ئایندەی ھەرێم و عێراق

 

دێرین عزەدین

 

ئەگەرچی هەرێمی کوردستان هێشتا بە رەسمی بەشێکە لە عێراق، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەو ھەرێمە لەگەڵ عێراق، لە پەیوەندیی نێوان دوو وڵات دەچێ. ئەگەرەکان وای نیشاند دەدەن لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییانە ئاڵۆزتربن و پێ بنێنە قۆناغێکی دیکەوە. 

ئێستا له‌سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ داین، ‌ھەرێم سه‌رباری‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ی‌ كه‌ دووچاری‌ بووه‌تەوە، له‌ قه‌یرانی دارایی و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان، پێموایە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و رووخانی رژێمی بەعس ، هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان هێندەی ئێستا لە پێگەیەکی لاوازدا نەبووە بەرامبەر بەغداد. 

 ئەگەر رووداوەکانی ئەودواییەی عێراق راستگۆیانە شیکاربکەین، هەرێمی کوردستان ئەو ناوەندە بەهێزە نەماوە کە پیشتر هەبوو، بۆ موچەی ھاوڵاتی بەتکاو رجا داوا لەعێراق دەکەین فریامان بکەوێ ھاوکاریمان بکات بەناچاری ملی خۆمان خستۆتە بەر رەحمەتی شمشێری ئەوان ، ئێمە ئەو دەزگا شەرعییەی شانازیمان پێوە دەکرد، کە پەرلەمانی کوردستانەبە فرمێسک و خوێن بونیاد نرا بە بڕیاری دادگەیەکی عێراق هەڵوەشایەوە.

ڕژێمی شۆڤێنستی بەعس هەرەسی هێنا لەساڵی ٢٠٠٣ و هەرێمی کوردستان و بەغداد یەکیان گرتەوە لەچوارچێوەی دەستوری هەمیشەی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ کە زۆربەی مافەکانی کوردی تێدا سەلما و بۆ یەکەم جار عێراق ناسنامەیەکی نوێی وەرگرت، هەرلەدوای پەسەندکردنی دەستورەوە جارێکیتر ململانێی نێوان هەرێم وبەغداد دەستی پێکردو شۆڤێنێتی عەرەب ئەومافانەیان بەکورد ڕەوانەبینی و کەوتنە پیلانگێڕی دژی مافەکانی کورد و ئەوبنەمایانەی کەعێراقی نوێی لەسەر بنیات نرا بریتی بوو هاوبەشێتی،تەوافوق ،فیدراڵیەت ،دیموکراسی.

یەکەم ـ شکستی هاوبەشێتی لە سامانی نەوت وغازو دەرنەچواندنی یاسای نەوت وغازی فیدراڵی لەساڵی ٢٠٠٧ بەهۆی ئەوەی بەغداد نەیویست مافەکانی کورد بەپێی مادەکانی (111٫112) ی دەستور بسەلمێنی،هەرێمی کوردستانیش وەک پەرچەکردار یاسای نەوت وغازی هەرێمی کوردستانی ژمارە (٢٢ ) ی ساڵی ٢٠٠٧ ی دەرکردو مافی خۆی بەسەربەخۆ لە نەوت وغاز بەکارهێناو تائێستا کێشەکە بەردەوامە.

دووەم ـ شکستی جێ بەجێکردنی مادەی (١٤٠ ) و گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان تا ئەو ڕادەیەی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتیەکان تێچێنیان کردو ئەم دۆسێ یە داخرا و بەبێ چارەسەر لەساڵی ٢٠٠٧ و پاشتر لەساڵی٢٠١٧  هەموو ئەوناوچانە بەهێزی سەربازی داگیرکرانەوە.

سێ یەم ـ شکستی تەوافوق عێراقی نوێ لەسەر بنەمای تەوافوق دامەزرا  بەڵام ئەویش کۆتایی هات و ئێستا لەپەرلەمانی عێراق هەموو یاساکان بەزۆرینە لەلایەن فراکسیۆنە عەرەبیەکانەوە دژی کورد تێ دەپەڕێنرێت و هیچ حساب بۆ کورد ناکەن

حکومەتی بەغداد دەیەوێ لەم جەنگەدا سەرەتا دۆسێی نەوت وغازو گومرگ بەشێوەی پراکتیکی لەکورد وەرگرێتەوەو پاشتر هەموو دەسەڵاتەکان لەهەرێم وەرگرنەوەو بیخەنەوە ژێردەستی خۆیان و بەتایبەت لەبواری نەوت وغاز و گومرگ بۆ ئەوەی دوابزمار لە تابووتی مەرگی مافەکانی کورد بدەن و هەرێمی کوردستان بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بەئارەزووی خۆیان هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن.

لەئێستادا لایەنە عێراقیەکان گورگە بڕگەیەکی هاوشێوەی کورگەکەی هەیاسی خاسیان بۆ حکومەتی هەرێم داناوە بۆئەوەی هەرکاتێک ویستیان سیناریۆ وبیانوی بۆ دابتاشن و بودجەکەی هەرێم ببڕن ، پرسی موچە و بودجەی ھەرێم ئاسان نییە چارەسەر ببێت، تەنانەت ئەگەر بۆ چەند مانگیكیش چارەسەر ببێت وەکوو ھەمیشە بەغدا ھەزار بیانوو دەدوزێتەوە بۆ ئەوەی كێشە بۆ ھەرێم درووست بكات،لە بەر ئەوەی لە بنەرەتدا پرسەكە پرسێكی سیاسییە زیاتر لەوەی پرسێكی یاسایی یان رەقەم و  ئابووری بێت, بەغدا  بەو گوشارەی كە بۆ سەر ھەرێم دەستی پێكردوە دەیەوێت كارتی  نەوت و وزە لە دەست ھەرێم دەربھێنێت، لە بەر ئەمەش دیارە لە بنەرەتدا كێشەكە نە پرسی گەندەڵییە نە قەرەبوو كردنەوەیە و نە پرسێكی دارایی و ئابوورییە، بەڵكوو  پەیوەندی بە سیاسەت و ستراریژی بەغداوە ھەیە بۆ زیاتر لاواز كردنی ھەرێم و پێگەكەی.

 پابەند کردنی حکومەتی هەرێم بە هەناردە کردنی چوارسەد هەزار بەرمیل نەوت و لەکاتی وەستانی ئەو هەناردە کردنە دوای هەندێ ڕێکار ناردنی بودجەی هەرێم  ڕادەوەستێ ، ئەم بڕگەیە حکومەتی هەرێم دەخاتە ژێر هەیمەنەی تورکیاو عێراقەوە ، ئەوەش دەرئەنجامی ئابوریە سەربەخۆ ( سەربەدوژمن ) ەکەی حکومەتی هەرێمە .

بێگومان ئێستا بارودۆخەکە ھەستیارەو ناوچەکە بەتەواوی لەبەردەمی گۆڕانکاریدایەو ئەگەری ئەوەش ھەیە جارێکی دیکە نەخشەی جوگرافیای ئەم ناوچەیە دابڕێژرێتەوە و ئەوەش لە قازانجی کورد دوایی بێت، ئەگەر کورد خۆی بتوانێت ئەو بکەرە بێت کە بەشداری ھەبێت لەدروستکردنی بڕیارو له‌ كاركردن له‌ رووداوەکان و ئاراستەکردنیان لەبەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیی، کە بێگومان ئەوەش پێش ھەموو شتێک پێویستی بە یەکێتی و یەکبوون و یەکخستنی گوتاری کوردی ھەیە لەسەر ھەموو ئاستەکان، چونکە تەنیا یەکێتی و یەکبوون و رێکخستنی ناوماڵی کورد خۆی دەبێتە زەمانەتی بەدەستھێنانی مافەکانی.

سەرچاوە :خەندان