ئاماری ورد لەبارەی رێژەی مردن و لەدایكبون لە هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكرێت

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایدەگەیەنێت، ساڵ بە ساڵ لە هەرێمی كوردستان، مردنی دایكان و منداڵان كەمیكردوە، بە جۆرێك لە ساڵی 2011 تا 2022 مردنی دایكان و منداڵان تا ئاستی خواروی جیهانی دابەزیوە، لە كاتێكدا لە وڵاتانی دواكەوتو، یەكێك لە كێشە تەندروستییەكان، بەرزیی ڕێژەی مردنی دایكان و منداڵانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی  (WHO)، تەنیا لە ساڵی 2021، نزیكەی 287 هەزار دایك لە كاتی منداڵبون (یان 42 ڕۆژ دوای كاریگەرییەكانی منداڵبون) گیانیان سپاردوە، ڕێژەی 95%ی ئەو مردنەش لەو وڵاتانە بوە، كە داهاتی نزم و مامناوەندیان هەیە و كەرتی تەندروستییان وەكو پێویست نییە، 87% ی ڕێژەی ئەو مردنەش، لە وڵاتانی باشوری ئەفریقا و باشوری ئاسیا بوە.

 لە وڵاتانی دواكەتودا، بۆ هەر 100 هەزار دایكێك لە ساڵی 2020، نزیكەی 430 دایك مردون

هەر بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە وڵاتانی دواكەتودا، بۆ هەر 100 هەزار دایكێك لە ساڵی 2020، نزیكەی 430 دایك مردون، بەڵام لە وڵاتانی پێشكەوتودا بۆ هەر 100 هەزار دایك، 12 دایك مردون. لەسەر هەمان بنەما، بە پێی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2021، بۆ هەر 100 هەزار دایكێك لە هەرێمی كوردستان، 23 دایك مردون و لە ساڵی 2022 ڕێژەكە زیاتر دابەزیوە و بۆ هەر 100 هەزار دایكێك 16 دایك گیانیان سپاردوە، بەو پێیەش هەرێمی كوردستان لەم ڕوەوە ڕێژەی مردنی دایكانی لە هەریەك لە وڵاتانی وەكو سعودیە، توركیا، سوریا، میسر، ئەردەن، عێراق كەمترە و لە پێوەری وڵاتانی زۆر پێشكەوتو لە كەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی نزیكبوەتەوە.

كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بە نەخۆشخانەكانی دایكانەوە، پێهەستانێكی كارایانەیان لە تۆماركردنی نزمترین ڕێژەی مردن لە ساڵی 2022 بینیوە

مەترسیدارترین هۆكارەكانی مردنی دایكان لە كاتی سكپڕی، منداڵبون یان لە دوای كاریگەرییەكانی منداڵبون، بریتین لە خوێنبەربونی توند، هەوكردن، بەرزەفشاری خوێن، لەبارچون. لەم ڕوانەوە كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بە نەخۆشخانەكانی دایكانەوە، پێهەستانێكی كارایانەیان لە تۆماركردنی نزمترین ڕێژەی مردن لە ساڵی 2022 بینیوە و ڕۆڵیان لە پاراستنی ڕێژەیەكی بەرزی گیانی دایكان هەبوە.

پێنوێنێكی دیكەی پێشكەوتنی كەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی، بریتییە لە ڕێژەی مردنی منداڵانی تازە لەدایكبو و منداڵانی خوار یەك ساڵی و منداڵانی خوار پێنج ساڵ.

 لاوازترین ماوەی تەندروستییەتی؛ لە ساڵی 2020، نزیكەی 2.4 ملیۆن منداڵی تازەلەدایكبو لە جیهاندا گیانیان لە دەستداوە

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، مانگی یەكەمی ژیانی منداڵی لەدایكبو، لاوازترین ماوەی تەندروستییەتی؛ لە ساڵی 2020، نزیكەی 2.4 ملیۆن منداڵی تازەلەدایكبو لە جیهاندا گیانیان لە دەستداوە، زۆرترین ڕێژەی مردنی منداڵانی تازەلەدایكبو لە وڵاتانی باشوری كیشوەری ئەفریقا، بۆ هەر هەزار منداڵێك 27 منداڵ بوە، دواتر ناوەڕاست و باشوری ئاسیا بۆ هەر هەزار منداڵێك، مردنی 23 منداڵ بوە و پلەی دوەمی گرتوە.

 لە 10 ساڵی ڕابردودا واتە لەساڵانی 2011-2020 ڕێژەی مردنی منداڵان بە بەردەوامی كەم بوەتەوە

بە پێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە 10 ساڵی ڕابردودا واتە لەساڵانی 2011-2020 ڕێژەی مردنی منداڵان بە بەردەوامی كەم بوەتەوە، بە جۆرێك لە ساڵی 2022 گەیشتوەتە نزمترین ئاستی خۆی، لە ساڵی 2011، ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵ، بۆ هەر هەزار منداڵێك، 32 منداڵ بوە، مردنی منداڵانی خوار یەك ساڵییش، بۆ هەر هەزار منداڵێك، 28 منداڵ بوە، هەروەها بۆ منداڵانی خوار یەك مانگی، بۆ هەر هەزار منداڵێك، 21 منداڵ بوە.

ئاماری مردنی منداڵان بەهۆی پێشكەوتنی زیاتری كەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، زۆر دابەزیوە

لە ساڵی 2022، ئاماری مردنی منداڵان بەهۆی پێشكەوتنی زیاتری كەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، زۆر دابەزیوە؛ مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵ بۆ هەر هەزار منداڵێك، 10.2 منداڵ بوە، مردنی منداڵانی خوار یەك ساڵی، بۆ هەر هەزار منداڵێك، 8.7 بوە، مردنی منداڵانی خوار یەك مانگییش بۆ هەر هەزار منداڵێك، 5.8 منداڵ بوە.

 ڕێژەی مردنی منداڵانی لە پێش وڵاتانی وەكو بەحرێن، ئێران، عێراق و یەمەنەوەیە

لەو چوارچێوەیەدا، بە پێی ئاستی جیهانی كە بۆ هەر هەزار منداڵێك، مردنی 18 منداڵ بوە)، هەرێمی كوردستان 5.8ی تۆمار كردوە، بەوەش ڕێژەی مردنی منداڵانی لە پێش وڵاتانی وەكو بەحرێن، ئێران، عێراق و یەمەنەوەیە و لە ڕێژەی قەتەر و ئیماراتەوە زۆر نزیكە.

لە بارەی مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵی، ئاستی جیهانیی مردنی منداڵان كە بۆ هەر هەزار منداڵێك، 37.7 منداڵ بوە هەرێمی كوردستان لە 2022 ، مردنی 10.2 منداڵی بۆ هەر هەزار منداڵێك تۆمار كردوە، بەوەش زۆر لە ئاستی جیهانییەوە كەمتر بوە و لە خوار وڵاتانی ئەردەن و عێراقەوەیە.

هۆكاری سەرەكیی مردنی منداڵانی تازە لەدایكبو و منداڵانی یەك ساڵی تاكو پێنج ساڵی، بە گشتی بریتییە لە لەدایكبونی پێشوەختە، هەوكردنی سییەكان، سكچون، كەموكوڕی لە پرۆسەی لەدایكبون، مەلاریا، بەدخۆراكی، خنكان و كێشەی هەناسەدان.

لەم ڕوەوە، كەرتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بواری لەدایكبون و چاودێریی منداڵاندا، ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە، تا بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەكان و تازەترین پێشكەوتن، ژیانی زۆرترین منداڵ بپارێزێت.

 

سەرچاوە خەندان