ئاوو ئاگر بۆتە مۆتەکەی پایتەخت

دێرین جەمال

 

ڕوداوە سروشتیەکان ھۆکارێکن بۆ کارەسات

کارەسات و ڕوداوە سروشتیەکان لەھەموو جیھاندا ڕودەدات ، قەبارەی زیانەکانی دوای ڕوداوەکە پەیوەستە بە ھەڵکەوتەو شوێنی جوگرافیای کارەساتەکە تێیدا ڕوی داوە ، بەڵام لەم ھەرێمەی ئێمەدا بەتایبەت شاری ھەولێر ڕۆژ بەڕۆژ  ڕوداوەکان ڕوو  لە زیاد بونە ، ھەر چەندە ھەڵکەوتەی جوگرافیاکەی بەو شێوەیە دژوار نیە تا کارەساتی زۆر گەورەی تیا بکەوێتەوە ، بەڵام لە ھەر ڕوداوێکدا بەھۆی  زۆری  قەبارەی زیانەکان  کارەساتی لێدەکەوێتەوە،  بەجۆرێک خەڵکی ترسیان لێنیشتووە ھەرکاتێک پەڵە ھەور بەئاسمانەوە دەبینن ئارامیان لێ ھەڵدەگیرێ و ھەستدەکەن لەگەڵ داکردنی باران زیانەکان بەقەدەر بارانەکە بەسەریاندا دەبارێت ھەرچەندە  باران  ڕەحمەتێکی خودایە بەڵام بۆ  ئەوان  دەبێتە زەحمەت و ماڵەکانیان پڕ ئاو دەبێت شوێنێک نامێنێت بۆ ئارامی ژیانیان ، ئەگەرلەخەمی بارانا نەبن ئەوادەبێت لە خەمی شوێنی  کارەکانیان  بن.

ڕوداوە سروشتیەکان و زیانەکانی 

بەداخەوە ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات دەیبینین دووبارە بونەوەی ڕوداوەکانە وەک زنجیرەیەک وایە بەدوای یەکدا ، ھەر ڕۆژەو بازاڕێک ئاگر دەگرت و دەسوتێت ، پێی نازانرێت لەگەڵ  سوتانی ھەر شوێنکارێکی ھاوڵاتیەکان دەرون و ھیوای چەندساڵەیان دەسوتێت،  ئەو بەرھەمەی چەندین ساڵە بەڕەنج و ماندوبونێکی زۆر پەیدا کراوە لەماوەی چەند کاژمێرێکدا دەبێت بەخۆڵەمێش ، ئەمە جگە لەوەی ئەوشوێن کارانە مێژوویەکی دێرینیان ھەیە وەک ناسنامەیەک وایە بۆ شارەکە ، بەداخەوە خاپور دەبن و جوانیەکەیان و مێژووکەیان لەدەست دەدەن .

ھۆکاری گومان کردن لەدوبارە بونەوەی ڕوداوەکان

بێگومان  لەناخی ھەرتاکێکی ئەم ھەرێمەدا ئەم پرسیارە دروست بووە دەبێت ھۆکار چی بێت بۆ دوو بارە بونەوەی ئەم  ڕوداوانە ؟! 
ئەم  ڕوداوانەی کەلەئێستادا ڕودەدات دەبێت ھۆکارێک ھەبێت بۆ زیادبونیان  لە حاڵەتەوە خەریکە دەبێت بەدیاردە ڕەنگە ھۆکارەکەی جگە لەقەدەری ئیلاھی و سروشتی ئەمانەبن 
-کاتێک بارانێکی زۆر بەخوڕ دەبارێت ئاوێکی زۆر لەشەقامەکاندا کۆ دەبێتەوە دواتر ماڵ و گیانی ھاوڵاتیان دەکەوێتە مەترسیەوە ، ھۆکار بۆ کۆ بو نەوەی ئەو ئاوە زۆرە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بەڵێندەرەکان و ئەندازیارەکان کاتێک بەباشی کارەکەیان ئەنجام نەداوە بەرپرسن لەوڕوداوە ، بەڵام بەداخەوە نەمان بینی بەڵێن دەرێک یان ئەندازیارێک  سزا بدرێت  لەبەرامبەر ئەوەی کارەکەیان بەباشی ئەنجام نەداوە.
- ئاگرکەوتنەوە ، بێ گومان ئەمەیان زۆر زیاتر پرسیار ھەڵدەگرێت و گومانەکان زۆر تر دەکات ، کاتێک ڕوداوی ئاگر کەوتنەوە یەک ڕودەدات ئەگەر سەرچاوەی ئاگرکە شۆرتی کارەبا بێت بەوشێوە خێرایە تەشەنە ناکات بەسەدان دوکان بسوتێت ، مەگەر بەدەستی ھەنقەست مادەی سوتێنەر بەکار بھێنرێت بکرێت بەسەر کەل و پەلەکاندا ، ئەو کارەش لەلایەن کۆمەڵە کەسانێکەوەبێت بۆ چەند مەرامێکی خۆیان مەست لێیان ئەمانەبێت 
- شاری ھەولێر بە ھۆکاری ئەوەی  پایتەخی  ھەرێمی کوردستانە ، زۆرێک لە کونسوڵخانەی وڵاتانی تێدایە چەندین کەسایەتی  سیایی و   بیانی ڕووی تێدەکەن ، لەھەمان کاتدا فڕۆکە خانەو  شوێنی گەشتیاری و  مانەوەی بۆ گەشتیاران تێدایە،  ڕەنگە ناحەزان بۆ ناشرینکردن و ناسەقام گییری پایتەخت ئەو کارە بکەن.
- یان ھۆکاریی  ململانێی سیاسی بێت  ، زۆر کات شەقام دەوروژێت پرسیار زۆر دەبێت بەرامبەرداھاتو بوجەی ھەرێم  ، لەو کاتانەدا بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەم ڕوداوانە ڕودەدات  ، ھەموو میدیاکان دەبن بەنیشاندەری ئەوڕوداوە   ، ھەموو پرسەکان لەبیری خەڵک دەبرێتەوە.
- یان دەستی ناپاک و نەفس نزم ، بۆدزینی کەل و پەلی ناو دوکانەکان بێت  .
-یان ،، ڕەنگە !بۆ؟ سەدان پرسیار لەناخماندا..
بەو ھوایەین لایەنی پەیوندیدار زیاتر چاو کراوەو دوربین بن بەرامبەر ئەم کارەساتانە، چیدی خەڵکی پایتەخت ئاو ئاگر وەک مۆتەکە سەیر نەکەن ، ژیانیان و ڕەنجی چەند ساڵەیان بەبا نەڕوات ..

سەرچاوە : ئاوێنە