ئایا سووریای نوێ دابەش دەبێت؟

 

 

 

هاووڵاتییانی سووریا لەدوای کەوتنی ئەسەد لە دیمەشق ئاهەنگ دەگێڕن. وێنە:AFP
هاووڵاتییانی سووریا لەدوای کەوتنی ئەسەد لە دیمەشق ئاهەنگ دەگێڕن. وێنە:AFP

 

 

 

پێشهاتەکان لە سووریا بە پەلە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؛ ئەوەش دەرگا بە رووی چەندین سیناریۆ دەکاتەوە لە بارەی داهاتووی سووریا بە تایبەتی کە ئەو وڵاتە بە پێگەی ستراتیژی گرنگ لەسەر دەریای نێوەڕاست دەناسرێتەوە، جگە لەوەش وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایینە لەو چوارچێوەیە دا "داهاتووی درووزەکانی سووریا" بووەتە یەكێک لە رۆژەڤەکانی ئەمڕۆی ئەو وڵاتە و ناوچەکەش.

ئایا درووزەکان سوننەن یان شیعە؟

درووزەکان سەر بە تایفەی "درووزن"؛ ژمارەیان بە نزیکەی 2 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن؛ زۆرترینیان نیشتەجێی پارێزگای سوێدای باشووری سووریان کە ژمارەیان سەرووی 700 هەزار کەسە، لە لوبنان و ئیسرائیلیش هەن.

درووز سەر بە ئایینە "باتنییەکان"ن، کە هێشتا زۆر شت لەسەریان نازانرێت و بە کۆمەڵگەی داخراو ناسراون، باوەڕیان بە کتێبی "نامەکانی حیکمەت" هەیە کە بە گوتەی خۆیان "تەفسیرێكی باتنی" قورئانی پیرۆزە؛ بە گشتی درووزەکان لە مەزهەبی شیعەوە نزیکن و لە زنجیرەی زەید کوڕی عەلی کوڕی حوسێنی کوڕی عەلی ئەبو تالیب، خەلیفەی چوارەمی موسڵمانان شۆڕ بوونەتەوە؛ زەید برای محەممەد باقرە، ئیمامی پێنجەمی مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامی کە لە ئێران و عێراق پەیڕەو دەکرێت.

سوێدا و یادەوەری "خوێناوی" داعش

بەهۆی تایبەتمەنی درووزەکان هەروەها تایبەتمەنی هەڵکەوتەی جوگرافییان، نیگەرانی هەیە سەبارەت بە ئەگەری بە هەرێمبوونی سوێدا یان جیابوونەوەی لە سووریا.

سوێدا دەکەوێتە باشووری سووریا؛ بەلای رۆژئاوایدا هاوسنووری پارێزگای دەرعایە کە ئیسرائیل لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد بە زیاتر لە 10 کیلۆمەتر چووەتە نێو ئەو پارێزگایە و ئەگەری کۆنترۆڵکردنی رووبەری زیاتر تاوەکو گەیشتن بە سنووری سوێدا زۆرە؛ بەلای رۆژهەڵاتیشیدا ناوچەی بادیەی سووریایە کە یە‌كێکە لەو ناوچانەی کە تێیدا شانە نووستووەکانی داعش تەراتێنی تێدا دەکەن.

لە تەممووزی 2018دا، داعش هێرشێکی خوێناوی کردە سەر سوێدا، 250 کەسی سڤیل لە درووزەکانی کوشت و 36 کەسی رفاند زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

داعش درووزەکان بە "رافیزە" دەزانێت و حوکمی "کافر"یان بەسەردا جێبەجێ دەکات.

درووزەکان نیگەرانن

دانیشتوانی سوێدا لە گۆڕانکارییە خێراکەی سووریا نیگەرانن و پۆست و کۆمێنت و ڤیدیۆکانی سۆشیال میدیا کە لە سوێدا هەن، قەبارەی ئەو نیگەرانییە دەردەخات؛ لە دوای 8ی ئەم مانگەوە ترس لە نێو درووزەکان بڵاوبووەتەوە لەوەی کێ و چ لایەنێک کۆنترۆڵی رەوشی ئەمنی ناوچەکەیان دەگرێتە دەست.

لای درووزەکان ئەندامانی دەستەی تەحریری شام بەشێکن لەو گرووپە چەکدارە مەزهەبییانەی کە درووزەکان بە 'کافر' دەزانن و کوشتن و رفاندنی کچ و ژنانیان بە 'جیهاد' دەزانن. 

بۆیە لەو رۆژەی کە ئەسەد هەڵات و شەرع گەیشتە دیمەشق تاوەکو ئێستا هیچ چەکدارێکی دەستەی تەحریری شام یان سەر بە هەر گرووپێكی دیکە نەچوونەتە نێو سوێداوە و درووزەکان خۆیان بەرگری لە ناوچەکەیان دەکەن؛ زۆربەی درووزەکان لە سوێدا هەڵگری چەکن و بەرپرسیاریێتی دابینکردنی ئاسایشی پارێزگاکەیانی گرتووەتەئەستۆ.

ئیسرائیل چی دەڵێت؟

لەدوای ئەسەد، سوپای ئیسرائیل، ئەو 25٪ی کە لە رووبەری بەرزاییەکانی گۆلان مابوو، خستیە ژێر کۆنترۆڵی سوپاکەی، جگە لەوە چەند ناوچەیەکی لە قونەیتیرەی نزیک لە دیمەشق و چەند ناوچەیەکیشی لە دەرعا لە باشووری سووریا کە هاوسنووری سوێدایە، کۆنترۆڵ کردووە.

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: "کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە رێکارێكی کاتییە و ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە تاوەکو ئەو دەمەی دڵنیادەبینەوە کێ و چ لایەنێك لە دیمەشق دەسەڵات دەگرێتە دەست و ئایا ئەو دەسەڵاتە نوێیە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل؟".

سووریایەکی ناوەندی یان فیدراڵی؟

پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری سووریا بوونەتە رۆژەڤی میدیای عەرەب کە بە "لەشکرکێشی" بەرەو پارێزگای سوێدا ناوی دەبەن و پرسیارێک دەوروژێنێت ئایا ئیسرائیل بەو جووڵەیەی نیازی ئەوەی هەیە سوێدا و دەرعا بە گۆلان ببەستێتەوە و ئەو ناوچەیەی باشووری سووریا لە جوگرافیای سەرەوەی ئەو وڵاتە جیا بکاتەوە؟

کورد لە رۆژئاوا

چوونی سووریا بەرەو فیدراڵییەت ئەگەرێکی لاواز نییە؛ ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی تایبەمەندی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کە ژمارەیان سەرووی 3 ملیۆن کەسە و ئەو هەرێمە دیفاکتۆیەی کە لە ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەردایە و ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کۆنترۆڵ دەکات و لە رووی ئەمنی، ئیداری و دامەزراوەییەوە بەڕێوەی دەبات.

عەلەوییەکان چی؟

هەروەها عەلەوییەکانیش هەن کە نزیکەی 10٪ی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن، لە هەردوو پارێزگای لازقییە و تەرتووسن، لە 1971وە بە سەرکەوتنی حافز ئەسەد کە لە هۆزی عەلەوییەکانە بوونە دەستەبژێری سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتی سووریا.  ژێرخانێكی گەورەیان بنیاتناوە کە وایان لێدەکات داوای هەرێمێکی جودا بۆ خۆیان بکەن.

ئەوە لە کاتێكدایە سەرکەوتنی ئیسلامییەکان لە دیمەشق ترسی لەنێو عەلەوییەکان دروستکردووە و هۆشداریشیان داوەتە شەرع لە ئەگەری دابیننەکردنی ئاسایشی ناوچەکەیان، خۆیان چەک هەڵدەگرن.

رووداو دیجیتاڵ