سوداد ڕەسوڵ
ڕۆنانی زاراوەی نوێ، بوارێکی زمانەوانیی پسپۆرییە، ئەوانەی پسپۆری بوارێکی زانستن زاراوە دادەنێن و لە ئەکادیمیای زمان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ و یەک دەخرێ، بەڵام لە زمانی کوردیدا ئەم بوارەش تووشی بێسەروبەری و ئاژاوە بووە.
هەر بوارێکی مەعریفی کە بۆ یەکەمجار دێتە ناو زمانی کوردی و لەسەری دەنووسرێ، کاتێک زاراوەی پێویست لەم بوارە نییە، ناچار هەر نووسەرە و لە لای خۆی زاراوە دادەنێت؛ بەهەمان شێوە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش کە باسی بابەتێک دەکەن و زاراوەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، ناچار بە ئارەزووی خۆیان زاراوە دادەنێن، بۆیە دەبینین بۆ یەک چەمکی زانستی، کە یەک زاراوەى پێویستە، کۆمەڵێک زاراوەی جیاواز دانراون. بەم پێیە لە ئەنجامی نەبوونی یەک سێنتەری زاراوەسازی، کۆمەڵێک زاراوەی ناپێویست دێتە ناو زمانەکە و بڵاو دەبێتەوە، ئیدی خەڵک نازانێ کامەیان ڕاستەکەیە، هەتا ئەم هەموو زاراوە ناپێویستەش ساغ دەکرێنەوە و یەک دەخرێن، جارێکی دی کۆسپ لەبەردەم پێشکەوتنی زمانەکە دروست دەکاتەوە. هەندێک کەس پاساوی نازانستی بۆ ئەم دیاردە زمانییە دێننەوە و دەڵێن: بوونی ئەم هەموو زاراوە بۆ یەک چەمکی زانستی، دەوڵەمەندیی زمانە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە دەوڵەمەندیی زمان نییە، ئەمە ئاژاوەی زمانە، زمان پێویستی بەم هەموو زاراوە زیادەیە نییە لێی بار بکرێت.
لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەک لە گەڕەلاوژەی زاراوەسازی دەدەین: بۆ نموونە بۆ وشەی "ضغط" ی عەرەبی لە سەرەتادا لە سییەکان لە کتێبی پرۆگرامی خوێندن وشەی " پاڵەپەستۆ " ی بۆ دانرا، وەک: پاڵەپەستۆی هەوا، ئاو، خوێن، .. دواتر وشەی دیکە بۆ ئەم چەمکە زانستییە پەیدا بوون، وەک: پەستان، فشار، گوشار، زەخت، تەوژم.. کە ئەمانەی دوایی هیچیان پێویست نەبوون. ئێستا ئەگەر لە گوگل بۆی بگەڕێی هەموو ئەم زاراوانە وەک یەک بۆ پاڵەپەستۆی خوێن بەکار دێن، واتە بۆ یەک چەمکی زانستی شەش زاراوە دانراوە.
بۆ وشەی "لهجة" ی عەرەبی لە سەرەتادا وشەی "زار" بەکار هاتووە، دواتر چەندین وشەی دی بۆ دانرا وەک زاراوە، زاراوا، شێوەزار، دیالێکت، دەڤۆک، گۆڤەر،.. هەتا دێ وشەی نوێتر دەردەکەوێ. ئەم زاراوانە هێشتا ساغ نەکراونەتەوە کە بۆ چ جۆرە زارێک بەکار دێن، بۆ زارێکی سەرەکییە یان زارێکی ناوچەیی، هەر نووسەرە و بەپێی تێگەیشتنی خۆی ئەم زاراوانە مانا و چەمکی زانستی پێ دەبەخشێ. زۆربەی زاراوە زمانەوانییەکان وای بەسەر هاتووە، هەر زمانەوانێک بۆ هەر چەمکێکی زمانەوانی زاراوەیەکی بۆ دادەنێ و دەیخاتە ناو نووسین و فەرهەنگی زاراوەی زمانەوانییەوە.
بۆ وشەی "سیرة حیاة" عەرەبی لە سەرەتا وشەی ژیاننامەی بۆ دانرا، ئەوجا بوو بە ژیننامە، دواتر ژیناوەری-یش پەیدا بوو، کە ئەمەی دوایی پێویست نەبوو، چونکە ژیاننامە یان ژیننامە جێگەی خۆی گرتبوو و پێویستیی ئەم چەمکەی لە زمانەکە پڕ کردبووەوە، ئەمجارە وشەی بیۆگرافی-یش پەیدا بوو، کە ئەمەش پێویست نەبوو.
بۆ وشەی "مفکر" ی عەرەبی لە سەرەتادا هیچ زاراوەیەک نەبوو، بیرمەندی بۆ دانرا، ئەوجا بیریار – یش بەکار هات، ئەوجا بیرەوان – یش پەیدا بوو؛ ئێستا سێ زاراوەی کوردی لە "بیر"ەوە بە سێ پاشگری جیاواز بۆ "مفکر" ی عەرەبی هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی وشەی "بیرکەرەوە"ش جاروبار بەکار دێت. سەرباری ئەمانە هزرڤان-یش بەکار دێت کە لە کوردیی باکوورەوە وەرگیراوە، دواتر هەر ئەم هزرڤانە بوو بە هزرکار، لەوانەیە لە داهاتوو، هزروان و هزرمەند و هزریار-یش دەرکەوێت. واتە لە هەر پاشگرێکی: مەند، یار، ئەوان، کار،...تاد هەر کەسێک لای خۆی زاراوە دروست دەکات. ئایا ئەم هەموو زاراوە بۆ "مفکر" لە زمانێکدا هەبێت پێویستە؟ ئەمە پێویست نییە، ئەمە گەڕەلاوژەی زاراوەسازییە.
بۆ وشەی "باحث" ی عەرەبی، ئەویش بە هەمان شێوە دوچاری فرەزاراوەیی بووە. لە سەرەتادا "لێکۆڵەر"ی بۆ دانرا، لە چاوگی "لێکۆڵینەوە" وەرگیراوە، دواتر لە توێژینەوە، توێژەر-یش پەیدا بوو، ئەوجا هەردوو زاراوە بە شێوەی "لێکۆڵەرەوە" و "توێژەرەوە" ش بەکار دێن، هەندێک جار وەک "کۆڵەر" و "تۆژەر" یش بەکار دێن. لەسەر ئەم هەموو زاراوەیە وشەی "باسکار" یش هەر بۆ هەمان مانا بەکار هات، بەڵام ئەمەی دوایی کەمتر بەکار دێت. واتە بۆ یەک زاراوەی وەک "باحث researcher " لە کوردیی ناوەندیدا حەوت زاراوە هەیە، هەر نووسەرێک بەپێی مەیل و ئارەزووی خۆی یەکێکیان پەسند دەکات و بەکار دێنێ.
تەنانەت زاراوەی key words کە بەم دواییە لە توێژینەوە ئەکادیمییەکان بەکار هات، ئەویش هەر گۆڤارێکی ئەکادیمی بە جۆرێک تەرجەمەی کردووە و بەکاری دێنێ، وەک: وشە کلیلەکان، وشە سەرەکییەکان، وشەگەلی سەرەکی،... بۆ زاراوەی abstract یش ئێستا دوو زاراوە بەکار دێن: پوختە و کورتە، کە ئەم زاراوە لە هەموو زمانێک یەک وشەیە، بەڵام لە کوردیدا بۆ ئەویش دوومان هەیە، ڕەنگە لە داهاتوو وشەی دیکەش دەرکەون.
بۆ کەسێک بەدوای هەڵەی نووسیندا دەگەڕێ لە سەرەتادا وشەی هەڵەچنی بۆ دانرا، دواتر ئەم وشەیە ڕەخنەی لێ گیرا ئەو کەسە هەڵە ناچنێ بەڵکوو هەڵەکان دەگرێ، ئیدی دوای ئەمە چەندین وشەی جیاوازی بۆ پەیدا بوو وەک هەڵەگری، هەڵەبژێری، هەڵەبڕی. بۆ ئەم چەمکە چوار زاراوەی جیاوازمان هەیە، دیار نییە کامەشیان ڕاستەکەیە.
تەنانەت بۆ زمانەوانییش چوار زاراوەمان هەیە: زمانەوانی، زمانناسی، زمانزانی، زانستی زمان بەڵام لە ئینگلیزی بۆ زمانەوانی یەک زاراوە هەیە Linguistic و لە عەرەبی: علم اللغة و لە فارسی: زبانشناسی، کوردی تەنیا زمانێکە بۆ زمانەوانی چوار زاراوەی هەیە.
زاراوە زانستییەکانی بوارەکانی دیکەش وەک یاسا، کشتوکاڵ، ئابووری، کۆمەڵناسی، ئیدارە .. وای بەسەر هاتووە. ئەم بوارەش بە هۆی نەبوونی پلانی زمان و نەبوونی یەک سێنتەری زاراوەسازی، گەڕەلاوژەی زاراوە بۆ زمانەکە دروست بووە.
ئەم بوارەی زمانیش پێویستە لە ئاژاوە و بێسەروبەری ڕزگار بکرێت و وەک بەشێکی پسپۆری چاوی لێ بکرێت، سنوورێک دابنرێت کە ئیدی هەموو کەسێک بۆی نەبێت زاراوە دابنێت. زمانەوانان لە ئەکادیمیای کوردی پێویستە ئەم ئەرکە بگرنە ئەستۆ، هەر جارەی لیستێک لە زاراوە زانستییەکان بڵاو بکەنەوە، بۆ ئەوەی بۆ زاراوەی زانستی هەموو نووسەر و تەرجومانێک بگەڕێنەوە بۆ ئەکادیمیا. هەروەها گرنگە زاراوەکان یەک بخرێن و ئەوانەی چەندین زاراوەی جیاوازیان بۆ دانراوە، یەکێکیان بەکار بێت و ئەوانی دی وازی لێ بهێنرێ و چیدی بەکار نەیەن.
لە پلانی زماندا زاراوەسازی پلانی پێشخستنی پێکهاتەی زمانە Corpus planning ئەرکی خوارەوەیە، واتە ئەرکی نووسەر و زمانەوانی پسپۆری بوارە زانستییەکەیە زاراوە دابنێ و ئەکادیمیای زمانیش زاراوەکان پێداچوونەوەی بۆ بکات لە فەرهەنگێکدا چاپی بکات و بڵاوی بکاتەوە.
لەبەرنامەی کاری ئەکادیمیای کوردی، لیژنەی زاراوە هەیە کە بەرپرسە لە دروستکردنی زاراوەی نوێ، ئەم لیژنەیەش لە ئەکادیمیا وەک پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە، بەهۆی چالاک نەبوونی ئەکادیمیا بۆ زاراوەسازی، ئەم بوارەش لە زمانی کوردیدا بووە بە پسپۆریی هەموو کەسێک.