ئێوارەی چوارشەمە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئۆركێسترای زانكۆی سەڵاحەدین فێستیڤاڵی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا و چەندین ئاوازی فۆلکلۆری پێشکەشکرد.
بەشی كۆڕاڵی موزیكی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەڵاحەدین، ئامانج غازی، هونەرمەندی میوزیك ژەن و مامۆستای كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەڵاحەدین، بۆ ڕۆژنیوز وتی: هونەری ڕەسەنی كوردی كە لەڕابردودا هونەرێكیی باڵا بووە، تێكەڵكێشی ئاواز و میوزیكی سەردەمی ئێستای بكەین و بەجۆرێكی تر چێژ بۆ گۆرانی ڕەسەنی كوردی بگێڕینەوە.
وتیشی: ئۆركێسترای زانكۆی سەلاحەدین ماوەی دوو ساڵە دامەزراوە و هەرجارە لەشارێكی كوردستان فێستیڤاڵی ساڵانەی گۆرانی و میوزیكی خۆی ئەنجام دەدات و ئەمڕۆش لە شارۆچكەی سۆران فێستیڤاڵەكەیان ئەنجامدا.
باسی لەوەشکرد، مەبەستی دامەزراندنی ئەو ئۆركێسترایە ئەوەیە ببنە پردی پەڕینەوە لە نێوان هونەری ڕابردوو لەگەڵ هونەری ئێستا، بەجۆرێك میوزیكی سەردەم لەگەڵ گۆرانی و ئاوازی ڕابردووی نەتەوەكەمان بگونجێنین.
فێستیڤاڵی گۆرانی و میوزیكی ئۆركێسترای زانكۆی سەڵاحەدین نزیكەی سێ كاتژمێری خایاند و ژمارەیەكی زۆر لە ئاواز و گۆرانی ڕەسەنی كوردی پێشكەش كران.
سەرچاوە: rojnews