ئاسایشی خۆراک و ئاو لە جیهان و هەرێمی کوردستان

لە روانگەی یاساوە

 شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سمین

ئێستا لە جیهاندا یەکێک لە بابەت و هەواڵە جیهانی و ناوخۆییەکان کە بەردەوام بە گەرموگوڕی لەسەری رادەوەستن و گەنگەشەی دەکرێت ئاسایشی خۆراک و ئاوە، ئەوەش بەهۆی گرنگی بەرچاو و بوونی پەیوەندی راستەوخۆی بە تەندروستی و ژیانی تاک و ئاسایشی کۆمەڵگەوە، هەروەها بەهۆکاری ئەوەی ئاسایشی خۆراک  بە سەرمایەی گەورەی نیشتمانی ئەژمار دەکرێت و هۆکاری سەرەکی سەلامەتی و خۆشگوزەرانی تاک مسۆگەر دەکات.
بەڕوانین لەو چەند دێڕەی پێشەوە لەم گۆشەیەوە بە زنجیرەیەک ئاماژە بەکۆی وردەکارییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراک و ئاو دەدەم لەڕووی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە لەگەڵ خستنەڕووی کۆی یاسا و رێسا بەرکارەکانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراک و ئاوەوە لە هەرێمی کوردستان و لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکان بەیان دەکەین، کۆی پێشنیاز و راسپاردە پەیوەندیدارەکان روون دەکەمەوە لەپێناو سوودی گشتی و سەلامەتی تاک و کۆمەڵگە.
مەبەست لە ئاسایشی خۆراک و ئاو چییە؟
پێناسەکان لەڕووی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی زۆرن و سادەترینیان بریتییە لە سەلامەتی و کوالێتی خۆراک و ئاو بەجۆرێ تاک دڵنیابێت لە تەندروستی و بەرزی جۆری بەبێ بوونی گومان بەکاریان بهێنێت و پێویستییەکانی پێ پڕبکاتەوە.
ئاسایشی خۆراک و ئاو چی دەگرێتە خۆی؟
بە گشتی ئەم تەوەرانە دەچنە چوارچێوەی ئاسایشی خۆراک و ئاوەوە:
1- بوونی خۆراک و ئاوی تەندروست لە وڵات و هەرێمدا.
2- بەردەستبوونی بڕی پێویست و داواکراو لە بازاڕ و خزمەتگوزارییدا.
3- سەبارەت بە خۆراک پێویستە تاک توانای کڕینی هەبێت.
4- دەبێت خۆراک و ئاو کوالێتییان بەرزبێت.
5- بەکارهێنان و خواردنیان بە سوود و پڕ بەها بێت.
ئاسایشی خۆراک و ئاو چۆن فەراهەم دەکرێت؟
لەڕووی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە  بە خستنەکاری بنەما یاسایی و رێنماییەکانی پەیوەندیدار و چالاککردنی دەزگاو دامەزراوە دیاریکراوەکان هەوڵدەدرێت باشترین هەنگاو بگیرێتەبەر لەپێناو فەراهەمکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاو، ئەوەش بە گرتنەبەری سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان دەبێت بڕیاری لەسەر دراوە و هۆکار دەبێت بۆ دڵنیایی بەکارهێنان و سوودمەند بوون.
لەم روانگەیەوە سەرجەم وڵاتان و خاوەن سنوورەکان هەوڵدەدەن بازگە و سنووری هاوردە و ناردنی خۆیان توندوتۆڵ بکەن بە دانانی کەسانی شارەزا و کوالێتی کۆنترۆڵ و لێپرسینەوە و چاودێری پێویست بەجۆرێک نیشتمانی ناردەنی و هاوردە بۆ کراو ئەرکی کەمی بەدواداچوونیان بکەوێتە ئەستۆ.
ئەم هەنگاوە بەگرنگترین هەنگاوی چارەیی دادەنرێت بۆ مسۆگەرکردنی دڵنیایی جۆری و چەندێتی ئاسایشی خۆراک و ئاو، چونکە یەکەمین و سەرەتایترین دەروازەی هاتنەناوەوەی خۆراک  بەتایبەت لێرەوە دەستپێدەکات.
کۆی وردەکارییەکان لەڕووی رێکارە یاساییەکان و کارگێڕییەکان و چۆنیەتی پابەندبوون و سزادانی سەرپێچیکاران و لە گۆشەکانی داهاتوو پەیوەست بە ئاسایشی خۆراک و ئاو لەڕووی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی باسدەکەم.

سەرچاوە :کوردستانی نوێ