەلەفۆن تاوتوێکردنێکی گەرمی پرسی ئۆپزسیۆنم لەگەڵ شاسوار عه‌بدولواحید. سەرکردەی نەوەی نوێ، کرد، ئەو لەوباوەرەدایە هێدی هێدی بەرێگەی پەرلەمانەوە شوێن بەدەسەڵات لەق دەکرێت. ئەم بوچەنە راستە لە سیستەمێکی دیموکراسی و کۆمەڵگایەکی هۆشیارداو کاتێک یاسا سەروەر بێت. هەروەک مەلا بەختیار جارێک راستگۆیانە گوتی: یەکێتی گەر یەک کورسی پەرلەمانیشی هەبێت هەر یەکێتییە، بەواتایەکی تر بەزەبری مێژوو و چەک و پارە هەر فەرمانڕەواو دەسەڵاتدار دەبێت. لەوباوەرەدام ئەم واقعە نەخوازیارە تا ساڵانێکی درێژی تر بە پەرله‌مان ناگۆڕدرێت، ئەمە تەنها پەیوەندی بە دەسەڵاتی هەرێمەوە نیە بەڵکو سروشتی سیاسی ناوچەکەو خواستی ئەمریکاو دۆستەکانی بۆ راگرتنی ئەم دەسەڵاتە رۆڵی زۆر هەستیاریان هەبووەو هەشە لە بێ بەرەکەتی ئۆپزسیۆن.
ئێستا لەم دۆخە زۆر دژوارو ئاڵۆزەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێم بانگەشەکردن بۆ هزری گۆڕانکاری زۆر گەرم و بەجۆش بووە، تایبەت وا بریارە پاش نیو ساڵ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بکرێت. چەندین بەرەو هاوپەیمانی و گردبوونەوە کەتونەتە خۆیان، دەبینین موخەزرەمەکانی سیاسەت، تایبەت ئەوانەی کورد وتەنی: لە هەزار ئاویان داوە قولەپێیان تەڕ نەبووە، ئەوانەشی بە قورمیشکردنی بەغدا و تاران و ئەنکەرە و کارئاسانی بۆیان وروژاون فڕکەفڕکیانە. بێگومان مافی خۆیانە کار بۆ ئەو شتانە بکەن کە مەبەستی خۆیانە، بەڵام دڵگرانی و نیگەرانییەکە لەوەدایە پارچەپارچەن، کەسانێکی لەکەدارو گومانلێکراویان تێدایە، زۆربەیان خۆیان بەفریادڕەس نمایش دەکەن، هەندێکیشیان پەنا بۆ پرۆسەی چاکسازیی حزبی دەبەن، کە کارێکی مەحاڵە. لەسەروی ئەمانەشەوە لەبری ئەوەی قۆڵی لێهەڵماڵن و زەمینەخۆشکەر بن بۆ سەرهەڵدانی هێزێکی ئۆپزسیۆنی بەهێزو کاریگەر یاخود بەلایەنی کەمەوە بۆ سازدانی پانتاییەکی هاوبەش هەر سەرقاڵی فوکردنن لە ئاسنی سارد کە نەرمیش نابێت. 
ئەوانەی بە هۆشیارییەوە دۆست داون دەبێت زۆر بە ئاگاو وردییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هەڵمەتانە بکەن.

 

سەرچاوە: درەو