ئاڵای کوردستان کەی پەیدابووە؟

ئاڵای کوردستان و مێژووی پەیدابوونی ئاڵاکە و جیاوازی ئەو ئاڵایەی ئێستا لەگەڵ ئاڵاکانی پێشووتر، لەلایەن مێژوونووسانەوە قسەی زۆری لەبارەوە دەکرێت، هەندێک پێیانوایە ئاڵای کوردستان لەسەردەمی کۆماری کوردستانەوە پەیدابووە، بەڵام بەشی زۆری مێژوونووسان و بەڵگە مێژووییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە پێش کۆماری کوردستان ئاڵای کوردستان هەبووە.
پڕۆفیسۆر ئازاد عوبێد ساڵح، مامۆستای کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەددین لەبارەی مێژووی پەیدابوونی ئاڵای کوردستان لێکۆڵینەوەیەکی کردووە، لە بەرنامەی رووداو و دیرۆک کە لە رادیۆی رووداو پێشکەش دەکرێت، ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی بەڵگەنامەکان لەنێو کورددا سەرەتا هۆزەکان ئاڵایان هەبووە لە کاتی شەڕەکاندا بەکاریان هێناوە، بەڵام وەک ئاڵای کوردستان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی یەکەم.

وەک ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەلاحەددین دەڵێت: "لە باکووری کوردستان بۆ یەکەم جار ئاڵا پەیدابووە، بەتایبەت لەدروستبوونی کۆمەڵەی ئیتیحادی تەرەقی بەدواوە، کاتێک کۆمەڵەی تەشکیلاتی ئیجتماعی جیابووەوە، بنەماڵەی بەدرخانییەکان بیرۆکەی جیابوونەوەیان لە دەوڵەتی عوسمانی هەبوو، ئەمین عالی بەدرخان، داوا لە زەین العابدین دەکات کە کەسایەتییەکی کورد بووە، ئاڵایەک بۆ کوردستان دروستبکات." 

پڕۆفیسۆر ئازاد عوبێد ساڵح دەڵێت: "بەڵگەی زۆر دیاری ئاڵای کوردستان کۆمەڵەی خۆیبوونە لەنێو بڵاوکراوە و نووسینەکانیان ئاڵای کوردستانیان داناوە، هەمان ئەو ئاڵایەی ئێستایە کە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردێت." 

ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەلاحەددین ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردەمی حیزبی هیوا لەکۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوو، یەکێک لەمەرجەکانی بوونە ئەندام دەبووایە ئەندامی حیزبی هیوا سوێند بە ئاڵای کوردستان بخوات، ئەو ئاڵایەی ئەو حیزبەش هەمان ئەو ئاڵایەی ئێستا بووە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئاڵای کوردستان پێش کۆماری کوردستان لە مهاباد هەبووە.

هەروەها پڕۆفیسۆر ئازاد عوبێد گوتی: "لە 17-12-1945 پێش راگەیاندنی کۆماری کوردستان ئاڵای کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک هەڵکراوە. بەڵام ئاڵاکە جیاوازە لەو ئاڵایەی ئێستا هەیە، رەنگەکان هەمان رەنگن و لەنێوەڕاستەکەی دوو گوڵەگەنم و نیوەڕۆژێک و قەڵەمێک هەن کە لۆگۆی کۆماری کوردستان بووە." 

پڕۆفیسۆر ئازاد عوبێد دەڵێت: "ئاڵای شێخ مەحموود ئاڵایەکی جیاواز بووە لەو ئاڵایەی ئێستا هەیە، ئاڵاکە سەوزبووە و بازنەیەکی سووری تێدابووە، کە لەنێو بازنەکە مانگێکی سپی هەبووە. هەندێک لە سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن، سمکۆی شكاکیش ئاڵای هەبووە، بەڵام مستەفا کەمال یامولکی کە سەردانی سمکۆی شكاکی کردووە، پێی گوتووە بۆچی ئاڵات هەڵنەکردووە، بۆیە ئەوە بەڵگەی ئەوەیە کە ئاڵای نەبووە، بەڵام شکاکەکان وەک هۆز ئاڵایان هەبووە." 

لە ساڵی 1999 بە بڕیاری ژمارە 26ی پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 14ی ئاڵای هەرێمی کوردستان دەرکرد کە لە 10 مادە پێکهاتووە. 

دوای 10 ساڵ لە رۆژی 19-06-2009، پەرلەمان لە دانیشتنێکی تایبەتدا، رۆژی 17-12ی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی ئاڵا دیاریکرد کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بڕیارەکە پەسندکرا. ئەو رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی هەڵکردنی ئاڵا لە کۆماری کوردستان. 

 

 

 

سەرچاوە: rudaw