ئاشتەوایی یاخود هەڵمەتێکی داپۆشراو بۆ مانەوە !

چیا عەباس

 

کاتێک لە ئاوێنەی یادەوەریەکانی مێژو دەروانم و چاو بەدوای وێنە دڵگیرە دێرینەکانی سەردەمەکەدا دەگێرم، هەستێکی خەستی ماتەمینی و خەفەت ناچارم دەکات گەشتەکەم لە فەرسەخێکدا رابگرم تا ساویلکانە حنان نەکەمە چرا و پاشای ئایندە.

کۆمەڵێک هێز و ئاراستە و کەسایەتی لەم دۆخە دژوارەی هەرێمدا بانگەشە بۆ ئاشتەوایی دەکەن و کاریشی بۆ دەکەن. دروشم و چەمكیکی سەرنج راکێشەر کە راستەخۆ لای گوێگر تەزویەکی دڵخۆشی و ئومێد دەوروژێنێت.

بەدەگمەن بانگدەرانی ئەم بانگەشەیە دەست لەسەر هۆکار و زامەکانی نائاشتەوایی دادەنێن، زیاتر لە چوارچێوەی چەمکە گشتیەکانی حزب و سیاسەت و نیشتمان و نەتەوەدا دەیجونەوە، زیاتر بۆ ئەمەش بەردەوام خەتمێکی حزبی لە بەرگی پەیامەکانیان دەسون.

گۆڕانی ئەم سەردەمە یەکێکە لەو هێزانەی بەخەستی کار لەسەر ئاشتەوایی ناوخۆیی دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستە و لێژنە و بەرپرس و سەرکردە و هەڵسوراوانی خۆی بەخەستی سەرقاڵی پینە و پەرۆکردنی جومگە لێکتراوەزەکان و رازیکردنی هەڵسوراوە زویرەکان و کادرە یاخیبوەکانن.

ئەم هەڵمەتە خەست و چر و پڕەی گۆڕان لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرڵەمان بەزەقی بەرچاوە، بۆخۆم پاش شکستە کەمەرشكینەرەکەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی بەغدا ناهەقیان ناگرم، بەڵام وەک وتراوە خەستی و گەرمی هەڵمەتێک بەستەڵەکی چەندین فەرسەخ ناتوێنێتەوە، ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بۆ ئاشتەوایی راستەقینە و تۆکمە پێویستی بە وەڵامە راستگۆ و واقعی و نیەت پاکەکانە.

سەدان هەڵسوراوی دڵسۆزی گۆڕان کە پێش دروستبونی بزوتنەوەکەش بەهەمو توانایەکەوە خۆبەخشانە و ئارەزومەندانە هاریکاری کاک نەوشیروان بون بۆ دروستکردنی گۆڕان. لە دەرەوەی وڵاتیش بە هەمان نیەت و پەرۆشیەوە توانرا گۆڕان ببێتە هێزێکی سەرەکی بنەرەتی گۆڕەپانی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد لە تاراوگە، کاک نەوشیروان مانداتی دابو بەو هەڵسوراوانە هەر کاتێک لە بزوتنەوەکەدا نادادی و گەندەڵی و تاکرەوی و لادان بەدیکرا بێنە سەرخەت و ژیان بکەن بەبەری سەکۆی راستەقینەی گۆڕاندا.

کاک نەوشیروان بە نەخۆشی و لەدەرەوەی وڵات ناچار بو بە دروستکردنی گروپی راوێژ تا هاوکارە دێرینەکانی کە لە غیابیدا کەوتبونە گیانی یەکتر هێور بکاتەوە.

دوای وەفاتی هاوکارە دێرینەکانی شەری پێگە و دەسەڵاتیان خەستتر و قێزەوەنتر کرد، دەسەڵاتێکی دێرینی گۆشەکراوی چەمکە رێکخراوەییەکانی پاشقول گرتن و پشت لەیەکترکردن و کەمکردنەوەی یەکتر عەرشی کاک نەوشیروان یان گرتە دەست. دواتر تا دەهات رەفتار و هەڵوێستی ئەم تاقمە لە ناو گۆڕان و سیاسەت و حوکمرانی هەرێم و لۆکاڵیەکان لادانی زەق بو لە پرەنسیپەکانی چەمکی گۆرانکاری.

دەستەیەک لە هەڵسوراوانی گۆڕان ناچار بون سەکۆکەی کاک نەوشیروان بکەن بەبەرگی کارنامەی پرۆگۆڕاندا، بە کورتی پرۆژەی چاکسازی بو لەناو گۆڕاندا، تاقمی گردەکە نەک هەر گوێشیان نەگرت بەڵکو کەوتنە دروستکردنی تۆمەتی پوچەڵ و گەیشتە ئاستێک هەڵسوراوە نارازیەکەن لە وڵات و دەرەوە بە مزاجی شەخسیان دەربکەن و سریان بکەن. زیادە بۆ ئەمانەش کەوتنە مەدحکردنی چەند هەڵسوراوێکی گۆران لە دەسەڵاتی حوکمرانیدا کە دزی و فزیان بۆ خۆیان دەکرد و بەتەنیشتیشیەوە جزدانێک وردەیان بە گۆڕان دەدا.

بانگدەرانی ئاشتەوایی ناو گۆڕان، پێمان نالێن کێن ئەوانەی ئارامی و هۆمۆجینی و ئاشتی ناو گۆڕانیان بەشێوەیەک تێکداوە کە بە بانگەشەیەک بۆ ئاشتەوایی تەنها پینە و پەرۆش ناکرێت. هەڵسوراوی رەسەن و بەئەمەکی چەمکی گۆرانکاری داواتان لێدەکەن کە پێش هەر بانگەشە و هەنگاوێک بزوتنەوەکە بەفەرمی داوای لێبوردن لە دەنگدەر و هەڵسوراوان بکات، راشکاوانە دان بە لادان و هەڵەکانیاندا بنێن، ئامادەبن دەست لەکار کێشانەوەکەیان یەکسەر و لە ئەرزی واقعدا جێبەجێ بکەن، ئەو دەستەیەی بۆ ئاشتەوایی دانراوە راستەوخۆ و راشکاوانە بکەوێتە دیالۆگ لە گەڵ ئاراستە و رەوت و گروپە نارازیەکان بە مەرجی داننان بە کەسایەتی مەعنەویان نەک لە نێو چوار دیواری دەستەکەدا، هەموش رێکبکەون لەسەر دروستکردنی دەستەیەکی کاتی کە تا سازدانی کۆنفرانسێکی گشتی بۆ بوژاندنەوەی هزری گۆرانکاری دەسەڵاتی تەواوی هەبێت تا ئاشتەوایی تۆکمە و راستەقینە لە گەڵ دەنگدەرانی گۆرانکاری و هەڵسوار و دۆستەکان بکاتە ئەمرێکی واقع. ئەمە رێگە دروستەکەیە، دوریش نیە حنان و وێنەکانی مێژو لەم شێوازە پرۆسەیەدا رۆڵی کاریگەر و هەستیاریان هەبێت.

بەپێچەوانەوە وەک دەڵێن: دەنگی دەهۆڵ لە دورەوە خۆشە

 

سەرچاوە : سپی میدیا