ئاگاداریەک بۆ خەڵکی کوردستان و هۆشداریەک بۆ سەرجەم حیزبەکان جگە لە پارتی .

ن/ ئومێد ساڵح


پارتی لە رێگەی نێچیروان بەرزانیەوە سەرقاڵی جێبەجێکردنی پیلانێکی ترسناکە ، کە زەرەر و زیانەکەی هیچی کەمتر نیە لە کارەساتی ئابووری سەربەخۆ .
لێرەوە هۆشداری دەدەین بە سەرجەم حیزبەکانی تر و هەر یەکێک لەو حیزبانە بچێتە ژێر باری ئەو ئەجیندا و پیلانەی پارتیەوە ئەوا بە هیچ جۆرێک لە لایەن میلەتەوە رەحمی پێ ناکرێت و رێک حسابی پارتی بۆ دەکرێت .
گلەیی خۆتان لەسەر خۆتانە و سزای ئەو هەنگاوەشتان کە خیانەتکردنە لە میلەت زۆر بە قورسی لەسەرتان دەکەوێت .

 دوایی نەڵێن : نەمانزانی چونکە لە کۆتاییدا نەمانزانی فریاتان ناکەوێت ، چونکە دڵنیابن جێبەجێکردنی ئەم پیلانە لە کارەساتی ئابووری سەربەخۆ و فێڵفراندۆمەکە مەترسیدارترە .

بەڕێزان ئەمەی خوارەوە وردەکاری و پوختەی پیلانەکەیە ..
پارتی لە هەنگاوی یەکەمدا دەیەوێت رێگری لەوە بکات کە موچەخوراوانی هەرێم  لەبەغدادەوە راستەوخۆ موچە وەربگرن ، خۆ ئەگەر ئەوەیشی بۆ نەچووە سەر ئەوا هەرگیزاو هەرگیز رازی نابێت کەوا لیستی موچە پاکتاو بکرێت و ئەوەش بە هاش و هوش بەرامبەر بەغداد و بە هەڕەشە و گوڕەشەی لە حیزبەکانی هەرێم بە هەڕەشەی نانبڕین و بە گوڕەشەی ترساندن و حەیابردنیان و هەڵدانەوەی مەلەفەکانیان .

  پارتی نایەوێت بە هیچ جۆرێک پاکتاوی لیستی موچەخۆرانی هەرێم بکرێت لە بەغداد ، لە کاتێکدا ئەگەر پاکتاوی لیستی موچەش بکرێت ئەوا موچەی بن دیوارەکان هەر دەمێنێت و نابڕدرێت ، بەڵام موچەی دابەستەکان لە 100% دەبڕدرێن ، پارتیش شەڕی مان و نەمان دەکات تا موچەی دابەستەکانی بمێنێت .بۆیە پارتی دەیەوێت حیزبەکانی تر بە زۆر پەلکێشی بەغدا بکات و هەموویان پێکەوە بچن و ببنە رزگارکەری پارتی و بنەماڵەی بەرزانی لە بەغداد ، هەر حیزبێک کە مل نەدات بەو داوایەی پارتی ،  ئەوا جگە لەوەی کە نانی دەبڕێت ، بەڵکو حەیا و حەیسیەتیان دەبات و ئەو بابەتانەی کە تا ئێستا لەژێر بەڕەدا بووە بۆیان دەهێنێتە سەر بەڕە ، تا ئەوان قەواڵەی خۆیان دەخوێننەوە ئەوا پارتی لە رێگای کەناڵەکانی راگەیاندن و پەیج و ئەکاونتە فەیک و سێبەرەکانیەوە پێستیان دەبات بۆ دەباغخانە .
پارتی بەم پیلانە پیس و نەگریس و قێزەونەی دەیەوێت حیزبەکانیتر ناچار بکات کە هەرچیەک ئەو دەیەوێت ئەمان بۆی جێبەجێ بکەن ، ئەگەرنا ئەوا دەیانخاتە بەر دووڕیان و تاقیکردنەوەیەکی سەخت .
پرسیارەکە ئەوەیە ئایە ئەمجارە حیزبەکانی تر دەبنە دارشەق و پارتی و بنەماڵەی بەرزانی لەو شکستە گەورەیە رزگار دەکەن ، یان تەنها بۆ یەکجار و بۆ کۆتاجار پشتی میلەت دەگرن و بۆ تا هەتایە پارتی لە ملهوڕی دەخەن ؟

ئەگەر موچە پاکتاو بکرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ئایندەدا زۆرینەی سەرانی پارتی و تەنانەت یەکێتیش دەرگای دادگایان لێ دەگیرێت و بە تۆمەتی ئیختیلاس و خراپ بەکارهێنانی موڵکی دەوڵەت توندی زیندان دەکرێن و دوور نیە تەنانەت حیزبەکانیشیان رووبەڕووی داخستن نەکرێتەوە .
چونکە لە کاتی پاکتاوی موچەدا ئەم گرفتانە روو بە رووی دەسەڵاتەکەی پارتی دەبێتەوە و هەرگیزاو هەرگیز لە ژێریا دەرناچن .
1 : نزیکەی 95000 نەوەت و پێنج هەزار کەس لە بەغداد و لە هەرێمیش موچە وەردەگرن و هەندێک لەوانە لە بەغداد موچە وەردەگرێت و لە هەرێم خانەنشینە و هەشیانە بە پێچەوانەوە لە هەرێم موچە وەردەگرێت و لە بەغداد خانەنشینە .ئەمەش لە کاتی پاکتاوی موچەدا دەردەکەوێت و دوور نیە هەموو ئەو کەسانە روو بەرووی دادگا نەکرێنەوە و کەمترین سزاش ئەوەیە ، دەبێت موچەی ئەو چەندین ساڵە بگێڕنەوە .

2 : بەرپرسانێکی زۆر هەن کە لە بەغداد پارەی حەرەس و حیمایە وەردەگرن و لێرە لە کوردستان 100 بۆ 150 تا 200 هەزار دەدەن بەو کەسانە و هەموو پارەکەی تر بۆ خۆیان هەڵدەگرن یان  ئەو پارانە دەگەڕێتەوە بۆ سندوقی حیزبەکان ئەوەش بە پێی یاسا قەدەغە و رێگا پێنەدراوە و بە ئیختیلاسی مالی دەولە حسابە و رووبەڕووی دادگا دکرێنەوە و زۆریش بە قورسی لەسەریان دەکەوێت .
3 : لە کاتی پاکتاوی موچەدا زۆرینەی هەرە زۆری حیزبەکان کۆمەڵێک کادیریان هەیە کە وەزیفەیان نیە و بە لیست خانەنشینکراون ، ئەوانە هەمووی دەبڕدرێت و هەرکەسێک لەوانە شایستەی ئەوە بێت کە موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەربگرێت ، ئەوا دەخرێتە چوارچێوەی ئەو بابەتەوە و ئەوانیتر سەرلەبەری دەبڕدرێن .
4 : 142000 موچەخۆری دابەستە و خانەنشین لە ئەوروپا و دەرەوەی هەرێمن ، بەشێک لەوانە خانەنشینی راستەقینەن و مافی خۆیانە ، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانە کادیری حیزبەکان و  دابەستن و  به بێ ئەوەی رۆژێک وەزیفەیان بینیبێت خانەنشین کراون ، تیایەتی هەر لە ئەوروپا لە دایک بووە و لەئەوروپا ژیاوە و بە سەردان نەبێت کوردستانی نەبینیوە کەچی دەسەڵات لەوێ لە بەرژەوەندی خۆی موچەی بۆ بڕیوەتەوە .
5 : ئەوانەی بە پلەیەکی بەرزی سەربازی خانەنشین کراون دوور لە هەموو یاسا و رێسا سەربازیەکان ، دەبێت هەموو ئەوانە بە پێی یاسا رێکبخرێنەوە ، بەوەش زۆرێک لە پلەدارە سەربازیەکان پلەکانیان دێتەخوارەوە و موچەکانیان رێک وەکو تەیرەکەی مەلای مەشهوری لێ دەکرێت .
6 : کۆمەڵێک پلەدار و دەرەجەداری سەربازی کە خوێندەواریان نیە یان بە تەزویر بڕوانامەیەکی شەشی سەرەتاییان بۆ کردووە و ئێستا لە پلەیەکی هێندە بەرزی سەربازی کە دەبوو بەلای کەمەوە لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس کەمتری نەبێت ، تیایەتە لەوانە لە لیواوە دەبێت بکرێت بە عەریف یان رەیس عورەفا ، ئەوەش بۆ خۆی نەک هەر قورس لەسەر کەسەکە دەکەوێت ، بەڵکو ئابڕووچوونە و لەهەموویشی ناخۆشتر ئەوەیە تا دوێنی ئەمری بەسەر خەڵکانێکدا کردووە بە گەورەم گەورەم شوێنی کەوتوون تەحیەیان بۆ دەکرد ، ئیتر لەوە و دوا ئەو دەبێت تەحیە بۆ ئەوانە بکات کە تا دوێنی لەخوار خۆیەوە بوون و دەبێت بۆ لەمەودوا ئەو بە گەورەم گەورەم شوێنی ئەوان بکەوێت هههههه .
7 : ژمارەی زۆری ئەوانەی کە بە پلەی دەرەجە ( ٲ ) لە هەرێم خانەنشین کراون ، وەک وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکان ، کە ژمارەیان لە ژمارەی ئەوانە زیاترە کە لە عێراقدا بەو پلەیە خانەنشین کراون .
8 : سەرجەم موچەی ئێرانی و سوری و تورکی و بەنگلادیشی و ئاوارەی عەرەب کە بە راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی موچەیان بۆ بڕاوەتەوە دەبڕدرێت کە ژمارەیان نزیکەی 100 هەزار موچەخۆرێک دەبێت .
9 : موچەی شەهیدان وئەنفالکراوان و بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی و زیندانیانی سیاسی کە کارەساتی زۆر گەورەی تێدایە ، هەموو پاک دەکرێتەوە .
10 : گرفتی دەیان هەزار دوو موچە و چەندین هەزار لە دوو موچە و سێ موچە زیاتر و تەنانەت تا دەگاتە 18 موچە ، ئەوە یەکێکە لە گرفتە گەورەکانی تر کە هەرگیز دەسەڵات و حکومەتەی مەسرور لە ژێری دەرناچێت .
11 : گرفتی خانەنشینانی راستەقینە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەیاندا زۆر قورس و گرانە و بەغداد نایەوێت بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و هەرێمیش دەڵێت : ئەگەر موچە راستەخۆ ڵە بەغداوە بدرێت ، ئەوا ئێمە حەقی ئەوەشمان نیە و دەبێت بەغداد ئەوەش لە ئەستۆ بگرێت ،لە کاتێکدا موچەخۆری راستەقینە لە هەرێم مانگانە بڕی پارەی خانەنشینی لێبڕاوە و ئێستا دەسەڵات لە هەرێم ئەو پارەیەیشی دزیوە و یەک دیناری دیار نیە ، بەغداد دەڵێت : ئەگەر ئێمە لە بەغدادەوە راستەوخۆش موچە بدەین ، ئەوا دەبێت هێندەی ئەو ساڵانەی کە ئەو فەرمانبەرانە بڕی پارەی خانەنشینیان لێ بڕاوە دەبێت بەقەدەر ئەوە هەرێم لە ئەستۆی بگرێت ، بەڵام هەرێم دەڵێم ئێمە حەقی یەک دینارمان نیە .
هەر بۆیە پارتی دەیەوێت قەناعەت بە هەموو حیزبەکان بکات کە نابێت موچە بچێتە دەستی بەغدا و دەبێت موچە هەر لە لای بەناو حکومەتی کات بەڕێکەر   بێت و ئەگەریش هەر ناچارکران کەوا موچە لە بەغداوە بێت ، ئەوا نابێت بەغداد لیستی موچە پاکتاو بکات و دەبێت هەموو حیزبەکانی بەرگری لەو بۆچوونەی پارتی بکەن ، ئەگەریش هەر حیزبێک لە قسەی پارتی دەر بچێت ، ئەوا یەکەمجار نانی دەبڕێت و دووەم جاریش چوارمێخەی دەکێشێت .