ئازادی بۆ کاک فازڵ میرانی !

 

مەحمود یاسین كوردی

 

لە دوای ریفڕاندۆم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەمانی کاک مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دۆخی هەرێم بەرەو ئاڵۆزی و گرژی و بەرتەسککردنەوەی ئازادی سیاسی و رادەربڕین چووە، گۆڕانکاری لە هاوکێشەی دەسەڵات و هاتنە پێشەوەی نەوەی دووەم و سێیەمی بنەماڵەکان بۆ سەر شانۆی حوکمڕانی هێندەی دیکە هەرێمەکەی لە رووی دیموکراسی و ئازادی بەرەو دۆڵێکی نادیار بردووە.

دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە دەسەڵات و کۆنگرەی چواردەی پارتی و دەستنیشانکردنی دوو جێگر کە نازاندرێ کێ جێگری یەکەمەو کێ جێگری دووەمە هەر دوو زۆنەکەی خستووتە بەردەم رێچکەی تاکڕەوی!.

ئازادی و دیموکراسی لە نێو خودی حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش قەتیس بووتەوە ئەگەر رۆژگارێک (جەوهەر نامیق)ـی رەحمەتی بەیاننامە لە دژی سەرۆکی حیزبەکەی لە دژی داگیرکردنی باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان لە ٣١ی ئاب دەرکرد بێت یان جێگرانی سکرتێری گشتی و باڵی ریفۆرم یاداشتی نارەزایەتییان دابێتە تاڵەبانی و بڵێن بەسە تەمەنت گەورە بوو و برۆ خانەنشین بە، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە حاکمی فیعلی هەر دوو زۆنەکە کوڕە گەورەکانی مام جەلال و کاک مەسعودن!

لەم رۆژانە هەموومان چاوەڕێی دیدارەکەی (کاک فازڵ میرانی) بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی بووین لە کەناڵی رووداو بەتایبەتی بۆ من کە زیاتر لە دەرەوە چاودێری دۆخەکە دەکەم بە دیاریکراوی ١١ ساڵە ئەگەر نەڵێم هەمووی بەڵکو زۆربەی چاوپێکەوتن و لێدوانەکانی ئەو سەیر دەکەم بە کوردی و بە عەرەبی تەنانەت وتارەکانی لە بەشی بیڕوای رۆژنامەی (الزمان)ـیش دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی بزانم ئاراستە جیاوازەکەی دیکەی ناو پارتی چ دەڵێن!

بە هەر حاڵ کەناڵی رووداو ریکلامێکی زۆری کرد کە کاک فازڵ میرانی میوانەو چەندین قوتابی خۆیان بۆ پرسیاری سەخت لەو بەرپرسە باڵایەی ئامادە کرد بوو کەچی لە ناکاو  (جێگری دووەمی) سەرۆکی پارتی تەلەفۆن بۆ کاک فازڵ دەکات و دەڵێ یان بەرنامەکەی رووداو یان مەکتەبی سیاسی!

ئێ کابرا سێ ساڵ پێش ئەوەی جێگری دووەمی حیزب لە دایک بێت ئەندامی حیزبە وەکو خۆی دەڵێ لە ٦٦وە پینەدۆزی بۆ حیزب دەکات ئیتر ناچار ئەوەی دووەمی هەڵبژارد و بەرنامەکە نەکرا.
بۆیە بەرتەسک کردنەوەی ئازادی لە سەر ئاستی دەرەو و ناوەخۆی حیزب رۆژ بە دوای رۆژ بەرەو داخران دەروات  ئەگەر هێزەکانی دیکەو میللەت دەستوبرد نەکەن ئایندەیەکی خراپ چاوەڕێمان دەکات!

سەرچاوە : خەندان