ئایا دەنگدەر دۆخى سیاسى دەگۆڕێت؟

 

 

 

عارف قوربانی

عارف قوربانی

 

 

ئەگەر شەڕی ئیسرائیل و 'بەرەى مقاوەمە' لەم هەفتەیەى داهاتوو عێراق پەلکێشى نێو جەنگ نەکات، وا بڕیارە 20ـى ئۆکتۆبەرى ئەم ساڵ، خەڵکى کوردستان بچنە سەر سندووقەکانى دەنگدان و پەرلەمانێکى نوێ بۆ هەرێمى کوردستان هەڵبژێرن. 

لەم هەڵبژاردنەشدا لەلایەک بەهۆى ئەوەى ناڕەزایەتى و نیگەرانى خەڵک گەیشتووەتە لووتکە و لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى ئەوەى ناکۆکى و ململانێى نێوان پارتی و یەکێتی وەک دوو پێکهێنەرى سەرەکیی حوکمڕانیی 32 ساڵى رابردوو، تا ئەندازەیەکى زۆر قوڵبووەتەوە و هەڕەشەى دەستشکاندنەوەى یەکتر و بەڵێنى یەکتررووخاندن دەدەن، هەروەها بەهۆى دەرکەوتنى هێزى سیاسیی نوێ و رکابەرى تازە لەنێو گۆڕەپانى سیاسیی کوردستان، خەڵکانێکى زۆر چاوەڕوانیى ئەوەیان هەیە گۆڕانکاریی گەورە و ریشەیى لە دۆخى سیاسى و حوکمڕانى کوردستان بێتە ئاراوە.  

بەڵام ئەزموونى خولەکانى رابردووی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى، هیوابەخش نین بۆ گۆڕانکاریى گەورە لە کوردستان، ئەویش چ بەهۆى ئەو وابەستەییە جوگرافییەى وەک دوو زۆنى سیاسى کوردستانى دابەشى سەر پارتى و یەکێتی کردووەو لە رێى ئەوانیشەوە بووەتە جێنفووز و گۆڕەپانى تورکیا و ئێران، هەروەها بەهۆى ئەوەى هیچ هێز و کارەکتەرێکى دیکەى سیاسى وەک پرۆژەى بەدیلى سەرتاسەریى لە گۆڕەپانەکەدا نییە تەنگى بە دوو لایەنەکەى دەسەڵات هەڵچنیبێت و خاوەن ئیرادەیەکى بەهێزتربێت لە هەژموونى ئێران و تورکیا بەسەر ئەم دوو زۆنە سیاسییەوە، تاوەکو چاوەڕوانى ئەوە بکرێت؛ ببێتە پەرجووى هەڵبژاردن و کوردستان بەرێتە قۆناخێکى دیکەوە.

بۆیە چاوەڕوانى ئاسۆیەکى ئومێدبەخش بۆ داهاتوویەکى باشتر، شانس و ئەگەرێکى لاوازترە لەو ئەگەر و پێشهاتانەى دۆخى هەرێمى کوردستان خراپتر دەکەن، لە باشترین حاڵەتیشدا راگرتنى هاوسەنگى هەژموونى هەرێمایەتى و بەرژەوەندیی هاوبەش، ئەگەرێکى نزیکترە کە دۆخى سیاسیی کوردستان وەک خۆى بهێڵێتەوە، نەوەک بیگۆڕێت. بەمەش ئەو خەون و ئومێدە زۆرەى بۆ هاووڵاتییان دروستکراوە و بەستراوە بەم هەڵبژاردنەوە، بەدیهاتنى ئاسان نابێت.

گۆڕانکاریی گەورە لە کوردستان، بەستراوە بە هاوکێشە نێودەوڵەتى و پێگەى هێزە هەرێمایەتییەکانەوە، رووداوى گەورە لە ناوچەکە روونەدات، گۆڕانکاریی گەورەش لە کوردستان روونادات. ئەوەى پرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگى خەڵک دەتوانێت بیگۆڕێت، یاخود کاریگەریى لەسەرى هەبێت، لە ئاستێکى دیکەدا دەتوانێت کاریگەربێت و خزمەت بە پرۆسەى حوکمڕانى کوردستان بکات، ئەویش ئەوەیە خەڵک گوێ نەداتە لایەنگیریى و حیزبایەتى و دەنگ بە کەسانى گونجاو بدات بۆ چوونە پەرلەمان، بۆ ئەوەى کوردستان پەرلەمانێکى هەبێت ئەرکى پەرلەمان ئەدابکات، رۆڵ و پێگە یاسایى و دەستوورییەکەى پەرلەمان بپارێزێت و ببێتە فاکتەرێکى گرنگ لەنێو سیستمى سیاسیی کوردستان بۆ حوکمڕانیێکى دروست. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا خەڵک ئەوە لەبەرچاو دەگرێت؟ یاخود تەنانەت لەنێو حیزبى دڵخوازى خۆشیدا جیاکارى دەکات لەوەى لەنێوان کەسێکى گونجاو بۆ ئەو کارەو کەسێکى ناشایستەدا، گونجاوەکە هەڵبژێرێت؟ بەداخەوە ئەزموونى هەڵبژاردنەکانى رابردوو ئەوەشى بۆ سەلماندووین، کە دەبێت بڵێین 'نەخێر'، دەنگدەرى کوردستان بە ئاگاییەوە دەنگ نادات. 

لەو کاتەوەى سیستەمى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان لە لیستى داخراوەوە بووە بە لیستى کراوە، کوالێتى پەرلەمانتار و رۆڵ و پێگەى پەرلەمان بۆ ئاستى زۆر نزم دابەزیوە. پێشتر حیزبەکان بە لیستى داخراو و خۆیان خەڵکیان دیاریدەکرد بۆ ئەندامیێتى پەرلەمان، کەسانى زۆر شیاوتر بوون لەوەى کە هاووڵاتى لەڕێگەى دەنگى راستەوخۆوە دیارى کردوون. ئەمە دەرخەرى راستییەکى تاڵ و ناخۆشە کە؛ میللەتەکە ئەوەى دەوێ. 

ئەگەر بەراوردێک لەنێوان خولى یەکەمى پەرلەمان بکەیت بە خولى رابردوو وەک نموونە، سەرەڕاى ئەوەى لە رووى زەمەنییەوە نزیکەى سێ دەیە نێوانیان هەیە، سەربارى ئەو پێشکەوتنانەى لەو 30 ساڵەدا روویانداوە، ئاستى ئەندامانى پەرلەمانى خولى یەکەم و ئەداى کارکردن و توانا و پسپۆڕییان، زۆر لە ئاستێکى باڵاتر بووە لەوانەى ئێستا. تەنانەت ئەگەر کەسێک هیچ ئاگایى و چاودێرییەکى بۆ رەوشى کوردستانیش نەبێت، تەنها بە خوێندنەوەى پرۆتۆڵەکانى پەرلەمان، ئەوەى بۆ دەردەکەوێت خول لە دواى خول، ئاست و کوالێتى پەرلەمان دابەزیوە. بە ئەندازەیەک کە پەرلەمان نەک سوودێکى بۆ پرۆسەى سیاسى و حوکمڕانى نەبوو، بەڵکو بووە بە بار بەسەر کوردستانەوە، ئەمە کارەساتێکى گەورەیە. 

هەر حیزبە سیاسییەکانیش بەتەنها بەرپرسیاریێتى ئەمەیان ناکەوێتە ئەستۆ، بە پلەى یەکەم، هاووڵاتییان بەرپرسیارن، چونکە ئەمە لە سایەى سیستمێکى هەڵبژاردنى لیستى کراوەدا روویداوە. خەڵک حەزى بە چ جۆرە کەسانێک بووە، حیزبەکان هەوڵیان داوە ئەو کەسانەیان بۆ بەربژێر بکەن، کە دڵخوازى خەڵکن. تەماشا بکەن بۆ کارى پەرلەمانتاریى و بۆ دامەزراوەیەک کە ئەرکى یاسادانانە، حیزبێک یاساناسێک و بێژەر و رۆژنامەنووسێکى زۆربڵێت دەخاتە بەردەست، تۆى هاووڵاتی، چەقاوەسووەکەیان هەڵدەبژێریت، نەوەک یاساناسەکە. ئەوە هاووڵاتییان بوون وەک دەنگدەرى حیزبێک لەنێوان بەربژێرەکانی هەمان حیزبدا لەنێوان بژاردەى کەسێکى ئابووریناس و گۆرانیبێژێکدا، گۆرایبێژەکەیان هەڵبژارد نەک ئابووریناسەکە.

دەنگ و رۆڵى خەڵک لێرەدا کاریگەریى لەسەر دۆخى حوکمڕانى دەبێت، کە بتوانێت کەسى گونجاو، کەسى ناشایستە لەیەکدی جیابکاتەوە. بۆ داهاتوویەکى باشتر و مانەوەت لەنێو ئەو دۆخەدا کە لێى ناڕازیت، هەر ئەوە پێوەرەکەیە، کە تۆ دەنگ بە کەسانێک بدەیت بۆ ئەو کارە بشێن، نەوەک لەسەر بنەماى ئەوەى کێ جنێوفرۆشى باشە، یاخود کامیان لە تیکتۆک و شاشەى تیڤییەکان باشتر دەشیڕێنێت تۆ ئەوەیان هەڵبژێریت و چاوەڕوانى ئەوەبیت داهاتووت باشتر بکات، دەبێت بەدواى خەلەلى مێشکى خۆتدا بگەڕێیت نەوەک شتى دیکە.

هەرچەندە هێشتا دڵنیایى ئەوە دەستەبەر نەبووە، کە هەڵبژاردنێکى پاک و بێخەوش بەڕێوەدەچێت و سیستمە ئەلیکترۆنییەکەش پرۆگرام ناکرێت بۆ ساختەکارى، بەڵام لە گریمانەى ئەوەشدا کە دەنگى راستەقینەى هاووڵاتییان یەکلاکەرەوە بێت و ببێتە پێوەر بۆ نەخشە و دیزایینى پەرلەمانى داهاتوو، دڵنیایى ئەوەش دەستەبەر نییە، کە دەنگدەر چەند بەئاگاییەوە دەنگ دەدات و کێ دەنێرێتە پەرلەمان. مەترسیی ئەمە لە تەزویر و ساختەکاریى زیاتر نەبێت، کەمتر نییە. ئەوە بەرهەمى نائاگایى دەنگدەرە، پەرلەمانێکى لە عێراق بەرهەمهێناوە، کۆمەڵێک شەهوەتباز دەیانەوێ بە یاسا کچەکانمان لە 9 ساڵیدا بەشوو بدەن. 

بۆ داهاتووى کوردستانیش، لەبەردەم ئەو پرسیارەداین، هاووڵاتیان چ جۆرە پەرلەمانێکمان بۆ بەرهەمدەهێنن. لەنێو کاندیدانى هەموو حیزب و هاوپەیمانیێتییەکاندا کەسانى زۆر هەن بۆ ئەرکى پەرلەمانتارى دەگونجێن و شیاون ئەندامى ئەو دەزگا گرنگە نیشتمانییە بن، کە ئەرکى سەرەکى و لەپێشینەى چاودێریى دامەزراوە حوکمڕانییەکان و دەرکردنى یاسایە، بەڵام لیستى حیزبەکان کەسانى ناشایستەى زۆریشى تێدایە، لە جنێوفرۆش و خەڵکى دەست و دەم و داوێنپیسەوە بگرە تاوەکو ئەوانەى گونجاون بۆ شەڕە گەڕەک. ئەوە تۆى هاووڵاتیت لەنێوان ئەم بژاردە باش و خراپانەدا کامیان هەڵدەبژێریت، پەرلەمان دەکەیتە شوێنى یاسادانەرى پسیۆڕى بوارە جیاجیاکان، یاخود دەمهەراش و جنێودەرى باش؟

سەرچاوە : ڕووداو