ئاسایشی هەولێر بە جل و بەرگی مەدەنییەوە دوو چالاکوان دەڕفێنن و دواتر دەیانبەنە ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، تا ئێستاش خانەوادەکانیان بێ ئاگان لەوەی بۆچی و لەسەرچی ڕفێندراون، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، ئەو دوو چالاكوانە بە تۆمەتی بانگەوازیی بۆ ئاهەنگی نەورۆز دەستگیرکراون.
ئێوارەی ١٩ـی ئادار هاوڕێ کوردی یەکێک لە چالاکوانەکانی هەولێر لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، کە جلی مەدەنی و ئۆتۆمبێلی مەدەنیان پێبووە دەیڕفێنن و دەیبەنە ئاسایشی هەولێر.
بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دوای ئەوەی هاوڕێ کوردی چالاکوانێکی دیاری شاری هەولێر لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە دەڕفێندرێت، دواتر دەبرێتە ئاسایشی هەولێر، هاوکات، ئێوارەی دوێنێش براوەتە ئاسایشی گشتی هەولێر.
هاوکات، ئێوارەی دوێنێ زێوەر کوردی یەکێکی دیكە لە چالاکوانە دیارەکانی هەولێر، دوای ئاگادارکردنەوەی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاری نیشتەجێبون بانگهێشتی ئاسایشی هەولێر کراوە لەگەڵ گەشتنی بە نزیک ئاسایش، لەلایەن کۆمەڵێک ئاسایشەوە بە لێدان و بە زۆر دەخرێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە و تا ئێستاش کەس نازانێت بۆ کوێ براوە.
هەر بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، هەردوو چالاکوان ” هاوڕێ کوردی و زێوەر گەردی، لەسەر بانگەوازی بۆ بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل دەستگیرکراون، کە لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە دیجیتاڵ میدیا بڵاویان کردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، ئەم کارەی ئاسایشی هەولێری پەدەکە لە کاتێکدایە، هیچ مادەیەکی یاسایی نییە، کە بانگەشە و بانگەوازی بۆ ئاهەنگی نەورۆز قەدەغە بکات لە هەرجێیەکی کوردستان بێت، بۆیە گومان دەکرێت هاوشێوەی سیناریۆکانی دیكە ئاسایشی پەدەکە بۆ ڕەوایەتیدان بەو کارە بێ یاساییەی بە سیناریۆیەکی ئەکشن ئاسا ڕەوایەتی بدات بە کارە نایاساییەکانی خۆی.
سەرچاوە : هاوڵاتی