ئايا دافۆس نایەكسانی كەم دەكاتەوە؟

 

 

 

 

عەلی مەحمود

 

 بەشی یەكەم 

كۆڕبەندی ئەمساَلی دافۆس 55 وەك  ساڵانی رابردوو لە چیاكانی ئەڵپ لە شارۆچكەی دافوس لە 20 بۆ 24ی ئەم مانگە  لە ژێر دروشمی  (   هاوكاری لە پێناو سەردەمی زیرەك ) , هاوكات لەگەڵ  پرۆسەی سوێند خواردنی ترامپ برێوە چوو, ملیاردێرە بەشداربووەكانی دافۆس شاگەكە ببوون بە هاتنەوەی ترامپ.  

ئەمساڵ كۆڕبەندەكە بە بەشداری زیاتر لە  3000 كەسایەتی لە ناویاندا 60 سەرۆك و سەرۆك وەزیران, زیاتر لە 1600 سەركردەی بازرگانی ، لەنێویاندا زیاتر لە 900 بەڕێوەبەری جێبەجێكار و سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لە ئەندامان و هاوبەشەكانیكۆڕبەندی دافۆس، زیاتر لە 120 داهێنەر و پێشەنگی تەكنەلۆژیای جیهانی، و زیاتر لە 170 سەركردەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە 130 وڵاتەوە بەشدار بوون.

دافۆس كۆبونە‌وەی ملیاردێر و سەرمایەدارە گەورەكانی جیهانە, كۆبونەوەی پاراستنی سەرمایەدارانی لیستی فۆربیسە, ئەوانەی سیاسەت و  ئابووری و دارایی جیهان ئەمڕۆ بەڕێوە دەبەن.

سەرمایەداری جیهانی لە  رێگای چەندین تۆڕەوە  خۆیان رێك خستووە, یەكێكیان كۆڕبەندی دافۆسە.

زیرەكی دەستكرد و  كاریگەرییەكانی لەسەر داهاتووی ئابووری جیهان, كاریگەری لەسەر كۆی بەرهەمی نەتەوەیی جیهان, لەسەر كار و ژیان, گۆڕانكارییەكان سوریا و لوبنان, جەنگی ئۆكرانیاو روسیا، جەنگی ئیسرائیل-غەزە و پرۆسەی ئاشتی ، هێرشی سەربازی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن, گرتنی دەروازی باب المندەب لە دەریای سور, تەنگژەی دەریای باشووری چین و تایوان, شەڕی تەكنەلۆژیای چیپ لە نێوان ئەمەریكاو چین   لە گرنگترین بابەتە سیاسییە گەرم و گوڕەكانی كۆڕبەندەكە بوون, لە 300 كۆبنەوە 200یان راستەوخۆ گواسترانەوە  باسیان لێوە كرا.

لە كاتێكدا ئەمەریكا بۆ خۆی گەورەترین قەتڵگاكانی لە ماوەی 55 ساڵی رابردوو بەسەر جیهاندا سەپاندووە,  هەڵگیرسێنەری زیاتر لە 80%ی جەنگە ماڵویرانكارییەكانی جیهان بووە, كەچی كۆڕبەندی دافۆس نیو سەدەیە لە ئاستیاندا لاڵ بووەو فزە ناكات, هیچكات جەنگەكانی ناكاتە بابەتی كۆڕبەندەكانی.

زیرەكی دەستكرد دەبێتە مامانی  لە دایك بوونی شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی؟؟و زیرەكی دەستكرد رۆڵی كارەبا و  ئەنتەرنێتی رابردوو دەبینێت ؟؟.

لێرە بەشێك لە بابەتی میحوەرەكانی كۆڕبەندەكە بریتی بوو لە " سەرمایەگوزاری لە مرۆڤ, پاراستنی زەوی, دروستكردنەوەی متمانە, بازاڕی ئازاد....", بەڵام خۆیان دژی هەموو ئەو پرنسیبانەن, پێشبینی دەكرێت 41% ی كۆمپانیاكان لە جیهان ئەمساڵ بەشێك لە هێزی كاریان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە.

پارساڵ  سەرۆكی تێسلا  سەرمایەكەی بۆ 440 ملیار دۆلار بەرز بووە, كەچی داوای لە كرێكارانی تێسلا كرد لە پاڵ ماكینەكانی كاركردنەكەیان شەو بخەون

گەڕان بە دوای مرۆڤایەتیدا

گەڕان بە دوای مرۆڤایەتی بوون لە سستەمی سەرمایەداریدا محاڵە, لێ لێرە لەم دافوسە 55 ساڵە  ئۆلیگارشیەكانی جیهان بە شێوازی خۆیان چیاكانی ئەڵپ بە دوای مرۆڤایەتی بووندا تەی دەكەن, وەلێ نەگەیشتن پێی نە دۆزیشانەوە,  وەك جیهانی دیلمۆن و بەهەشتی عەدەن, چیرۆكی ئەفسوناوی بۆ دەهۆننەوە بەڵام هەر ناشی دۆزنەوە.

كۆنگرە دوای كۆنگرە هەر خودی ئەمانە نا یەكسانی زیاتر دەكەن ژینگە پیستر دەكەن و شەڕ بەرفراوانترو گەورەتر دەكەن و چەكەكانیان وێرانكەرتر دەبێت, سستەمیش مەترسیدارتر, دەزگاكانی دەوڵەت دەوڵەتی قوڵ و قولتر دەبێت, دەپرسین  ئایا دافۆس ئەم شارۆچكە 10732 كەسییە بهەشتییە نوسخەیەكی باشتری سەرمایەداری پێیە بۆ مرۆڤایەتی؟, ئەم گەڕانەی سەرمایەداری بە دوای مرۆڤایەتیدا لە دافۆس شانۆگەرییەكەو لە ناچارییەوەیە, چونكە ئۆلیگارشییەكان هەست بەوە دەكەن بەهۆی خولقاندنی نایەكسانییەكەیانەوە ئابلوقە دراون لە جیهان, ئەمڕۆ راپرسییەكانی دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان دەریدەخەن نایەكسانی و پیسكردنی ژینگە و جەنگە یەك لە دوای یەكەكانیان بۆتە دێوەزمە,  ناڕەزایەتییەكان لە دژیان رۆژو ساڵ لە دوای ساڵ رێكخراوترو رادیكاڵترو فراوانتر دەبن, ئەوانیش چارەسەریان تا ئێستا بۆ ئەم نەخۆشیە كوشندەیە نەدۆزیوەتەوە, تاكو ئەوان جیهان هەڵسوڕێنن ناشی دۆزنەوە, چونكە ڤایرۆسی دەردەكانی جیهان هەر خۆیانن, نەخۆشییەكە لە گیرفانەكانی ئەواندایە نەك لە چارەسەرییەكانیان. 

نایەكسانی زیاتر دەبێتەوە

دافوس شوێنی یەكتر بینینی ئەوانەی هۆكاری كێشەكانی نایەكسانی و پیسی ژینگەو شەڕن. لەم 55 ساڵەی تەمەنی كۆڕبەندی دافوسدا  ژمارەی دانیشتوانی زەوی لە 3,7 ملیاردەوە بۆ زیاتر لە  8,09% ملیارد زیادی كرد. لەو ماوەیەدا ژمارەی ملیاردێرەكان سەدان جار زیادی كرد, بۆ یەكەمجار لە مێژوودا 16 ملیاردێری خاوەند زیاتر لە سەت ملیار دۆلار هەیە لە جیهان, چواریان سەرمایەكەیان لە سەروی 200 ملیارەوەیە, یەكیان 440 ملیار دۆلار سەرماكەیەكی ئەویش ئیلۆن ماسكە, پارساڵ بیزۆس پاڵەوانی ژمارە یەكی سەرمایەداران بوون, ئەمساڵ رۆڵی خۆی دا بە ماسك, غەزە تەخت بووو ئۆكرانیا خوێنی لێ دەبارێت, بەفری گرینلاند توایەوەو ترامپ چاوی تێ بڕیووە, گەرمای هیندستان تینی سەند, خۆڵبارینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سییەكانی لەكار خست, كەچی ئەمان هێشتا حەكایەتەكانی رابردوو دوبارە دەكەنەوە, باسی ژینگەو ئاشتی و یەكسانی دەكەن, تەنانەت بەخششەكانی گیتس و بافێت و 200 لە هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هیچی لە دەردو بەڵاكانی سەرمایەداری وەك زەكاتەكەی لە مەڕ خۆمان چارەسەر نەكرد, بگرە قەیرانەكان توندتر بونەوە. 

گیتس وێڕای بەخششەكانی لە دەیەی رابردو گەیشتە 45 ملیار دۆلار, كەچی 113 ملیار دۆلار قازانجی كردووە سەرمایەكەی بووە بە 166 ملیار دۆلار, رۆژانە داهاتی 1,3 ملیۆن دۆلارە. وارن یافتیش بەخششترین سەرمایەداری جیهانە سەرمایەكەی تەنها لە 4 ساڵی رابردوو 55 ملیار دۆلار  زیادی كردوە بووە بە 145 ملیار دۆلار, هەرچەندە لەو ماوەیەدا 27,54 ملیار دۆلار بەخششی كردووە.

ماویەتی